کێشەی کورد و دەسەڵاتە نوێیەکەی ئۆردوغان.

‌عومەر عەلى محەمەد

پارتە سیاسیەکانی تورکیا ئۆردوغان بە پیاوە زیرەکەکە ناو دەبەن لە گەمەی ھەڵبژاردندا، لەبەرئەوە ئەگەر سەرنج بدەین ھەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ ھەڵبژاردنی پێش وەخت، کارێکی بەرنامە بۆ دارێژراو و پلانێکی سیاسیی زیرەکانە بوو، چونکە ئەگەر تورکیا بەو دەسەڵاتەوە بچوایەتە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ و ئەوکاتە ھەڵبژاردنی ئەنجام بدایە ھەرگیز ئەو سەرکەوتنانەی ئێستای بەدەست نەدەھێنا.

سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان لە ھەڵبژاردنەکاندا ھیچ کاتێک بە زۆرینەی رەھا نەبووە، بەڵکو بە سەرنجدان لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان بەتایبەتیش لە دوای ساڵی (٢٠١٤) کە تیایدا ئۆردوغان سەرکەوت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا، بە جیاوازیەکی کەم بووە لەگەل ئۆپۆزسیۆندا.

بەپێی بۆچونی بەشێک لە چاودێرانی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەوەی چارەنووسی پارتە سیاسیەکان لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا یەکلایی دەکاتەوە نزیکەی میلۆنێک دەنگدەرە نەک ئەو (٦٠) ملیۆن کەسەی کە دەنگی داوە، ئەمەش وایکردووە، لە یەکەم رۆژی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی AKP بیر لەوە بکاتەوە چۆن بردنەوەی ھەڵبژاردنی داھاتوو مسۆگەر بکات، لەبەرئەوەش کە خۆیان لە دەسەڵاتدان کاتەکەشی دیاری دەکەن و لەسەر بنەمای سایکۆلۆژیای ھاوڵاتی تورکیا بەگشتی و زۆرینەی تورک بەتایبەتی گۆڕانکاری بەسەر گوتاری سیاسیاندا دەھێنن.

ھەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ ھەڵبژاردنی پێش وەخت بەشێک بوو لەو بەرنامانە، چونکە لە ئێستادا تورکیا گیرۆدەی کێشەی قورس نەبووەتەوە، نە لەڕووی ئابوری و نە لەڕووی سیاسیەوە نەچۆتە ناو قەیرانێکەوە کە نەتوانێت لێی دەرباز بێت، بەڵکو ئەوەی کە ھەیە دەسەڵات خۆی دروستی کردووە کە بەشێکی بۆ کارکردن بووە لەسەر سایکۆلۆژیای دەنگدەری تورکیا کە دەنگدانەوەیە بە داد وگەشەپێدان و بەتەنھا ھێزی رزگارکردنی تورکیای بزانێت لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا و مانەوەی تورکیا وەک زلھێزێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رێگرتن لە ھەرەسی لیرە و ئابوری تورکیا و لەھەمان کاتدا رێبەرایەتی کردنی گەلانی مسوڵمان بۆ ئەو ئەجێندا سیاسەی کە ھەیەتی وەک بەشێک لە پرۆژەکانیان بۆ سەرلەنوێ زیندوکردنەوەی خەونی سوڵتانی لە چوارچێوەی پرۆژەی سیاسی عوسمانیە نوێیەکاندا.

پارتی دادوگەشەپێدان لەماوەی دەسەڵاتی چەند ساڵی رابردوویدا بە بەرنامە کاری کردووە بۆ ئەوەی سەرلەبەری سیستمە کۆنە کەمالیەکە بگۆڕێت و یەک لەدوایەک شوێنکارەکانیان بە بەدیلی نوێتر پڕ بکاتەوە، کە مۆرکی تایبەتی ئۆردوغانیزم و پرۆژە سیاسیەکەی پێوە بێت.

ئەنجامدانی راپرسی لەسەر دەستور لە مانگی نیسانی (٢٠١٧)و سەرکەوتنی تیایدا ئەوە گەورەترین ھەنگاو بوو پاشان پێشخستنی ھەڵبژاردن و سور بوون لەسەر ئەنجامدانی و سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکەشدا بە تەواوی توانای ئەنجامەکانی بەدەست بھێنێت و ئیتر بکەوێتە سەر جێبەجێکردنی ئەو خەونانەی کە ھەیبوو بۆ بنیاتنانەوەی تورکیا، بەتایبەتی لەڕوی سیاسی و دەستوریەوە، چونکە گۆڕینی سیستمەکە بۆ سەرۆکایەتی مانای گواستنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتە گرنگەکانە بۆ خودی سەرۆک کۆمار و ھەرخۆیشی سەرۆکی پارتی براوەی ھەڵبژاردنەکانەو ھەموو بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەکانی بەدەستە لە دروستکردنی حکومەت و دانانی وەزیرەکان و دادگاکان و دامەزراوە گرنگەکانی وەک ئاسایش و میدیاکانی حکومەت و پۆلیس و دامەزراوەی سەربازی.

لەلایەکی تریشەوە بە بەرنامە کاری کرد لەسەر ئەوەی کە جارێکی تر ھاوشێوەی کەمال ئەتاتورک خۆی بکاتە سەرکردەیەکی کاریزمی لەلایەک بۆ رەگەزی تورک ،لەلایەکی تریشەوە بۆ گەلانی تری تورکیا، بەستنی ھاوپەیمانێتی ستراتیجی لەگەل مەھەپە لەپێناو ئەوەدابوو کە ئۆردوغان لە سەرکردەیەکی پارتێکەوە کە بە باکگراوندی ئیسلامی ناسراوە بۆ سەرکردەیەکی نوێ کە لەدوای ئەتاتورک ئاڵای تورکیا ھەڵدەگرێ و رابەرایەتی گەلی تورکیا دەکات بۆ ئایندەو سەروەریەکانیان لە مێژوودا بۆ زیندوو دەکاتەوە و روبەڕووی دوژمنەکانی تورکیا دەوەستێتەوە.

بۆ گەلانی تری مسوڵمانیش لەناوخۆو دەرەوەی تورکیادا ھەڵگرتنی گوتارێکی ئاینی و بەردەوام پشتیوانی لە کێشەی قودس و فەڵەستینیەکان و کێشەی کەمینە مسوڵمانەکان لە میانمار و تورکمانستانی رۆژھەڵات و مسوڵمانەکانی تبت لە چین و داکۆکی کردن لە کێشە ئیسلامیەکان لە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی وایکردووە کە سۆزی ھاوڵاتی مسوڵمانی شەقام بەلای خۆیدا کێش بکات لە ھەر نەتەوەیەک بێت، لەوکاتەوە کە ئۆردوغان ھاوپەیمانی ستراتیجی لەگەل نەتەوە پەرستەکانی تورکدا بەستووە، لەوکاتەوە ئاستی توندوتیژیەکانی بەرامبەر بە کورد و کێشەکەی لە ھەرسێ پارچەی کوردستان زیادی کردووە.

بەمەش دەیەوێت شەڕی کورد بکاتە بەشێک لە شەڕی تیرۆر و بەردەوام ھێرشەکانی بۆسەر پارتی کرێکاران و یەپەگە و ئۆپەراسیۆنەکانی لە کوردستانی باشور و ھەڕەشەکانی لە قەندیل و شەنگار و مەخمور و جێگاکانی تر بە شەڕی دژ بە تیرۆر ناوبردووە، بەمەش خواست و ئامانجی تورکە فاشیەکانی ھێناوەتەدی و بۆشی دەرکەوتووە ئەم گوتارە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ئەو دەنگانە نەبووە کە لە باکوری کوردستان پێی دراوە، لەم کاتەشدا کە توانیویەتی بە ھاوپیەمانی لەگەل مەھەپەدا ھەردوو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بباتەوە، پێناچێت پاشەکشە لەو ئاراستەیە بکات و جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لەگەل کورددا.

لەبەرئەوە پێشبینی دەکرێت کە حکومەتی ئایندە بەشێک لە پۆستە گرنگەکانی بدرێت بە مەھەپە و ئەوکاتەش ھەڵوێستەکان بەرامبەر بە کورد توندتر دەبن، بەتایبەتیش لەو روانگەیەوە کە ئەمریکا بێ دەنگە لە ئاست ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان و زۆرجاریش پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ سنوردارکردنی چالاکی پەیەدە لە سوریا و پارتی کرێکاران لە قەندیل و ناوچەکانی تر.لە بەر ئەوە پێشبینی دەکرێت قۆناغی ئایندە بۆکورد دژوارتر بێت و وا بە ئاسانیش دەوڵەت نەگەرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.


PM:01:23:02/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 4945 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی