کێ گەمژەیە..؟ ئاگات لە دەمت بێت..!

‌تـوانــا ئەمین

ئایا نووسەر دەتوانێت بێتە فەیسبووکەوە؟ ئەی بۆ ناتوانێت خۆ سێبەڕۆی نییە! بێگومان دەتوانێت و دێتیش و لێرەیشە. مارك زوكەربێرگ (دامەزرێنەری فەیسبووك) کارێکی نەکردووە بتوانیت بە ئاسانی لەدەرەوەی جیهانەکەی بژیت، مارک وەك جادووكەرێكی زیرەك، هەر جلەكان نــا، پەنهانییشی پێ داكەندین، ئەوەی ئەو كردی، هیچ ئاین و ئایدۆلۆژیا و قوتابخانەیەكی فیكری پێی نەكراوە. هیچ ڕەوتێك لە مێژوودا نەیتوانیووە لە ماوەی ١٠ ساڵدا، یەك لەسەر حەوتی هەموو مرۆڤایەتی بخاتە بازنەكەی خۆیەوە و بیانكات بە هەوادار، كەچی زوكەربێرگ كردی! ئەو پیاوە بزنسمانێك نییە تەنها سەروكاری لەگەڵ پشك و دراودا هەبێت، نــــا... ئەو پیاوێكە بە غروورێكی شاهانەوە؛ لەبەردەم بازاڕێكی گەورەی بە مۆدێلكردن و فرۆشتن و گۆڕێنی ئەخلاقی ئێمەدا بە پێكەنینەوە وێستاوە، لە جیهانە قژقژەکەی ئەم پیاوەدا كە ناوی فەیسبووكە، تۆ ئازاد نیت، ئەوەشی لێرە نییە، هەر لێرەیە.

من چەند نووسەرێکی هاوڕێم هەیە کە ئێستا ناویان بڵێم ئێوە دەیانناسن، هەموویان لێرەن و ڕۆژانە سەیری کاردانەوەی خوێنەران لەسەر کارەکانی خۆیان دەکەن و ڕەنگە کۆمێنتیش بەناوی خوزراوەوە بدەن! جارێکیان بە یەکێک لەو هاوڕێیانەم وت: باشتر نییە خۆت دەرخەیت و واز لەم ئەکاونتە ساختەیە بهێنیت، لەوانەیە خوێنەران ڕووبەڕوو حەزبکەن هاوڕێی تۆبن، خەڵک بە شتی بچکلۆلە دڵیان خۆش دەبێت، ئێ چی تێدایە بڵێیت ئەوە منم؟ لەوەڵامدا پێی وتم: "خوێنەری کورد هێشتا هی ئەوە نییە پەردەی حەرەمی خۆتی بۆ لابدەیت!".

من ڕێزی بۆچوونەکەی دەگرم، بەشێک لە ڕاستی تێدایە، بەڵام بێگومان هەمووی نا، بەشە ڕاستییەکەی ئەوەیە خوێنەری کورد، وەک خوێنەرێکی سویدی ناتوانێت، لە دوورەوە بووەستێت و ماوەی نێوان خۆی لەگەڵ نووسەرێک یان هونەرمەندێک، یان میدیاکارێک، یان سیاسییەک وەک پێویست بپارێزێت... پاژە هەڵەکەی وەڵامەکە -کە بەشە گەورەکەیەتی- ئەوەیە؛ نووسەری ئێمە زیاد لەپێویست خۆی گۆشەگیر نیشان دەدات، کە لە دیوە ڕاستەقینەکەیشیدا وانین! ئەمڕا دەبینی ڕۆژانە لە نووسینەکانیاندا ئەوانی تر ؛وەک دیۆزمەیەک، وەک تارمایی، هەندێ جار وەک گەمژەیش تەماشا دەکەن، بۆیە ڕۆژانە لە نووسینەکانیاندا دەیبینین بە خەڵک دەڵێن: مێگەڵ، ڕەشەخەڵک، عەوام، گاڕان، کۆلێکتیڤ....هتد، بێ ئەوەی بزانێت؛ خەڵک داینەمۆی بەرهەم و ئەندێشە و ژیانی ئەون و ئەگەر خەڵک نەبێت؛ ئەم هیچ نییە!

نووسەری بەرازیلی (پاولۆ کۆیلۆ) کە ٣٠ میلیۆن نوسخە لە کتێبێکی دەفرۆشرێت، ئەوەتا لێرەیە، خۆی لە فەیسبووکە و دەنووسێت و لەگەڵ خوێنەرەکانی قسە دەکات. دوو ساڵ لەمەوپێش ژنە هونەرمەندی نازداری فارس (شەکیلا) لە پەیجەکەی خۆی نووسیبووی: "ئەمە منم و ئیتر هیچ نامەبەرێک لەنێوان من و ئێوەدا نەماوە".

ئێستا کە من بەناونیشانی نووسەرێکی بچووکی کورد لە فەیسبووکم و چالاکم؛ لێرەم بۆ ئەوەی ئەم وێنا خودا ئاسا و ئایدیالییەی نووسەر لەسەری خەڵکدا بشکێنم.


AM:11:38:21/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 3639 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی