ئایا خەڵاتەکەی بەختیار عەلی گرنگە؟

‌تـوانــا ئەمین


ئەم خەڵاتە پێش ئەوەی بۆ هەر کەسێک گرنگ بێت، بۆ خودی نووسەرەکەی گرنگە، لای من بەختیار عەلی لەو پێگەیە گرنگتر ناکات کە هەیەتی، چونکە کە خەڵاتیشیان نەدەدایە و لەو ئەڵمانیایە کەس نەیدەناسی لای من هەر ئەم گرنگییەی هەبووە، گرنگییەک کە بەهۆی نووسینی ٢٩ کتێبەوە لەناو مندا دروستی کردووە.. ئەگەرنا گرنگیی نووسەرێک خەڵات دیاری ناکات، دونیا پڕە لەو نووسەرە گەورانەی لە دەرەوەی خەڵاتبوون، یان هەر خەڵاتیان ڕەتکردۆتەوە، وەک ڕەتکردنەوەی خەڵاتی نۆبێڵ لەلایەن فەیلەسوفی فرەنسی سارتەرەوە..

با هەندێک پرسیار بکەین؛ ئایا بەختیار علی لە وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا؛ نوێنەری خۆیەتی یان نوێنەری ئێمەیە؟ بەتەنها نووسەرێکە بۆ خۆی، یان نووسەری نەتەوەیەکە؟ ئایا لە دونیای تازەدا؛ نووسەر و هونەرمەندی وەک خۆی و دوور لە شوناسی نەتەوەیی، ئاینی، ئایدۆلۆژی..... هەیە و شیاوەی بوونە؟ ئایا ئەم نووسەرە خۆی چۆن لە کوردبوونی ڕوانیوە؟ کوردبوون لە گوتاری ئەم پیاوەدا پێگەکەی چییە؟ ئایا هەر ئەوەندەیە؛ کە ئەم پیاوە لە ژیانیدا بە کوردی نووسیوێتی، یان (کوردبوون)ی نووسیوەتەوە؟ ئیسلام و گوتاری ئاینی دەکەوێتە کوێی کۆبەرهەمی ئەم ڕۆماننووسەوە؟ ئایا ئەم پیاوە بەتەنها ڕۆماننووسە؟ یان توێژەر و لێکۆڵەری بواری فیکریشە و چەندان کتێبی لەدەرەوەی ژانری ئەدەبی شیعر و ڕۆمان هەیە؟

ئەم بابەتانە بابەتی گفتوگۆن و خوێنەر مافی خۆشییەتی بزانێت بونیادی ئەم خەڵاتە خۆی چییە -لە دەرەوەی زانیاری ویکپیدیایی- کێ دەیدات؟ سەنگ و قورسایی لە دونیای ئەدەبی ئەوروپیدا چەندێکە؟ هەر ئەوەندەی بیستت (خەڵاتێک لە دەرەوەی کوردستان) زۆرت پێ گرنگ نەبێت، تەنها لە سوید جگە لە خەڵاتی نۆبێڵ ١٩٤ خەڵاتی ئەدەبیی تر هەیە!!! کە سوید لە چاو ئەڵمانیادا وڵاتێکی زۆر بچکۆلەیە... ئەوەی بە ویژدانەوە ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە تێدەگات، کە من جگە لەوەی ناتوانم خۆشحاڵی خۆم لە وەرگرتنی خەڵاتێک بۆ یەکێک لە باشترین نووسەرەکانی کورد و هاوڕێی خۆشەویستم کاک بەختیار عەلی بشارمەوە،

 بەڵام هێشتا دەمەوێ بڵێم؛ تۆ وەک خوێنەرێک ئەگەر لەبەر خەڵات نووسەرێکت پێ گرنگە، پێت گرنگ نەبێت، ئەو پیاوە پێش خەڵاتیش هەر گرنگ بوو... دەمەوێ بپرسم؛ بۆ هەمیشە نیگای ئەوی تر/خۆرئاواییەکمان لەسەر خۆمان پێ گرنگترە لە نیگای خۆمان؟ کەی مرۆڤی کوردی ئەم شکستە لە ڕۆحی زامداری خۆیدا چاک دەکاتەوە..؟!


PM:02:07:12/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 3560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی