قەتەر

‌سه‌ردار عه‌زیز

لە زیورخەوە گەشتم، دونیایەکی تەواو جودابو. دڵم بە گەرمیەکەی ئەکرایەوە، باڵەخانە نوێ و تەواونەکراوەکانی هەولێری خۆمانی ئەهێنامەوە یاد. کاتێکی شۆفێرە بەنگلادیشیەکە بە ئاوازێکی خۆش بانگی کردم، ئیتر لە گەڵ کۆمەڵێکی تری بەشداربوانی کۆنفرانسەکە، کە زۆربەیان لە سودانەوە هاتبون، فرۆکەخانەکەمان جێهێشت. 

دەوحە، لە شێوەی پیتی Cدایە. شارێکە هەمو شتێک تیایدا نوێیە. قەتەر وەک میرنشینێکی بچوکی خاوەن کاریگەری گەورە خاوەن ئەزمونێکی سەیرە. سەرەتای ئەم چیرۆکه لە کودەتای کوڕ بە سەر باوکدا دەستپێدەکات. له دیوەخانەکانی دەسەڵاتدا هەمو شتێک ئەگەری بونی هەیە. بەڵام چیرۆکی گۆڕانی قەتەر تەنها پەیوەست نیە بە قەتەر خۆیەوە، بەڵام بە گۆڕانکاری ناوچەکە و هێزە گەورەکان. دروستبونی قەتەر وەک بەدیلێکی سعودیەیە. 

هاتنی سیتکۆم، بنکەی سەربازی ئەمریکی لە سعودیەوە بۆ ئێرە، دەرئەنجامی کۆمەڵێک وەرچەرخان بو وەک کۆتایی ڕۆڵی سعودیە، دوا بڕیاری کۆنگرس بە بونی مافی داوای یاسایی لە سەر سعودیە لە لایەن زیان بەرکەوتوانی یانزەی سیپتەمبەر، دەبێتە هۆی نەزیفی بڕێکی زۆر لە سەرمایەی سعودیە لە کاتێکدا کە ئەو وڵاتە ئێستا، کە بە تەواوی ناتوانێت موچە بدات.. بەڵام یەکێک لە دەرەئەنجامەکانی بریتی بو لە دابینکردنی ئاسایش بۆ قەتەر. لە سایەی بونی ئاسایشدا قەتەر، بە تایبەتی بە سەرپەرشتی ئەمیر مۆزە، پرۆسەی بە سەنتەرکردنی دەوحەی دەستپێکرد، 

که هەماهەنگ بو بە سیاسەتی دەرەوەی نەرم. ئەم پلانە دەخوازێت دەوحە بکاتە ناوەندێکی بازرگانی، ئیبداعی، پارە، سیاسی. بۆیە لە دەوحە لە هەمو جۆرە خەڵکێک دەبینێت کە قەتەر دەیانژێنێت، وەک تالیبان، عەلی قەرەداغی، بەعسیەکان، حماس، بورهان غلیون، هەروەها عەزمی بشارە یەکێکە لەوانە. ئەمە لە هەمانکاتدا بەشێکە لە سیاسەتی کارت دروستکردن، لە سیاسەتی دەرەوەدا. قەتەر ئامانجی یەکەمی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی بچوکیەکەی وەک گەورە دەربکەوێت، کەناڵی جەزیرە یەکێكە لە پایەکانی ئەم پرۆژەیە. جەزیرە قێرە قیڕێکی زۆر دەدات بە قەتەر، کە دەنگی لە گشت گوشەیەک دەبیسترێت، هەرچەندە ڕۆژانی گەشەی ئەو کەناڵ ەکۆتایی پێهاتوە. 

ئامانج لەمە ئەوەیە کە لە نێوان سعودیە و ئێراندا ساندویچ نەکرێت.هەولدان بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ هەر لە هەمان ڕوانگەوەیە. ڕۆشتن بە ناو ئەم شارەدا وەها هەست دەکەیت دونیا دەیەوێت بێت بۆ ئێرە ، بە جۆرێک لە هەمو کونجێکەوە بینا و رێگا و پرد و یاریگا دروست دەکرێت. بۆ من قەتەر جێگایەکی ناخۆش بو، جۆرە ژیانێکە پڕ ە لە بە فیڕۆدان، لە بونیادێکی بێ زەوق، لە دەربڕین لە بارێکی دەرونی کە هەست بە بچوکی دەکات و دەیەوێت بیپۆشێت. 

کۆنفرانسەکە لاوازبو. لێکۆڵەرەوە عەرەبەکان وەک کوردەکان، کاتێک دەربارەی هەر شتێک دەدوێن وەک حیکایەت دەیگێڕینەوە، بەبێ ئەوەی رەچاوی هیچ میتۆدێک بکەن، کە ئاماژەیە نازانن میتۆد چیە، ئەوەی دەیڵێن لە یوکیپیدیایدا هەمو ریزکراوە، و سەرەدمی ئەم جۆرە شتانە بەسەرچوە. 

لە هەمانکاتدا بە دەگمەن کەسێک هەبو توانای ڕاڤەکردنی هەبێت و یان دیدمان بگۆڕێت دەربارەی بینینی روداوێک جیاواز لەوەی کە دەربارەی دەوترێت. خەڵک هەمو بوێنباخیان هەبو، پڕبون لە پۆز، بەڵام بەتاڵ لە مەعریفە. تەنها بابەتێک نوێ بو، ئەوەی عەزمی بشارە خۆی بو ئەوەی سەیربو ئەمە لێکۆڵەرەوە ئەمریکیەکانیشی گرتبوەوە، زلاتان بارانی کە مامۆستای زانکۆیە لە تەکساس و خاوەنی کۆمەڵێک نوسینی باشە، بابەتێکی زۆر کرج و کاڵی پێشکەشکرد. پاشان کە پێکەوە پیاسەیەکمان کرد، بینیم وەها دەبینێت کە ئەوانەی لێرەن لەوە ئاڵۆزتر تێناگەن.


AM:11:31:04/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 4952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی