ترەمپ چیمان پێدەڵێت؟

‌سه‌ردار عه‌زیز

 زۆر کەس بۆ تێگەیشتن لە ترەمپ پەنا دەبەنە بەر هانا ئارنت. بەو مانایە کە ترەمپ کەسایەتیەکی نازییە. لە هەمانکاتدا یانی دەبێت لە جەماوەر و قەیرانی زانیاری و درۆ و چالاکبونی خەڵكی سادە بگەین.
ئارنت ئاگادارمان دەکاتەوە هەرکە خەڵكی سادە کەوتە جوڵە ئەوا فاشیزم لە دایک دەبێت، بەڵام ترەمپ چەندێک دیاردەیەکی ناو شارستانیەتی رۆژئاواییە لە ساتەوختی قەیراندا، لە هەمانکاتدا ئاوێنەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆژهەڵات.

ترەمپ پێش هەمو کەسێک نوێنەری خۆیەتی. کەسێکی نارسیستە، دژی ڕەخنە و ڕای جیاواز و  بیرکردنەوەی قوڵ و ئاڵۆزییە. هەمو ئەم سیفەتانە لە سیاسی کورددا بە چڕی بونی هەیە. سەنتەربونی خود، یەکێکە لە قەیرانە سەرەکیەکانی ناو دونیای سیاسەتی کوردی. ئەو هەمو پەرتەوازەییە لە ناو کایەی سیاسەتی کوردیدا بونی هەیە، هەمو نارسیست و خۆپەرستی و بیرنەکردنەوەیە لە ئەوانی تر.

 ترەمپ رەنگە وەها دەربکەوێت کە نوێنەری خەڵکە. دەبینین خۆی بەردەوام وەها دەڵێت، بەڵام لە هەمو مێژویدا و لە ئێستاشدا هەمو کردارێکی دژ بە خەڵك بووە. ئەو هەموان بە گەمژە ئەزانێت خۆی نەبێت، بەڵام ئەو سادەگەراییە، ئەو بێڕێزی و سوکایەتیە، کەلتوری چینی خوارەوەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوایە، ترەمپ دێت بەکاری دەهێنێت و سواریان دەبێت.

ترەمپ تا ئێسقان ڕۆژهەڵاتیە، سەر بە کەلتوری چی دەبێت با ببێت-ە. مناڵی کەلتوری تێکەڵکردنی دۆو دۆشاوە. وەک هەرزەکارێک گیرۆدەی ئافرەتە، ئەگەر ئاوڕێک لە ژن و ئافرەت بدەیتەوە لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ دەبینیت زۆرترین لاقەکردن ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت، بۆ مناڵان، بۆ کچی تەمەن دوانز و سیانزە. ئەم ئارەزووە بۆ ئافرەت و ژنی مناڵ و ڕوکەش، دیاردەیەکە کە کەلتوری ئێمە وەک بەهایەکی باڵا لێی دەڕوانێت.
بینینی ئافرەت وەک کاڵایەک کە ئەگەر فرێش بێت و دەستی لێنەدرابێت و هەڵنەپچڕابێت و هەتا بتوانیت نەخۆشیەکانی خۆتی تیادا بەتاڵ بکەیتەوە، دیاردەیەکی ڕۆژهەڵاتی و پێش ئەوەی ترەمپی بێت.
ترەمپ پیاوی روکەشە و سادەگەرییە. ترەمپ جۆن بۆڵتنی بۆیە نەکردە وەزیری دەرەوە چونکە سمێڵی هەبوو. چ کەلتورێک هێندەی کەلتوری کوردی کەلتورێکی روکەشی پوچ پەرستی بەتاڵ لە مانایە.

ترەمپ نزیکە لە ڕۆژهەڵاتی، لە کەلتور و سیاسەت و خەونی پیاوبوون. ئەو کەسێکی پارەدارە، پارەدار دەپەرسترێت لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان. کە مناڵە سورییەکان لە ترسی لاقە هەڵدێن، لە ئوردون دەوڵەمەندە کەنداوییەکان بۆ ماوەیەک دەیانکڕن و پاشان بەرەڵایان دەکەن. ئێستە ئەم مرۆڤە دێت باس لە خراپ ترەمپ دەکات بەبێ ئەوەی ساتێک ڕابچڵەکێت کە لە ناخیدا چ ترەمپێک خۆی حەشارداوە.

 مرۆڤی بە ئاگا، ئەو مرۆڤەیە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگوچەڵەمدا ڕابچڵەکێت، پێش هەموو شتێک لە ناخی خۆیدا بەرامبەر بەهاکانی خۆی. ئەی کەلتوری ئیسلامی نیە دونیای دابەشکردووە بۆ پاک و پیس، بەهەشتی و دۆزەخی، شایستەی ژیان و شایستەی مەرگ، پانتایی ئاشتی و پانتایی شەڕ، ئەی کەی ئەم دوالیزمە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، کە لە ڕاستیدا بەشێکە لە دوالیزمی مانەوی، کە ئاینێکی ئێرانیە.

ترەمپ کوردە، بەڵام هەمو کوردێک بە دەست گرێیەکی دەرونی سەختەوە دەناڵێنێت؛ ئەویش هەموو ئەوەی لە ناخیدا بە نهێنێ حەزی پێدەکات گەر هاتو بۆی دەستی نەدا و لە کەسێکی تردا بینی ئەوا تا سەر ئێسقان دژی دەبێتەوە.
ئێستا دەرفەتە کە هەموان ترەمپەکەی ناخمان بکوژین. ئەو دێوزەمەیە کە دۆلۆز ناوی دەنێت فاشیرزمی بچوک.


AM:11:36:30/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 4719 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی