عەلمانیەت

‌سه‌ردار عه‌زیز

هەفتەی پێشوو پۆپ فرانسیس سەردانی وڵاتی ئایرلەندای کرد. جاری پێشوو کە پۆپ هات بۆ ئایرلەندا 39 ساڵ لەمەوپێش بوو. بەراوردکردنی نێوان ئەم دوو سەردانە یەکێک بوو لە بابەتە گەرمەکانی سەردانەکە. ئەوانەی کە دیبەیتیان دەکرد دوو بەرەبوون: بەرەیەک دەیانوت کە بە بەراورد بە سەردانی پێشوو، ئایرلەندا زیاتر عەلمانی بووە و لە ئاین دوور کەوتوەتەوە. بۆ پاڵپشتی ڕاو بۆچونەکانیان وێنە و سەربوردە و رووداوەکانی نێوان دوو سەردانەکەیان بەراورد دەکرد. 

بە گشتی ئارگومێنتەکانیان بەمجۆرە بوو: یەکەم، خەڵك کەمتر هاتن بۆ پێشوازی پۆپ، نیوەی ئەوانەی پێشوازییان لە پۆپ کرد ڕۆژی دوایی خەڵكی ئایرلەندا نەبوون، هەندێک دەیانوت خەڵكی ئەو وڵاتانە بوون کە کلێسا دەسەڵاتدار نەبووە تیایدا. بە پێچەوانەی جاری پێشوو کە هەموو حکومەت چووە فرۆکەخانە ئەمجار تەنها سایمۆن کۆڤنی چووە پێشوازی. سایمۆن وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانە. کەسێکی ناسراوی منە و لە گەڵ براکەیدا هاوپۆل بووم.

دووەم، لە ئاستی فەرمیدا بە شێوەیەکی ئاشکرا جیاوازی زۆر هەبوو لە نێوان پێشوازی ئەمجارە و پێشوازی جاری پێشوو. ئەمەش وەها لێکدەدرایەوە کە دەوڵەت سەربەخۆیی زیاتری وەرگرتوە لە کڵێسا و پۆپ وەک خاوەنی دەوڵەت نابینرێت.

سێیەم، وتارەکانی پێشوازی لە پۆپ بە گشتی جەختی لە ئەو هەموو تاوان و سوکایەتی و کێشانە دەکردەوە کە ئەمڕۆ کڵێسا بە دەستیەوە دەناڵێنێت.

لێرەدا بە خێرا ئاماژە بە پاشخانی ئاینی کلێسای کاتۆلیک دەدەین لە ئایرلەندا. ئایرلەندا وەها ناسراوە کە وڵاتێکی کاتۆلیکە، یان زۆر کاتۆلیکە لە ئەوروپا. بێگومان کلێسا بە سەردەمانێکی زۆر دەوڵەمەندترین و بەهێزترین رێکخراو و دەزگابوە لە ئایرلەندادا. 

دۆخی سیاسی ئایرلەندا هاوکاربوە بۆ هاتنە ئارای ئەم دۆخە، کاتێک ئایرلەندا بۆ چەندین سەدە لە لایەن بەریتانیاوە کۆلۆنیکرابوو، بەریتانیا وەک دەسەڵاتێکی پرۆتستانت دەبینرا و دەسەڵاتی بەریتانی لە ڕێگای پرۆتستانتەوە حوکمی ئایرلەندای دەکرد. بەڵام لە ڕاستیدا ڕووی هەقیقەتی چیرۆکەکە زیاتر جیوپۆلەتیکە لەوەی ئاینی بێت. وەک لە ترسەکەی هۆبزەوە دەزانین کە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی بەریتانیدا ترسێکی زۆر گەورە هەبوە لە ئەرمەگادۆ ئیسپانیەکان. بەریتانیەکان بۆ ئەوەی نەهێڵین ئیسپانیای کاتۆلیک دەست بەسەر ئایرلەندای کاتۆلیکدا بگرێت و بیکاتە بنکەیەکی نزیک بۆ هێرشکردنە سەر نیمچە دورگەی بەریتانیا، خۆیان هاتن داگیریان کرد بە تایبەتی لە سەردەمی کرۆموێڵدا. ئەو پیاوەی کە لە بەردەم باڵەخانەی وێستمینیستەردا  (پەرلەمانی بەریتانی) پەیکەرێکی گەورەی هەیە.  

پاشان بۆ رێگری لە تەشەنەی ئایدیاکانی شۆرشی فەرەنسی بە تایبەت عەلمانیەت و دژایەتی دەسەڵاتی پادشایی، بەریتانیا بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی کلێسابوو. لە جەنگی سەربەخۆیی ئایرلەندادا کلێسا تێکەڵ بە ناسیونالیزم بوو. بەڵام کلێسا هەمیشە جێگای چەوساندنەوە، مناڵبازی، دژایەتی ئافرەت و مناڵ و هەژاران بووە. 

ئایرلەندا زۆری ویست هەتا توانی خۆی لە دەسەڵاتی ستەمکاری کلێسا رزگارکرد، ئەویش لە ڕێگای گەشەی ئابوریەوە بوو. کە لە ڕاستیدا کلێسا هۆکارێکی گەورەی هەژاری ئایرلەندا و خەڵكی ئایرلەندا بوو. دیارە لای هەموان ڕوونە، کەس هێندەی هەژاران عەشقە خودا نیە. ئەمەش لە ڕوانگەی دەرونیەوە ڕوونە کاتێک بێ دەسەڵاتێک خۆ دەبەستێتەوە بۆ سیمبولی ئەوپەڕی دەسەڵاتەوە. 

لێرەوە دەمەوێت چەند سەرنجێکی خێرا لە سەر عەلمانیەت لە دونیای خۆماندا ئاماژە پێبدەم.

یەکەم، هەرگیز هیچ کۆمەڵگایەک سەرتاپا خەڵکەکەی نابنە عەلمانی. عەلمانیەت گەر بە مانای دونیا خوازی بێت، یان بە مانای ئەوەبێت تەنها ئەم دونیا هەیە و دەبێت هەموو هەوڵ کۆششمان بۆ ئەوەبێت کە ئەم دونیا باش بکەین ئەوا بۆ زۆرینە سەختە یان دڵتەنگە کە تەنها باوەڕ بە بونی ئەم دونیا بکەن. بە تایبەت کاتێک ئامادەبوون لەم دونیایەدا هێندە چێژبەخش و مانادار نیە، چونکە ژیان پێویستی بەوەیە کە خۆی مانای بدەیتێ، ئەگەر دوای مانا باڵاکان نەکەویت.

دووەم، زۆرینەی خەڵك بێ ئاگایانە عەلمانی دەبن، گەر بەراوردی دونیای ئێمە بکەین بە دونیای باوانمان دەبینیت تەنانەت ئەوانەش کە باوەڕدارن عەلمانین، کچەکانیان دەنێرن بۆخوێندن، بروایان بە زانست هەیە، دەچنە لای دوکتۆر، هەڵپەی دەسەڵات و پارەیانە، ئەم دونیا زۆر بە گرنگ وەردەگرن، ئاین وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ بە دەستهێنانی دەستکەوتی دونیایی.

سێیەم، ئاین تەنها چیرۆک نیە بۆ خەڵكی، ئەمڕۆ ئاین دەیەوێت خۆی زانستی بکات، خۆی بکات بە ئایدەلۆژیا، خۆی بکات بە ئابوری، خۆی بکات بە سەرچاوەی چێژ و زۆر لایەنی تر، کە هەموی نیشانەی قەیرانی حەکایەتی ئاینە. ئەمە بە تایبەتی کاتێک ئەگەر چیرۆکی ئاین دەربارەی دەسەڵاتە، ئەوا ئەمڕۆ پارە، زۆر بە چڕی جێگای ئاینی گرتوەتەوە لە بەخشینی دەسەڵاتدا. ئاینەکان دژ بە پارەن، چونکە ئیرەیی بە دەسەڵاتی پارە دەبەن لە داگیرکردنی خەیاڵ و خەون و خواستی مرۆڤدا. بۆیە هەتا ئابوری باش بێت عەلمانی زیاتر پەرە دەسێنێ

چوارهەم، گفتوگۆی ڕۆشنبیران دەربارەی عەلمانیەت لە دونیای ئێمەدا، بە گشتی گفتۆگۆی لاوازە و ناتوانێت سەرجەم ڕەهەندەکانی پرۆسەکە ببینێت. لە کاتێکدا عەلمانی بوون پرۆسەیەکی گواستنەوەی ئاڵۆزی زۆر فرە ڕەهەندە. لە ئەنجامدا ئەم گفتوگۆیانە زیان بەخش دەبن، چونکە خەڵکی بەئاگادەهێننەوە لە قەیرانەکانیان کە زۆربەیان دەخوازن بە بێ دەنگی پیایدا تێپەڕن. بۆ زۆرینەی خەڵک هەموو دیاردەکە وەک سەربوردەی چیرۆکەکەی حەسەنی قزڵجی وایە، بیهێنە و ناوی مەبە.


AM:08:42:05/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1462 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی