بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا
عومەر عەلى محەمەد
هه‌رچه‌ند زیاتر له هه‌فته‌یه‌كی ماوه بۆ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام هه‌ر له ئێستاوه تای هه‌ڵبژاردن به‌زۆر له كاندید و پارته سیاسییه‌كانه‌وه دیاره و هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوازی تایبه‌ت ده‌ستی كردووه به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌مه‌ش به لێدوانی هه‌ریه‌ك له پاڵێوراوان و پارته سیاسییه‌كانه‌وه دیاره، ئه‌وه‌ی له كوردستاندا به‌دی ده‌كرێت، سیما و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه كه جیاوازه له‌وه‌ی له‌ناو عێراقدا هه‌یه، چونكه ئه‌و بارودۆخه‌ی له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، به‌تایبه‌تی له ڕووی سیاسییه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌رنامه و ئه‌جێندای پارته سیاسییه‌كان و پاڵێوراوه‌كان هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت به‌درێژایی 27 ساڵی ڕابردوو له لاوازترین قۆناغیدایه، چونكه له ئێستادا پاش تێپه‌ڕبوونی 27 ساڵ به‌سه‌ر حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا، حكومه‌تی هه‌رێم پێگه‌یه‌كی لاوازی هه‌یه، پارته سیاسییه‌كان گه‌شه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان پێوه دیار نییه و هه‌ر له بازنه تهقلیدیهكهیاندا ده‌سووڕێنه‌وه، له ڕووی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بارودۆخی كوردستان له خراپترین دۆخدایه و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی ناوه‌ند به‌رامبه‌ر كورد و هه‌رێمی كوردستان سلبییه و له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناوه‌ند وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی سیاسی سه‌یری هه‌رێم ناكات و زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانیشی بۆ لاوازكردن و دروستكردنی ئاژاوه و ناكۆكییه و ئاماده نییه مافه ده‌ستوورییه‌كان به گه‌لی كورد بدات.
لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان له جیاتی ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی ئه‌جێندا و پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی ستراتیجی بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی به‌غدا و به‌ده‌ستهێنانی زیاتری مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان له به‌غدا و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد، به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌وه زۆربه‌ی بانگه‌شه و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌كتر و هێرشكردن و نه‌هێشتنی هیچ هێڵێكی سووره بۆ ڕێزگرتن له به‌رامبه‌ره‌كان. ڕاسته ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه به‌جۆرێك له جۆره‌كان بریتییه له ململانێی سیاسی بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌نگ به‌ڵام نابێت ئه‌و ڕاستیەمان له‌به‌رچاو ون بێت، كه پرۆسه‌كه له كۆی گشتیدا بریتییه له هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵه نوێنه‌رێك كه نوێنه‌رایه‌تیی كورد بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له به‌غدا، واته به ڕوویه‌كی تردا ده‌بێت بڵێین پڕۆژه‌ی پارته سیاسییه‌كان ده‌بێت یه‌كه‌مجار بۆ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی به‌غدا و ڕه‌خنه‌گرتن بێت له هه‌ڵوێسته‌كانی له پێشێلكردنی مافه ده‌ستوورییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم و ئاماده‌نه‌بوون بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌منی عه‌سكه‌رییه‌وه كه هیچ خاڵێك ناهێڵێته‌وه بۆ پێكه‌وه ژیان و به‌شداریی سیاسی.
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارته سیاسییه‌كان و پاڵێوراوه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و به‌زاندنی هه‌موو هێڵه سووره‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه مه‌ترسی گه‌وره بۆسه‌ر ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كات، چونكه هه‌رێمی كوردستان به‌م بارودۆخه‌ی كه ئێستا تیایدا ده‌ژی به‌تایبه‌تی كه دۆخێكی ناده‌ستوورییه و زۆربه‌ی خه‌ڵك چه‌كداره و دۆخی خراپی گوزه‌رانی هاووڵاتیانیش وایكردووه كه له ڕووی ده‌روونییه‌وه خه‌ڵك له حاڵه‌تێكی ئاسایی‌دا نه‌بن، له‌لایه‌كی تریش به‌هۆی بارودۆخی چه‌ند مانگی رابردوو هه‌ستكردن به تێكشكانی ده‌روونی خه‌ڵك له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا، هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش له‌م سه‌ره‌تایه‌وه به‌وجۆره نابه‌رپرسیارێتی و بچووكی و بێبهرنامهییهوه ده‌ست پێ بكات، دواجار مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌وه دروست بكات كه دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و توندوتیژی به‌رێت، چونكه ئه‌وه‌ی له‌م سه‌ره‌تایه‌وه هه‌ست پێده‌كرێت پارته سیاسییه‌كان خاوه‌نی به‌رنامه و پلانێكی ستراتیجی نین بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، كه له‌ڕاستیدا خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی مافه ده‌ستوریه‌كانی گه‌لی كورد، چونكه ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێت له ئێستادا هیچ پارتێك له‌گه‌ڵ ئه‌وی تردا هاوپهیمانیهتێییان نییه و هه‌ریه‌كه بۆخۆی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كورسی و ده‌نگی زیاتر ده‌دات بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رچی له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا بێت ده‌یكات و هه‌رچیش بۆی بكرێت له شكاندنی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی ده‌دات.
به‌مه‌ش ئه‌وه‌یان له‌بیر چووەته‌وه كه هه‌ڵبژاردن ده‌بێت شه‌ڕكردن بێت له‌لایه‌ك له‌پێناو به‌ده‌ستهێنان و چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی هاووڵاتیان له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به باشكردنی گوزه‌ران و مووچه و خزمه‌تگوزارییه‌وه هه‌یه، له‌لایه‌كی تریش بۆ كورد له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت خۆئاماده‌كردن بێت بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ده‌ستوورییه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت زۆر به‌كه‌می له لێدوان و به‌رنامه‌ی پارته سیاسییه‌كاندا ئه‌و دوو خه‌مه هه‌ست پێده‌كرێت و هه‌ریه‌كه‌یان له چوارچێوه‌ی خه‌می بچو‌وكدا كار ده‌كه‌ن كه ته‌نها سه‌رخستنی پاڵێوراو و حیزبه‌كانیانه، ئه‌مه‌ش جه‌ماوه‌ر به گشتی نا‌ئومێد ده‌كات و دوور نییه كاردانه‌وه‌ی خراپی به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌بێت.
PM:12:16:14/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 3595
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی