ئەمساڵیش ٨ ی مارس

‌ ئێڤار ئیبراھیم


لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان پرسی ژنان پرسی ھەرەسەرەکی مرۆڤایەتیە چونکە ئەو کۆمەڵگایانە دەمێکە وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەستکەوتوە، کە دەڵێت ئایا پێشکەوتنی کۆمەڵگا تا چەند پێویستی بە دابینکردن پاراستنی مافەکانی ژنان ھەیە ؟.

بە ھۆی زاڵبون پیادەکردنی سیستمی پیاو سالاری و داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان قبوڵی مافەکانی ژنان نەکراوە، کاریگەری خراپی ھەندێک شتی تر چەندین ساڵە رێگری دەکرێت لە ھاوبەشی ھێز و توانای ژنان لە کایە سیاسی و ناوەندەکانی بڕیاردان و کۆمەڵایەتیەکان و ئابوری و سەربازی و بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا ھتد ... ، لە دوای راپەڕین رۆڵی ژن لە ئیدارەدانی و کارگێڕی وڵات لەسەرجەم سێکتەرەکاندا لاواز کراوە و دەرفەتی بەشداری کردنیان پێ نەدراوە و تاوەکو ئێستا لە ئاستی تموحی ژناندا نیە.

لە کاتێکدا ئەم حەقیقەتە تاڵەی سەرەوە بونی ھەیە، کەچی ژنان رۆڵی مەزنیان ھەبوە لە دروستکردن و نوسینەوەی مێژووی میللەتەکەمان، بەشێوەیەک ژن ھاوشانی پیاوان بە شێوازی جیا جیا بەشداریان کردوە لە خەباتی شاخ وشاردا بۆ رزگاری و ئازادیخوازی لە ھەموو پارچەکانی کوردستان، لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریان داوە بە ئێستاشەوە، ئەوەتا ماوەیەکی زۆرە لە رۆژئاڤا ژنە شەرڤانەکان لەگەڵ پیاوان لەیەک سەنگەردان رووبەڕووی خوێنڕێژترین گروپی تیرۆریستی بۆ بەرگری کردلە خاک و شەرەف و نیشتمان بونەتەوە، بە شێوەیەک قارەمانێتی گەورەیان نواندوە و لە جیھاندا بە سیمبولی ژنانی جیھان ناویان دەرکردوە.

لە دوای راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ راستە کە باشور نیمچە سەربەخۆییەکی بەدەستھێنا ژنان توانیان بەشداربن لە حکومەت و پەرلەمان و رێکخراوی خۆیان دروستبکەن، بەڵام لە دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ساڵ ھیچ بەرەوپێشچونێکی ئەوتۆ لە بواری ژناندا نەگۆڕاوە نابینرێت، ئەوەتا دوای ٢٥ ساڵ دۆخی ژنان رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی و ئاڵۆزی دەچێت، دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت لەم رووەوە زۆر کەمتەرخەم بونە و ھیچ کاتێک بەجدی گوێی لە ئازارەکانی ژنان نەگرتوە و ھەوڵی چارەسەرکردن و بنبڕکردنییشیان نەداوە،وەک چۆن قەیرانی دارایی و ئابوری و سیاسی رووی لە ھەرێمەکەمان کردوە ئاواش قەیرانی خراپی رەوشی ژنان بونی ھەیە.

ئێمە پێمان وایە دەبێت مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافی ئافرەت بەتایبەت جێگیر بکرێت وجێبەجێبکرێت ، بەبێ ھیچ جیاوازیکردنێک لەسەر بنەمای ماف ( زمان ، ئاین ، جێندەر , ئایدەلۆژ و باوەر ) قایم بکرێت ، ھەر تەجاوزاتێک ، پشگوێخستنێک لە ھەر یەکێک لەو مافانەی سەرەوەدا بکرێت ئەوا توندوتیژی حیساب دەکرێت و پێچەوانەیە لەگەڵ بنەما یاساکانی گەردون و ئاسمان و زەوی ، لە ھەر کۆمەڵگایەکیش ئەگەر ئەو مافانە زەوت کران و جێبەجێ نەکران یان پێشێلکران کۆمەڵگە بەرەو ھەڵدێر و نایەکسانی و ناعەدالەتیدا دەبات و بگرە مەترسی زۆر گەورەتریش دەخاتە سەر کۆمەڵگا لە ھەموو روەکانەوە ، لەبری گەشە و بەرەوپێشچوون بەرەودوام دەگەڕێتەوە دواوە و شکۆی چینێکی نیوە کۆمەڵگا دەشکێت و نامێنێت ، ھەر بەتەنھا بە حکومەت ناکرێ بۆ نەھێشتنی ئەو دیاردە دزێوانە و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و بەدیھێنانی ماف و ئامانجەکانیان ، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگەش ھاوکار و یارمەتیدەربێت و دەورێکی سەرەکی و ڕۆڵی راستەقینە و راستەوخۆی ھەبێت .

ئێستا لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان رێژەی ژنان لە % ٣٠ پێک دێنێت ئەو رێژەیە لە چاو ساڵانی رابردوو پێشکەوتنی بەخوە بینی و زیادی کرد ئەوەش کاریگەری و بەرھەمی خەباتی بەردەوامی ژنان بوو، بەڵام ھیچ کام لە رێژەی بەشداری له پەرلەمان و حکومەت بەدڵی ژنانی ھەرێم نیە ، له کابینەی ھەشتی حکومەت ژنان کەمترین رێژەیان پێدراوە و بە تەنھا یەک وەزیری ژن ھەیە (( ئەوەش ھۆکارێک بوو من وەک ئەندام پەرلەمانێک دەنگ بەو کابینەیە نەدەم )).

پێویستە تاوەکو چیتر ژنان لە پەراوێزیدا نەمێننەوە و بە فیعلی بەشداری نیوەی کۆمەڵگا بکەنن،یەکێک لە خاڵە ھەرەگرنگەکان کە ژنانی باشور بیگرنەبەر بەشداری و خەبات کردنی بەردەوامیانە بۆ گۆڕانکاری لەو یاسایانەدا کە پێویستە ئیسلاحی جدیان تێدا ئەنجامبدرێت و مافەکانی ژنانیان تێدا بەدی بێت. ھەوەھا یەکگری ژنانی ھەرھەرچوار پارچەی کوردستان، بڕوا بەخۆبون کاری بەردەوام و یەکدەنگی و وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی، دەرچون و خۆ رزگارکردن لە یادکردنەوەی تەقلیدی ساڵانە لە رۆژی ٨ ی مارسدا و گۆڕانکاری لە خەباتەکانیان ( بیرکردنەوەی مۆدێرنانە و کارکردنی کوردستانیانە ) ھتد ...

سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکار لە مافەکانی ئافرەتانی پەرلەمانی کوردستان


PM:09:02:07/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 1978 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی