گۆڕان و گۆڕانکاری

‌ ئێڤار ئیبراھیم

وەک ئاشکرایە ٧ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژگارێکی دژواردا و لە ھەرێمێکی تازە دروستبوو کە بەرەو گەندەڵی و نادادی و نایەکسانی و لەم کۆمەڵگادا و بەڕێوەبردنی خراپی حکومڕانی خۆماڵی و بێباکی و ستەمی دەسەڵات ھەنگاوی دەنا، بزوتنەوەیەکی مەدەنی سیاسیی لە دایک بوو، پەیامی گۆڕان و گۆڕانکاری و چاکسازی دروشمی سەرەکی بوو ڕاگەیەنرا.

ڕێڕەوی مێژوو لە ململانێ و خەباتی حیزبی و سیاسی و بە ئاراستەیەکی تر گۆڕدرا، ئەمجارە جیا لە ساڵانی شەری ناوخۆی داستانێکی تر بە فۆڕمێکی تر گۆڕدرا لە پێناو چاکەی و بەرژەوەندی گشتی، خەبات و شۆڕش لە شاخ بۆ ئازادی نەتەوەیەک لە دژی داگیرکەرانی بێگانە و بەعس بەتایبەتی، خەبات و تێکۆشان لە شار لە دژی گەندەڵی نادادی و شکستی خۆماڵی و ناشەفافی، گواستنەوەی شەڕى براکوژی لە شاخ بۆ شەڕی چاکسازی و گۆڕانکاری لە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی شەرعی و جێبەجێکردن و حیزبایەتی لە ناو ھۆڵی پەرلەمان، داھێنانێکی تری لە شێوازی خەبات و حکومڕانی ھاتەکایەوە، جگە لەو جیاوازییە گەورانەی کە لە نێوان گۆڕان و ھێزەکانی دوای ڕاپەڕیندا ھەیبوو.

ئەو کاتەی ئەو بزوتنەوەیەی تێدا دروست بوو کوردستانی دوای بەعس و سەدەی بیست و یەک کە بە سەدەی گۆڕانکاری ناودەبرێت، بۆیە کوردستانیش ناوچەکی گرنگ و کاریگەرە لە ناوچەکەدا پێویستی بە گۆڕانێکی نەوعی و جوزئی تەندروستی ھەمە لایەنە ھەبوو لە سیاسەتی دەرەو و ناوەوەی ھەرێم، ھەنگاوێکی پێویست بوو بەرەو ئاسۆی چارەسەری پرسە گرنگەکان، ساڕێژکردنی برینەکان و ڕێکخستنی ناوماڵی ترازاوی کورد بوو لە پێناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی نەکەونە بەر تانەی نەوەکانی ئێستا و ئایندە بۆ نەخشاندنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری پرشنگدار ئەوەش بە تەنھا بە گۆڕان ناکرێت، بەڵکو بە یەکگرتن و تێکۆشان و ھەوڵی بەردەوامی گشت لاینەکان دێتەدی کە پێکەوە لە ژێر یەک چەتری قارەمانانەی پێشمەرگە ئاسای کوردانەدا دەبێت، نەک بە پەکخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی وەزیرەکانی حکومەت.

لەم سۆنگەیەشەوە ڕێککەوتنەکەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان، لایەنە سیاسیەکان لە دەوری ئەو ڕێککەوتنە کۆببنەوە و کاری جدی بکەن بۆ جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی ڕێککەوتنەکە بۆ کۆتای ھێنان بە قەیرانە دەستکردەکانی سیاسی و دارای و ئابورییەکان و باشکردنی موچە و بژێروی ژیانی ھاوڵاتیان.

دوستبونی وەھا بزوتنەوەیەکی ھاوشێوەی چالاک زەرورەتی قۆناغەکەبوو، چونکە چەندین گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا ھاتنە ئاراوە بۆ چەسپاندنی بنەمایەکی دیموکراسی مۆدێرن تاوەکو کوردستانیش بێبەش نەبێت لەو گۆڕانکارییانە تاوەکو لە سەر پێی خۆی بوەستێت و دوانەکەوێت لە کاروانی گۆڕانکاری و خۆی ڕووبەڕووی ھەموو ئالنگاریەکانیش ببێتەوە.

ئەگەر باس لە دۆخی دوای ڕۆژی گۆڕینە مەزنەکەی ٢٥ ی ٧ و دوای بەشداری کردنی ٢ خولی پەرلەمان و کابینەیەکی حکومەت بکەین، ھەرێم و ناوچەکە دوای ئەو ماوەیە بە چەندین دۆخدا تێدەپەڕێت، لەلایەک قەیرانێکی سەختی ئابوری و دارای و خراپی گوزەرانی ھاوڵاتیان و قەیرانی سیاسی و لەلایەکی تر ڕوبەڕوی شەڕی داعش بوەتەوە، لە کاتێکدا دەبوایە دەسەڵاتداران ئەو شەڕەیان قۆستباوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، کەچی بە بڕیارێکی حیزبی پەرلەمان پەکدەخرێت و بەشێک لە وەزیرەکانیش ناردرانەوە ماڵەوە، ئێستاش کۆتای دونیا نیە، دەکرێت ھێز و لاینە سیاسیەکان لەبری پیرۆزبای تەقلیدی، بێن لەسەر یەک مێز دانیشتن و گفتوگۆ بکەن و ئەو یادە بکەن بە یادی ئاشتەوای برایەتی و چارەسەری قەیرانەکان و یەکخستن ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد، نە میللەتیش دەتوانێت چیتر بەرگەی ئەو ھەموو قەیرانانە بگرێت نە مێژووش ڕەحمتان پێدەکات.


PM:05:57:24/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 2214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی