تورکیاو ترس لە زیندوبونەوەی سیڤەر

‌عومەر عەلى محەمەد

بەرپرسانی ئەنقەرە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا دەگەڕێننەوە بۆ بوونی پلانێکی پێشوەختە دژ بە تورکیا بەتایبەتی لە دوای گۆڕینی سیستمی سیاسی بۆ سەرۆکایەتی و ھەڵبژاردنەوەی (ئەردۆگان) بەسەرۆک کۆماری تورکیا، لەبەر ئەوە لەو بڕوایەدان کە ئەگەر تورکیا قەشە ئەندرۆش ئازاد بکات ئەو پەیوەندییانە ئاسایی نابنەوە و ئەمەریکا سوور دەبیت لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەی خۆی و سەپاندنی کۆمەڵێک مەرجی قورس بەسەر تورکیادا.

دەسەڵاتدارانی تورکیا وای دەبینن کە ئەو مەرجانە بۆ ئەوەیە جارێکی تر تورکیا بگەڕێننەوە بۆ ژێر ھەژموونی خۆیان و واز لە خەونی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسی بھێنێت، ئەوان ئەم مەرجانە بە سیڤەرێکی دووەم لە قەڵەم دەدەن و دۆخەکەش وەک کۆتاییەکانی جەنگی جیھانی یەکەم دەچوێنن بەتایبەتی بەرامبەر بە کێشەی کورد.

لە کۆنگرەی سیڤەردا کە لە ساڵی (١٩٢٠) بەسترا، نوێنەری کورد بەسەرۆکایەتی شەریف پاشا بوو، کە دانوستکارێکی سەرکەوتوو و بەتوانا بوو، توانی جەخت لەسەر کۆمەڵە بەندێک بکاتەوە کە دان بنێت بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا، سەرەتا لە ئۆتۆنۆمییەوە دەستی پێ دەکرد و پاش ساڵێکیش دەگۆڕا بۆ مافی چارەی خۆنووسین و بونیادنانی دەوڵەتی کوردی (ئەگەر کوردەکان لە ڕاپرسییەکدا دەنگیان بۆ دا) سنووری جوگرافی ئەو دەوڵەتە دەگەیشتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەڵام وڵاتانی زلھێزی ئەو کاتە سنوورەکەیان لە باشوری ئەرمینیاوە دانابوو ھەتا دەگاتە ڕژھەڵاتی فورات .

ئەگەر سەرنج بدەین ئەو دۆخە نوێیەی ئێستا لە سوریادا دروست بووە ترسێکی گەورەی بۆ تورکیا درووست کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبینین لە دووساڵی ڕابردوودا تورکیا دەستی بە ھەڵمەتە سەربازیەکانی کردووە بۆ سەر ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای فورات و ھێرشی قەڵغانی فورات و چڵە زیتونی دەست پێ کرد و زۆر لەو ناوچانەی خستەوە ژێردەسەڵاتی خۆی، ئەویش بەمەبەستی ئەوەی کە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا لەیەک داببڕێت و نەھێڵێت بگەنە سەر دەریای ناوەڕاست، ترسی تورکیا لەوەدایە کە ‌ھەمان ئەو ووڵاتانەی پەیمانی سیڤەریان مۆرکردووە ئێستا لەناوچەکەدا ھەن .

تورکیا ھەموو ھەوڵێک دەدات کە نەھێڵێت دروست بوونی کیانێکی کوردی ببێتە حاڵەتێکی دیفاکتۆ، چونکە ئەگەر ئەوە بچەسپێت ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە مایەی زیندوبونەوەی پەیمانی سیڤەر و ئەو کیانەش لەو سنوورە بچووکەدا ناوەستێت، بەڵکو بەپیشتیوانی ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا دەتوانن سنوورەکەی فراوان بکەن و بیگەیەننە ئەو سنورانەی کە پەیماننامەی سیڤەر دیاری کردووە، لەبەر ئەوە تورکیا ھەموو جۆرە ھەوڵێک دەدات لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە کە ڕێگە لە یەکگرتنەوەی کانتۆنەکان بگرێت، بەردەوامیش فشار دەخەنە سەر ئەمەریکیەکان کە پشتیوانیەکانیان لەڕوی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ پەیەدە کۆتایی پێ بھێنن، ھەروەھا ھاوشێوەی پارتی کرێکاران بە بزوتنەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و ھاوشێوەی داعش لەگەڵ تورکیادا ھێرشیان بکاتەسەر، لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ عێراق و ئێراندا لە ھەوڵی داڕشتنی پلانێکی سەربازی دایە بۆ ھێرش کردنە سەر قەندیل، تورکیا لە ئێستا دا لە ڕووی سیاسییەوە ھەمان سیاسەتی کەمالەییەکانی دوای جەنگی جیھانی یەکەمی ھەیە بۆ ڕێگرتن لە دروست بوونی دەوڵەتێکی کوردی. کەمال ئەتاتورک بە ناچاری دانی نا بە پەیمانی سیڤەردا بەڵام دواجار بەھۆی ھەندێک پلانی سیاسیەوە توانی خۆی لە جێبەجێکردنی بدزێتەوەو پەیمانی لۆزان لەگەڵ ئەو ووڵاتە زلھێزانەدا مۆر بکات، ئەتاتورک بۆ خۆدزینەوە لە پەیمانی سیڤەر پەنای بۆ ڕوسیای بەلشەفی بردوو بۆ ئەم مەبەستەش چەندان ڕێکەوتنی سەربازی لەگەڵدا مۆرکردن، بەم ھۆیەشەوە توانی چەند سەرکەوتنێکی سەربازی بەسەر یۆناندا بەدەست بھێنێت و بەمەش ئەتاتورک بووە سەرکردەیەکی کاریزمای تورکەکان و مەترسیشی لەسەر فەرنساو بەریتانیا و ئەمەریکا درووست کرد، کە ئەگەر لەپەیماننامەی سیڤەر پەشیمان نەبنەوە ئەوا بەتەواوی دەچێتەپاڵ ڕوسیا و ڕۆڵی ئەوان بەتەواوی لەناوچەکەدا لاواز دەکات، ئەو ووڵاتانەش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا لە پەیماننامەی سیڤەر پاشگەزبونەوە . لە ئێستاشدا ھەمان سیناریۆ لە ئارادایە، تورکیا دەیەوێت بە نزیکبوونەوە لە ڕوسیا و پشتیوانی لەپلانە سەربازیەکانی و کڕینی مووشەکی ٤٠٠ S فشار لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بکات کە ھاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ پەیەدە کۆتایی پێ بھێنن و پشتیوانی لە سیاسەتەکانی تورکیا بکەن دژ بە (PKK) .

تورکیا لە ئێستادا لەسەر دوو تەوەر کارەکانی خۆی دەکات، یەکەمیان فشار دروست کردنە لەسەر ئەمەریکاو فەرەنساو بەریتانیا کە پەیمانامەیەکی تر ھاوشێوەی لۆزان لەگەڵ تورکیادا مۆربکەن، کە ڕێگە لە درووستبوونی ھەر کیانێکی کوردی بگرن کە لەناوچەکەدا درووست ببێت، دووەمیان بەردەوام کارلەسەر تێکدانی یەکڕیزی کورد دەکەن و بەمەش توانیویەتی ئینتیمای بەشێک لە پارتە کوردییەکان بۆ لای خۆی کێش بکات و ھەر بەم ھۆیەشەوەیە کە ھەتا ئێستا کۆنگرەی نەتەوەیی کورد نەبەستراوە و نەتوانراوە کورد ببێتە خاوەن گوتارێکی یەکگرتوو، بەڵام مەترسیەکە لەوەدایە کەئەمجارەشیان وڵاتە زلھێزەکان کورد تەنھا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربھێنن و سورنەبن لەسەر ئەو بەڵێنانەی کە بەکوردی دەدەن، چونکە لە ھەرێمی کوردستاندا بینیمان کە ئەمەریکاو بەریتانیاو فەرەنسا چۆن بێدەنگ بوون لە ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک و داگیرکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەویش لەپێناو ئەو ڕێککەوتنانەی کە کۆمپانیا نەوتیەکانیان مۆریان کردبوو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، لەلایەکی ترەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئیدارەی ئەمەریکا کەئێستا بەسەرۆکایەتی ترامپ بەڕێوە دەچێت، ھاوشێوەی سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا (ھاردینگ) وایە کەتەنھا بەشوێن پشتیوانیکردنەوەیە لە کۆنزەرڤاتیزمەکان و ڕاسیزمەکان کەبەگشتی خۆی لە ئینجیلیە نوێیەکاندا دەبینێتەوە، سەرۆکی یەکەم سیڤەری یەکەمی لەبار برد، بەڵام ئایا ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا دەکات و ڕاستگۆیی خۆی بۆ کورد دەسەلمێنێت و ئایا ھێزە سیاسیە کوردییەکانیش پلانیان چییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا و چۆن دەتوانن لە پێناو ھێنانەدی مافە رەواکانی گەلی کورد دا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟


PM:01:42:05/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4313 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی