له یادی دوو ساڵەی کەوتنی موسڵدا

‌سه‌ردار عه‌زیز

دوو ساڵ لەمەوپێش ئەمڕۆ کەوتنی موسڵ دەستی پێکرد. 

کاتژمێر ٣:٣٠ بەیانی داعش گەشتە ناو شارەکە. بە سێ ڕۆژ هەموو شارەکە کەوتە ژێر دەستیەوە. ئەمە گەورەترین شاربو که داعش بتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت. 

پایتەختی داعش لە سوریا کە ڕەقەیە تەنها ٢٢٠٠٠٠ کەسی تیادا دەژی. کەوتنی ڕەقە لوغزە، بەڵام کەوتنی موسڵ ڕوداوێکی زۆر ئاڵۆز ترە.

دەکرێت لە ڕووی سەربازییەوە له کەوتنی موسڵ بکۆڵینەوە، کە خێرا دەمانبات بۆ بواری گەندەڵی، نەبونی سوپا، هەروەها زۆر دیاردەی تر کە خەسڵەتی سەرەکی سوپا و دەوڵەتی عێراقی ئەمڕۆن.

بۆ نمونە له یەکێك لە دەروازەکانی موسڵ که دەبو ١٠ هەزار سەرباز ئامادەبێت تەنها ٤٠ سەرباز ئەو شەوە ئێشکگربون.
ئەمە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوی دیاردەی بن دیوار لە سوپای عێراقیدا.

بەڵام کەوتنی شارەکە بە ئاسانی تەنها بریتی نەبوو له نەبونی سەرباز یان پلانی سەربازی، بەڵکو هۆکاری تری ئاڵۆزی لە پشتەوەیە.

بۆ من دۆخی ئەمڕۆی عێراق له پرسێکدا دەگوزەرێت ئەویش پرسی ئەوەیە کە کێ خاوەنی عێراقە؟

ئەمڕۆ شەڕی یان شەڕەکانی ناو عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەیە. 

عێراق لە دروستبونیەوە هەتا ڕوخانی سەددام سوننە خاوەنی بوو.

خاوەندارێتی بەمانای حکومدارێتی، بەڵام لە هەمانکاتدا یانی بێبەریکردنی ئەوانی تر له بوونی بەش.

بەم پێیە پرسی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئایا پاش سوننە کێ دەبێتە خاوەنی عێراق. دیارە بە خاوەنبون بریتی نیە لە باوەڕ یان هەستێک بەڵکو بریتییە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆز که خۆی لە سەپاندن و حکومداری و کۆنترۆڵكردندا دەبینێتەوە.

سوننە چونکە بە درێژایی مێژوی عێراق خاوەنی عێراق بوون، ئەمڕۆ شیعە دو فاکتەری دەرونی پاڵی دەنێت بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە، یەکەم، چون ئەم خاوەندارێتیە کۆتایی پێبهێنرێت.

دووەم، چۆن عێراق وەها بگۆردرێت کە مەترسی گەڕانەوی ئەم خاوەنە جارێکی تر نەیەتە ئاراوە.

ئەم ترس و گۆڕینی واقیعە پاڵنەرە بە دۆخێکی ئاڵۆزی پڕ لە یادەوەری ستەم، باوەڕی ئاینی، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت که جەنگەکە ڕەهەندێکی ئیقلیمیشی هەیە.

له بەرامبەر ئەمەدا هەستی ئەوە لای سوننە هەیە که شیعە دەیەوێت له مافێکی مێژینەی ڕاستەقینەی خۆی بێبەری بکات، که بریتیه لە حکومداری یان خاوەداری عێراق. 

داعش بەرهەمی ئەم هەستەیە که عێراق دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی که سوننەیە. داعش کە موسڵی گرت نەیکرد بە پایتەختی خۆی چونکە بە ئاوات بو که بەغدا بگرێت، لە ڕۆژانی پاش گرتنی موسڵ ئەم ئاواتە هێندە دورنەبوو. له ڕاستیدا ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا نەبوایە بەغدا کەوتن و گرتنی سەخت نەبوو.

داعش بە گەیشتنی بەم ئامانجەی تەنها نەبوو، بەڵکو هەمو بەرەی وڵاتانی سوننەی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵدا بوو. بۆ نمونە کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەولێر تورکیا گرتنی هەولێری لەلایەن داعشەوە بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی خۆی نەزانی، بۆیە لای تورکیا کەوتنی هەولێری بەدەستی داعش ئاسایی بوو.

ئەم پلەبەندیە له ستراتیژ و دیدی تورکیادا، داعش نزیکتر و باڵاترە لای تورکیا لە پارتی، بۆیە کەس وەڵامی پارتی نەئەدایەوە. ئەمە خاڵێکە دەبێت پارتی بەباشی بیری لێبکاتەوە ئایا پێگەی ئەو لە کوێدایە لە ستراتیژی تورکیادا؟؟

موسڵ بە ئاسانی کەوت، بە ئاسانی ناگیرێتەوە. شەڕی ئەمڕۆ لە سەر موسڵ لە سەر ئەوەیە کە کێ دەست بەسەر موسڵدا ئەگرێت، بەرەی سوننە یان بەرەی شیعە. 

شیعە ناتوانن حوکمی ئەو شارە بکەن، چونکە شارێکی سوننی ناسیونالیستی ئاینیە. له هەمانکاتدا سوننەش ناتوانن خۆیان بەڕێوەی بەرن، بەڵام موسڵ خاڵیکی گەیەنەری نێوان تورکیا و دونیای عەرەبیە، لە هەمانکاتدا لە ڕوانگەی ئێرانە و نابێت ببێتە ڕێگرێک لە بەرامبەر هەژمونی ئێران لە قەزوینەوە هەتا دەریای سپی.

بۆ ئەمریکیەکان سیمبولێکە بە گرتنەوەی پەیامی سەرکەتن بە سەر داعشدا بە دونیا دەگەیەنن. 
ئایا بۆ کورد چیە؟!


PM:02:30:07/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 4744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی