جەنگی نێوان ئەمریکا- ئێران..کاریگەریەکانی لەسەر کورد

‌ ئێڤار ئیبراھیم



بڕیاری گەمارۆی قورسی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گوزارشت لە نزیکبونەوەی راگەیاندنی رەسمی ودەستپێکردنی شەڕی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکاو ئێرانە لە ناوچەکەدا.
 
بە حوکمی ئەوەی ئەو شەڕە کەم تا زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان، ئایا باشوری کوردستان لە کوێی ھاوکێشەکەدایە ؟ بەتایبەتی چونکە ھاوسنورە لەگەڵ ئەو دەوڵەتی ئێران و پەیوەندی جۆربەجۆری راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەمێژینە پێکەوەیان ھەیە، ئەوەی گرنگە سەرکردایەتی کوردی  ئەو بەشە تا چەند خۆیان بۆ ھەموو ئالنگاریەکی حەتمی ساز و ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی سبەی رۆژ بە کەمترین زیان لەو جەنگەدا بێتە دەرەوە کە ھیچ پێناچێت زیانی کەم بن بەڵکو بە پێچەوانەوە، چونکە رەنگە ببێتە بەشێک لە مەیدانی یەکلای کردنەوەی جەنگەکە زۆرترین پرشکی ئاگر بەر عێراق و کوردستان بکەوێت و ئەنجام ببێتە کاولکاریەکی زۆر لە ناوچەکەدا دور نیە کارەساتی مرۆی گەورە بخولقێنێت، بەتایبەتی ھەرێم کە ھێشتا دەوڵەت نیە دەوڵەتە زلھێزەکان دەتوانن بە ئاسانی بیخزێنە ناو یاریەکە و ئاسمان و زەویەکەی بکەنە مەیدانی جەنگ ، دەوڵەتی ئێرانیش ھەموو ھەوڵێکدەدات ئاگرەکە لە ناو خاکی خۆی دوربخاتەوە و بیگوازێتەوە بۆ ناوچەکانیتر، بەڵام ئەوەی بۆ ناچێتەسەر ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکی کۆتای سەعاتی سفر بنکە ئەتۆمیەکان دەکاتە ئامانج و بۆردومانیان دەکات کە لەناو خاکی ئێراندان.

دەبێت سەرکردایەتی کورد کەمتەرخەم نەبن لەئاست ئەو رووداوە گەورەو جیھانیە و  تا ئێستا بیری لە چارەنوسی کوردانی باشور بکەنەوە و ھەموو ئەو مەترسیانەی لە پێش و لە دوای جەنگەکە بۆ سەر کورد دروست دەبێت بڕەوێننەوە،  ئاقڵمەندانە بە کەمترین زیان بێنەدەرەوە، کورد وتەنی(  پێش باران فەرەنجی)، دووربکەونەوە لە بڕیاری چەوت و ھیچ گرەوێک نەکەن لەسەر خاک و خەڵکی خۆیان. 

چونکە بە ئاوڕدانەوەیەکی سادە بە مێژوودا دەردەکەوێت ھیچ یەکێک لەو دەوڵەتانە جێگەی باوەڕ پێکردن نین و ھەمیشە کوردیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکارھێناوە کاتێکیش کورد کەوتۆتە لێژی ئەوان بەجێیان ھێشتووە بەتەنگیەوە نەھاتون، کە بەتەنگیشیەوە ھاتبن سنورداربووە و لە چوارچێوەی تەسکی بەرژەوەندی خۆیان دەرنەچووە.

‏‎تارمای شەڕ ؛ 
پێگەیەکی عەرەبی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێران نزیکە.

تارماییەکانی شەڕی ئەمریکاو ئێران بەڕونی دیارە، پاڵپشتیکردنی ئاشکرای ئێران لە رژێمی بەعسی سوریا، پشتیوانی لە بزوتنەوەی حەماس و جیھادی فەلەستینی دژ بە ئیسرائیل،  دوژمنایەتی لەگەڵ سعودیە، دەستێوەردان لە عێراق لە ھەموو رویەکەوە، ھەوروەھا بەردەوامی دان بە دروستکردنی چەکی ئەتۆم یەک لە ھەرە ھۆکارە بەھێزەکانە.

 لە ئێستادا لەناوخۆی ئێران مەترسی زۆر پەیدابووە لەوەی ئەمریکا بنکە و چالاکییە ئەتۆمیەکان بۆردومان بکات، بەڵام زۆرێک پێیان وانییە ئەمریکا ئەوەبکات، چونکە ئایا ئەمریکا ئەو قەیرانەی کە سوپاکەی لەدوای داگیرکردنی عیراق توشی هات دووبارە توشی خۆی دەکاتەوە، جگەلەوەش ئایا ئەو وڵاتە گورزێکی وا کوشندە لە ئابوریی بەتایبەتی و ئابووری هەموو جیهان دەدات بەهۆی بەرزبونەوەی نەوت؟؟ یان ھەر نیشاندانی بەچکە رێویەو ھیچی تر تا ببێتە دەرسێک ئیدی نەتوانێت مەترسی بخاتە سەر ئیسرائیل وسعودیە و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی لەناوچەکە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێران دەمێکە خەریکی خۆئامادەکردن و جۆشدانی ئەو وڵات و حیزب و رێکخراوانەیە کە خستونیەتە ژێر هەژمونی خۆیی و دەیەوێت وەک کارتی فشار نیشانی ئەمریکای  دەدات و نیەتی وایە بەکاریان بێنێت لەو شەڕەدا، بەکاریاندن بێنێت و کە بەسێبەری ئێران ناودەبرێن، لەوانەش حیزبواللەی لوبنانی و حکومەتی عیراق و حوسیەکانی یەمەن و هێزەچەکدارەکانی لە سوریا. جگە لەوانەش ئەو وڵاتە پشت بەچەند ھێزێکیتر دەبەستێت تا لەتەنگانەدا لەدژی سوپای ئەمریکا بەکاریان بێنێ و بچێتە مەیدانی شەڕێکەوە بەسەرکەوتوی لێی بێتەدەر.

لە ماوەی رابردوو خۆپیشاندانی برسییەتی لە ئیران دەستی پێکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران  لەسەر لێواری داڕوخانی تەواوەتی ئابووریدایە ئەوەش ئەگەری نزیکبونەوەی جەنگەکە زیاترکردووە.
با چاوەڕێبکەین بزانین لە ماوەی داھاتوودا چی روودەدا.

دەخوازم کوردستان پارێزراو سەلامەت بێت


AM:09:33:11/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 16688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی