هەڵپەساردنی رێككەوتن.. !

‌عەدالەت عەبدوڵڵا

بۆ گێڕانەوەی تەرازووی هێزو هاوسەنگی لەپرۆسەی سیاسیی هەرێمدا، رێككەوتنامەی دەباشان(17/5/2016ز)، رووداوێكی عەقڵانی بوو. راستە هەندێ ئاڵوگۆڕ، لەسیاسەتدا، هەلومەرجی بابەتیی خۆیان هەیە، بەڵام بەبێ زیرەكیی سیاسییش، روونادەن!. سەدەی 21یش، هەروەك جابری(1936-2010ز)،ئەڵێ:"سەدەی زیرەكیی سیاسییە". ئەو رێككەوتنامەیە، ئەگەر تاڵەبانی(1933-2017ز) دەستپێشخەریی تێدا نەكردایەو، نەوشیروان مستەفا-ش(1944-2017ز) بەپێویستی نەزانیایە، ئیمزا نەدەكرا. هەردوو رەوانشاد، هاتن، لەروانگەی دیدێكی ستراتیژیی نوێوە بۆ هاوكێشەكانی هەرێم و عێراق، دیزاینێكی تریان لەپەیوەندی وكاری هاوبەشی نێوان هێزەكانیان داڕشت، بەڵام زۆری نەبرد، لەهەردوولاوە، لێی درا!.

ئەو لێكدانەوەیە، كورتبینانەیە كە دەڵێ: مەبەستی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مەستەفا، لە ڕستەی"عیبرەت لە جێبەجێكردنیدایە"، تەنها لایەنی بەرامبەر بێت. كاتی خۆی، زانیاری ئەوە دزەی كردبوو كە لەناو گۆڕان-یشدا، دەنگی دژ هەیە!. رەوانشاد، كاتێك لەو رستەیەدا، بەدیاریكراوی، ناوی لایەك ناهێنێت، وا ناخوێنرێتەوە تەنها یەك لای مەبەست بێ، بەڵكو دەیزانی، لەقۆڵی ئەوانیشەوە، ناڕەزایی هەیە تەنانەت ئەگەر چەپێنراویش بێت!، بەواقعییش هەر وا دەرچوو. بەدرێژایی قۆناغی دوای رێككەوتنەكە، لەهەردوولاوە، جوڵەی پێچەوانە هەبوون، ئاكامیش دیاربوو: رۆژێك دێت و رێكەوتنەكە ئەكەوێت!. لەئێستادا، ئەم كەوتنە ناونراوە هەڵپەساردن!، لایەنی دەستپێشخەریش تیایدا گۆڕانە، شەڕی راگەیاندنیش هەڵیداوەتەوە، لەو نێوانەشدا ئەوەی تەواو فەرامۆش كراوە، بنەما ستراتیژییەكەی رێكەوتنەكەیە كە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دایانڕشت: گێڕانەوەی تەرازووی هێز بۆ هەرێم!.

بەپێی ئەم دەرەنجامە بێت، وا دەرئەكەوێت كە هەردوولا لەململانێكردنی پارتی دیموكرات كەوتبن كە ماددەیەكی خۆڵەمێشی و رانەگەیەنراوی رێكەوتنەكە بوو!، پێدەچێ تێگەیشتبن كە هیچ لایەكیان، بۆیان ناكرێت!، هۆكارەكەش روونە، هەردوولا، لەدوو پارێزگای هەرێمدا كە هەولێرو دهۆكن، وەك بكەری سیاسی، نەماون، ئەلتەرناتیڤی ئەم كورتهێنانەش، دواجار، هەر ئەبێ چڕكردنەوەی جارێكی تری ململانێ بێت لەزۆنە تەقلیدییەكەدا:(سەوز-نیلی)، بەڵام لەمەشیاندا نەك لەگەڵ ركابەری هاوبەشدا كەپارتییە، بەڵكو لەگەڵ یەكتری وهێزی تری تازە هەڵكەوتوو، رەنگە ئەمجارەشیان تاسەر ئێسك!.

سەركردایەتیی ئێستای یەكێتی وگۆڕان، ئەو بناغەیەیان خاپوركرد كە تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا دایانڕشت. هەردوو رەوانشاد دەیانزانی كە رێكەوتنەكە بێ گرفت نییە، بەڵام تا گیانیان سپارد، نەچوونە ژێرباری ئەو دەنگانەوە كە دەیانویست هەڵبوەشێتەوە!، ئەم ئاكامەش چاوەڕانكراوبوو، چونكە لەبنەڕەتدا، ئەو دوو زاتە دروستنابنەوە، میراتگرانیشیان، بەهۆی كورتبینییەوە بێ، یان بەرژەوەندیی تایبەتی، لەمەغزای رێكەوتنەكە، ناگەن!

ئێستا راستە یەكێتی، هێشتا، بەرەسمی، هەڵوێستی خۆی لەهەڵپەساردنەكە جاڕنەداوە، بەڵام بە دیفاكتۆ هیچی ئەوتۆ نەماوە، بەكۆتایی هاتنی رێككەوتنامەكەش، ئەوەی بەفعلی كۆتایی پێدێت توانای هاوسەنگكردنەوەی هێزە لەكوردستان، لەوەش خراپتر، لەداهاتوویەكی نزیكدا، دابەشبوونی سیاسیی زۆرترە لەزۆنە ماندووكراوەكەدا!.
.................................
گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه‌و له‌ كوردستانی نوێ-دا بڵاوبۆته‌وه‌.


AM:09:45:28/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4353 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی