گۆڕان و ئەوانی تر

‌سه‌ردار عه‌زیز

دەکرێت بە گشتی مۆدێلی سیستەمی سیاسی بکەین بە دوو جۆرەوە: مۆدێلی سپارتایی لە گەڵ مۆدێلی ئەسینایی. مۆدێلی سپارتایی مرۆڤ ناچاردەکات بە پێی خواستی سیستەمی سیاسی بژی. بەڵام مۆدێلی ئەسینایی مرۆڤ ئازاد دەکات وەک خۆی بژی. هەموو هێزە کوردیەکان جگە لە گۆڕان، هێزی سپارتایین، بەوەی ئەندامەکانیان، خەڵکانی ژێر قەڵەمڕەوییان، ناچار دەکەن، کە بە زمانی ئەوان قسە بکەن، جل لە بەر بکەن، نان بخۆن و سێکس بکەن.

پارتی، پەکەکە، ئیسلامیەکان هەموو هێزی سپارتایین کە بڕوایان بە ئازادی تاک، دیموکراسی و عەقڵانیەت نیە. ئەم هێزانە کە خواستێکی گەورەی تۆتالیتارییان تیادا ئامادەیە، رێگە نادەن خەڵک لە ژێر دەسەڵاتیاندا بچوکترین نوزەی ئازادی هەبێت، ئەگەر ئەو ئازادیە تەبا نەبێت لە گەڵ دیدی حزبدا.

ئەگەر بە جۆرێکی تر دایبڕێژینەوە، ئەم دوو مۆدێلە سیاسیە، مۆدێلی سیاسی جەماوەر و مۆدێلی سیاسی تاکە. مۆدێلی سیاسی جەماوەر، مەبەست لێی ئەوەنیە کە بە خواستی جەماوەرە، بەڵکو جەماوەر بەرهەمدێت وەک تۆپەڵێکی لەیەک چوو، لە هەناو پرۆسەیەکی ناعەقڵانیدا.

وەک نیتچە پێمان دەڵێت، جەماوەر زۆر بە کەم عەقڵانیە، بەڵام تاک بە پێچەوانەوە زۆر بەکەمی ناعەقڵانیە. بەڵام مۆدێلی سیاسی تاک، کە هەروەها دیموکراسیە، پرۆسەیەکی عەقڵانیە. چونکە دیسانەوە بەپێی نیتچە، تاک بە گشتی عەقڵانی هەڵسوکەوت دەکات بە پێچەوانەی جەماوەرەوە. لای سپارتیەکان، کە نازیەت و کۆمۆنیزمیش دەگرێتەوە، تاک بەرهەم دێت بۆ دەسەڵات.
لە سایەی سیستەمێکی توندی پڕ لە دیسپلیندا. بۆیە دەبینین زۆر کەم زانیاری هەیە لە سەر سپارتاییەکان و زانیاری زۆر هەیە لە سەر ئەسیناییەکان.

 مۆدێلی ئەسینایی لای کورد سەختە، چونکە مرۆڤی کورد فێری ئەوەیە کە ئازاد نەبێت. ئازادبوون بڕێکی زۆر لە بەرپرسیارێتی و بیرکردنەوە و بڕیاردان و تاک و تەنهایی تیادایە. بۆیە ئاسانترە بڕیارت بۆ بدەن نەک خۆت بڕیار بدەی وەک کانت لە چیەتی ڕۆشنگەریدا پێمان دەڵێت.

 سیستەمی سپارتایی بۆ ماوەی کورت سەرکەوتوە، بەڵام لە درێژخایەندا خۆیپێناگیرێت. لە بەر کۆمەڵێک هۆکار: نەبونی توانای نوێبونەوە، نەبونی ئازادی، نەبونی توانای کۆنترۆڵکردنی ژیانی هەموو تاکێک و زۆری تر.


PM:01:30:22/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 4685 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی