ھەولێر بۆچی بێ دەنگە ؟

‌ ئێڤار ئیبراھیم


لەکاتی سەرھەڵدانی ناڕەزایەتیەکان لە ناوچەکی ھەرێمی کوردستان ھێرش و سوکایەتی کردن بۆ سەر ناوچەکی بێدەنگتر لە ناوچەکەی تر دەستپێدەکات بەتایبەتی بۆ سەر شاری ھەولێر و خەڵکەکەی، ھێندە زەق دەبێتەوە زۆرجار گومانێکی دروست کردوە کە ئەو خۆپیشاندانە بۆ ماف و ئازادیەکان نیە بۆ ئەوەیە تا ھێرشی بێ بنەما دور لە فراوانی ھۆش و بیرکردنەوە دەکرێتە سةر ھاوڵاتیانی پایتەخت، ئەوەش مەترسی لێکترازان و ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای لێدەکرێت، کە پێویستە خەڵکی دڵسۆز بەر بەم دیاردەیە بگرێت.

بەڵام بیریان چووە ئەوەی کە گرنگە بە ئەنجام گەیشتنی پەیام و ئامانجە نەک تەعەسوبی شارچێتی با لەوەدا کورت نەبیتەوە ، ئەوەی شانازییە نەتەوە و خاک و وڵاتە دواتر شوێنی لە دایک بوون واتە شارە، نە ھەولێر بە بێ سلێمانی ھیچی پێدەکرێت نەسلێمانیش بە بێ ھەولێر، ئەوە بۆ شاری دھۆکیش راستە.

لێرەدا ھەندێک پرسیار لەبەردەماندا قوڵ دەبێتەوە، بۆچی ھاوڵاتیانی شاری ھەولێر لە پرسە گرنگەکاندا ناڕژێنە سەر شەقام ؟؟ بۆچی تەنانەت بۆ مافەکانی خۆشیان ناتوانن ناڕەزای خۆیان دەرببڕن؟ یان زۆربەی کات بێدەنگی ھەڵدەبژێرن لەئاست زوڵم و ناحەقیەکان، بەڵام ھاوڵاتیانی سلێمانی کەی بیانەوێت دێنە سەرجادە، من پێم وایە مەسەلەکە بوێری و ترسنۆکی نیە لای ھیچ شاريك، بەڵکو رەنگە خوێندنەوەکان زۆر شتی تر دەرخەن.

وەک ئاشکرایە لە دوای راپەڕین دوو حیزبی دیاری کراو دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، ئەگەر ھەریەکێک لەو حیزبانە بیەوێت و لەبەر بەژوەندی حیزبیانەی خۆی لەگەڵ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکدا بێت یان خۆی راستەوخۆ يان ناڕاستەوخۆ بەشداری تێدابکات، ئەوا خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی بێ گیروگرفت بەڕێوەدەچێت، بە پێچەوانەشەوە راستە، رەنگە ئەمە ھۆکارێکی بەھێزبێ بۆ وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکان، بە واتایەکی تر ھەر ناوچەک بێدەنگ نیە بەڵکو بێدەنگ کراوە و دەنگی کپ کراوە.

ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت دوورنیە گیانی دوربەرەکی و دوژمنایەتی لەنێو ھاونشتمانیان دروست بێت، لەکاتێکدا ھەموان لەسەر یەک خاک دەژین،لە قازانج و زیاندا ھاوبەشن ھەموان ھەمان ئەرک و ھەمان مافیان ھەیە، ئەو کەم و کوڕی و نەھامەتیانەی لە سلێمانی ھەیە لە ھەولێر و دھۆکیش بونی ھەیە، داواکاریەکانیش لە ھەمان داواکاری خۆیدا دەبینێتەوە، ئیتر ئەو سوکایەتی و دژایەتی کردنەی ھەولێر و ھەولێریەکان لە پای چیە و چ مەرامێکی لە پشتە؟؟

خۆ ئەگەر بە مێژووی ئازای و جوامێری ئەو شارەدا بچینەوە دەبینن ھەولێریەکان چۆن لەبەرامبەر دوژمان و ناحەزارن و ستەمکاراندا وەستاونەتەوە و لاپەڕەی درەوشاوەیان تۆمارکردوە کە سەلمێنەری شۆڕگێریەتی خەڵکەکەیەتی، ئەگەر ئەمڕۆش بێدەنگی ھەڵبژاردوەو نایەوێت قسە بکات، دوور یان نزیک رۆژێک دێ بە دەنگی بەرز و پڕ بە گەروی و دەرونێکی گرکاناوی قسەی خۆی دەکات و یەکلاکەرەوەش دەبێت .

بەداخەوە زۆرجار ھاوڕێیانیشم لە لایەنە جیاوازەکان دەکەونە ئەو ھەڵەیەوە، لەکاتێکدا لەسەر ھەولێر بۆتە پەرلەمانتار کەچی دەچێت لە سلێمانی بەشداری خۆپیشاندان دەکات، باشە بۆچی ئێمە لە ھەولێرەوە دەست پێ نەکەین؟

ئەوپەڕی بێویژدانیە تۆ بێیت و بڵێیت ھەولێر بێدەنگە ئەترسێت لە حیزب و لایەنێک، نەخێر ( ھێمن عبدلخالق و ھاڕێ عبداڵلە سابیر دوو چالاکوانی مەدەنی دوو نمونەی نزیک و زیندون لە ھەولێرن و ھەولێرین، کە بەقەدەر ناڕەزایەتیەکانی شاروشارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی دەنگدانەوەی ھەبوو .

ئیتر با واز لە گرێی شارچێتی بێنین و ئەو بەستەڵەکە تێکبشکێنین، کاتێک ھاوڵاتیەکی شاری ھەولێر دەنگی بەرزدەکاتەوە بۆ داخوازییە رەواکانی با شارەکانی تر ئەو دەنگە بە ھی خۆیان بزانن، سلێمانی خۆپیشاندانی کرد ھەولێر بە ھی خۆی بزانێت و دھۆکیش ھەروا، نەک بە ئەقڵیەتێکی دواکەوتوی خێڵ و شارچێتی لێکدانەوەی خراپی بۆ بکەین، ئەگەرنا لە دروشمە سەرەکیەکانمان لادەدەن و توشی ئیفلاس بون دێن.

لە کۆتایدا: لەگەڵ ھەموو جؤره خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی ئاشتانە و شارستانیانەدام و لەگەڵ دەنگ و رەنگی خەڵک و جەماوەری شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستانداین لە دژی قەیرانی سیاسیی و ئابوری و دارای دروستکراو و سەپێنراو لەلایەن دەسەڵاتەوە، وەک ئاشکرایە لە ٢٠٠٩ ەوە بەندە لە بەرەی خەڵک درێژە بە خەبات دەدەم و تا گەیشتنی ھاونیشتمانیان بە کەناری ئارام بەردەوام دەبین، لە ھەرکوێ دەنگی مەزڵوم بەرزبویەوە ئێمەش پڕ بە گەرومان ھاواردەکەین.


PM:05:10:28/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 5303 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی