خەڵاتەکەی کۆچەر بیرکار وەک خاڵی وەرچەرخان

‌عومەر عەلى محەمەد

وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدز لەلایەن کۆچەر بیرکار,(پڕۆفیسۆر لە زانکۆی کامبریج) دڵی ھەموو کوردێکی خۆشکرد، چونکە لێرەوە دەتوانین بڵێین کە زانستخوازانی کوردیش ھاوشێوەی ھەموو تاکێکی جیھانی دەتوانن کێبڕکێ لەگەڵ زانا جیھانیەکاندا بکەن و پێگەی شایستە و باڵا لە ڕیزبەندی جیھانیدا وەربگرن، ئەو خزمەتەی کە کۆچەر بیرکار کردی بە نەوەی کورد و ناساندنی کورد ھاوشێوەی شۆڕشێکی گەورە بوو، بەڵام ئەو توانی لە ڕێگەی قەڵەم و زانست و عەقڵەوە پێشکەشی بکات و خۆی بناسێنێت، کە ئەمەش نوێترین شێوازی شۆڕشە کە بە فۆڕمێکی زانستی و لە چوارچێوەی شۆڕشی زانیاریدا دەکرێت.

بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە ئێستا ئێمەی کورد ھەست دەکەین کە لەم بوارەدا چەند دواکەوتووین و بە کەرەسەی لاوازەوە کار دەکەین، چونکە لە جیاتی ئەم بوارە دەبینین کە کورد سەرقاڵی شتی زۆر بچوک و لاوەکیە و ھەر ئەمەشە بوەتە ھۆی ئەوەی ببێنە یەکێک لە نەتەوە پەراوێز و دواکەوتووەکان  لەسەر ئاستی جیھان.

کورد بەشێوەیەکی گشتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەتا ئێستاش نازانێت لە چ زەمەنێکدا دەژی و دەبێت چۆن ھەنگاو ھەڵبگرێ و چۆن کورد و کوردستان وەک ھەرێمێک لەسەر زەوی سەدەی ٢١ بناسێنێت؟، چونکە ئەگەر ھەنگاوە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەم زەمەنەی ئێستا بوایە و لە چوارچێوەی پێشکەوتنە جیھانیەکاندا بوایە بەتایبەتی لە بواری شۆڕشی زانیاری و تەکنۆلۆژیادا، ئێستا دەبوایە کورد لە دۆخێکی تردا بژیایە و لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوی زانستیدا بوایە و بەپێی پلانی ستراتیجی گەشەپێدان ھەنگاوی بنایە.

پێموایە ھەموو بەرپرسانی کورد و ھاوڵاتیەکی کورد ھەستی بەخۆشی و شادی کرد کە گوێبیستی وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدز بوون بۆ زانستی بیرکاری لەلایەن کۆچەر بیرکارەوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم نابێت تەنھا بە پیرۆزبایی کۆتایی بە بابەتەکە بھێنێت، بەڵکو پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە ئەمە سەرەتای کردنەوەی رێگەیەکی نوێ و ئاسۆیەکی پرشنگدار بێت بۆ ئەوەی کورد دەیان کۆچەر بیرکاری ھەبێت نەک تەنھا یەک کەس.

 حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت ھەست بەوە بکات کە لە ئێستادا دیاردەیەکی مەترسیدار ھەیە کە ئەویش کۆچی بەردەوامی خاوەن عەقڵ و توانا و لێھاتنەکانە بۆ دەرەوە، چونکە لە کاتێکدا کە وڵات خاڵی دەبێتەوە لەم کەسانە، ئایا وڵات بەرەو کوێ دەچێت؟، ئایندەی کوردستان بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت؟، پاش ٢٧ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی لە ئێستادا ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ و قوتابیانی زانستخواز بەشێوەی گشتی لە بارودۆخێکی خراپی ماددی و مەعنەویدا دەژین و زۆرینەیان ئاواتە خوازن کە رۆژێک بێتەپێش کوردستان بەجێبھێڵن و ئەوانەش کە بۆیان کرابێت رۆیشتون و تەنانەت ئەوانەش کە لە ڕێگەی تواناسازیەوە چوون، ئەگەر بۆیان بکرێت ناگەڕێنەوە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە ئەمڕۆدا کە ھەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەیەکی کوردیدا و ھەرێمێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سروشتی و دەیان سەرچاوەی تر، بۆچی دەبێت ئەم ھەستە لەلای خاوەن عەقڵ و توانا و لێھاتنەکانی کورد دروست ببن؟، ئایا بۆچی بوارێک ناڕەخسێت لە قوتابخانە و زانکۆکانی خۆمان ھەتا ببنە پێگەی پێگەیاندنی مرۆڤی بە توانا و پسپۆڕی بەرز و دواجار وەزارەتی خوێندنی باڵاش پردێکی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ بەناوبانگەکانی جیھان دروست بکات بۆئەوەی زیاتر کوردستان بەرەوپێش ببرێت و گەشە بکات.

لەبەرئەوە ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ئەوەی ھەیە گەشە بەم ھەرێمە بدات و بیکاتە نموونەی پێشکەوتن و جوانی و گەیشتنی گەلی کورد بە ئاستی گەلە پێشکەوتووەکان، دەبێت سەرەتا گرنگی بدات بە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن لەپێناو پێگەیاندنی قوتابیەکی کراوە کە توانای رەخنە و توێژینەوە و گفتوگۆ و داھێنانی ھەبێت، ھەروەھا رێز لە خاوەن پسپۆڕی و توانا زانستی و سیاسیی و کەسە بەتواناکان بگرێت و بارودۆخی تایبەتییان بۆ بڕەخسێنرێت و ھاوکاری ماددی بکرێن لەپێناو ھێنانەدی خواست و ئاواتە زانستیەکانیاندا.

لەلایەکی ترەوە گەشە بە دیموکراسی بدرێت و بواری ئازادییەکانی تاک فراوان بکرێت و مرۆڤی سەروەر جێگەی ھەموو شتەکانی تر بگرێتەوە.
لەلایەکی ترەوە گرنگی بە توێژینەوەی زانستی بدرێت و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت ھەتا لەئەم رێگەیەوە ھەموو قەیرانە ئابوری و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکانیش لە قەیرانەکان رزگار بکرێن و چاکسازیەکانیش لەسەر ئەم بنەمایە ئەنجام بدرێن.


PM:12:30:16/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 3384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی