پشتیوانیکردنی یەکتر، نەک پشت شکاندنی یەکتر!

‌ ئێڤار ئیبراھیم

میللەتی کورد قوربانی دەستی ڕەشی شەڕی براکوژی ( شەڕی ناوخۆ) یە.
ئەو کاتەی داعش ھێرشی کردە سەر کۆبانێ ویستی داگیر بکات، ڕۆژئاوا پێویستی زۆری بە ھاوکاری سەربازی و مرۆیی ھەبوو، لە بڕیارێکی مێژووی گرنگدا باشور ھێزی پێشمەرگەی ناردە ڕۆژئاوا، لەیەک سەنگەری نیشتماندا ڕووبەڕووی ترسناکترین دووژمن بونەوە و بەرگریان لە کۆبانێ کرد.

بە یەکگرتووی و یەکڕیزی توانرا ئیرادەی کوردان بپارێزرێت و سەربکەوێت و کۆبانێ نەکەوت لە ھەموو دونیا دەنگی دایەوە. پێویست بوو وانە و ئامۆژگاری گەورە و گرنگی لێوەربگیرێت.
ئەو یەکگرتووییە پەرەپێبدرێت و درێژەی پێبدرێت فراوان بکرێت و بەردەوام بێت و زۆربەی بوارەکان بگرێتەوە.

ئەوکات نوسەرێکی بەناوبانگی عەرەب نوسی : کوردەکانی باشور بەو حکومەتە بچکۆلەیە و ژمارە کەمەی دانیشتوان توانیان ھێزی پێشمەرگە ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکەن و یارمەتی و ھاوکاری سەربازی و مرۆی بگەیەننە براکانیان، بەڵام میللەتی عەرەب خاوەنی ٢٥ دەوڵەتی گەورەن ئەوە پەنجا ساڵە ناتوانن ھێزێکی یەکگرتوو دروست بکەن و بینێرنە بەھاواری خەڵکی فەلەستینەوە بچن و ھاوکاری بکەن ئەو وڵاتە رزگاربکەن.

پشگیری و پشتیوانی کورد لەگەڵ کورد لە ھەموو قۆناغەکان زەرورە و پێویستە ھەڵویستی نیشتمانی و نەتەوەی لە ھەموو شت گرنگترە بۆ میللەتێکی ماف زەوتکراو و خاک داگیرکراوی پارچە پارچەکراو بەتایبەت بۆ میللەتێکی وەکو کورد، نەک پشتشکاندنی کورد لە ھەرپارچەیەک بێت.

سیستمی سیاسی‌ و حوکمرانی لە باکور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بۆ زیاتر لە سەدەیەک نەتوانراوە مافە نەتەوەیی ‌و سیاسی ‌و مەدەنییەکانی پێکھاتەی کوردی دەستەبەر ببێت، تەنھا یەکگرتوی و یەکخستنی ناو ماڵی کورد و ڕێکخستنی مافی کوردان دێتە بوون.


PM:02:16:25/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 4855 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی