٨ی مارسی ٢٠١٧

‌ ئێڤار ئیبراھیم

بەتەنھا دیاریکردنی ڕۆژێک بەس نیە بۆ باسکردن و بیرخستنەوە یان دەرخستنی مافەکانی نیوەی کۆمەڵگا و دایکی نیوەکەی تر، پێویستە ھەموو ڕۆژێک ڕۆژی جێبەجێکردنی مافەکانیان بێت، کێشە و گرفت و جیاوازییەکان ھێندە زۆر و کەڵەکە بووە ناتوانرێت بەتەنھا لە ٨ی مارس بخرێتەڕوو یان ھەوڵی بەرەنگاربونەوەی کێشەکانی سەر ژنان و ئالیەت و میکانیزم ئەو بەرەنگاربونەوەیە بدرێت و جێبەجێ بکرێت.

کێشەکانی ژنانیش جیاوازە، بەشێک لە کێشەکان بە داخەوە ژنان خۆیان ھۆکارن، بەشێکی تریشی پیاوان و جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزی، کۆمەڵگا و داب و نەریت، زاڵبونی کاریگەری حزبایەتی ھۆکارە، ژنان یەکگرتوونین دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لە ژێر یەک چەتر کۆنەبونەتەوە، زۆر ھۆکاری تر.

یەکگرتووی و یەکڕیزی ژنان تاکە خاڵی بەھێزە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەوا و بەدینەھاتووەکان و گەیشتن بە خەونەکانیان کۆتای ھێنانی ڕیشەی نەھامەتیەکان، کەمکردنەوە یان نەھێشتنی جیاوازییەکان و توندوتژی خێزانی و ئاریشەکان لە کۆمەڵگادا، ناکرێ تۆ لە ناوخۆی ئەو چینەدا یەکگرتوو و یەک دەنگ نەبی و داوای بەدەستھێنانی ماف و نەھێشتنی جیاوازییەکانی کۆمەڵگا بکەی، ئەبێ چیتر کەمتەرخەم نەبن ھەنگاوی کرداری بنێن دەست لەناو دەست بۆ وەلانانی بەرژەوەندیە لاوەکیان، کاربکەن بۆ ڕۆڵ و ئەجێندا و بە دەستھێنانی دەستکەوتی گەورە بۆ دواڕۆژێکی گەش.

بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ئێستا ڕۆڵیان لاوازبووە لە چارەسەرکردنی کێشەی ژنان یان ھیچ نەبێت کەمکردنەوەی توندوتیژی سەر ژنان کە ڕۆژ بە ڕۆژ مانگ بە مانگ و ساڵ بە ساڵ ئامارە ترسناکەکان ڕوو لە زیادبون دەکات و تۆمار دەکرێت، لە کاتێکدا بەرپرسیارن لەبەرامبەر دابینکردن و پاراستنی مافی ئافرەتان لە ھەموو ڕوویەکەوە، بەڵام کەم تەرخەمن و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیەی لەسەر شانیانە وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە، پرسی ژنانیان بە بەھەند وەرنەگرتووە.

ھەموو قەیران یان شەڕ و جەنگێک کە ڕوو لە وڵاتێک دەکات، کاریگەری سلبی نەرێنی زۆر لەسەر ژنان دروستدەکات، لە ئێستاشدا قەیرانی دارایی و ئابوری و سیاسی دروستکرا و سەپێنراو لە ھەرێم کاریگەری و زیانی زۆری ھەبووە بۆ سەرژنان، زۆر ژن ھەبووە بەھۆی قەیرانی داراییەوە مێردەکەی لێی جیابۆتەوە، یان ڕۆژانە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەو توندوتیژییە جۆربەجۆرەکان دەبنەوە.

ھەوەھا شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش چەندین ئافرەتی کورد بێتاوان بوونە قوربانی گیانیان لەدەستدا، لە شنگال بە ھەزاران ژن و کچی خوشکە ئێزیدییەکان دوای داگیرکردنی ناوچەکە کەوتنە دەست داعش و ڕفێنران، شەھید کران، کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، شوێن بزرکران، ڕووبەڕووی کێشەی گەورەی دەرونی و جەستەی بوونەوە، ئەوەی پێویستە بۆیان بکرێت قەرەبووکردنەوەیانە لە ھەموو ڕوویەکەوە، ئازادکردنی ئەوانەشی کە تاوەکو ئێستا لە ژێر دەستی داعش ماونەتەوە.

گرنگە سود لە ئەزمون و ڕۆڵی ژنانی ڕۆژئاوا ببینین، چونکە ئەو قارەمانیەتیەی و سەرکەوتنە مەزنەمان بینی لە کە بەرامبەر بە دوژمنانی ماف و ئازادی تیرۆریستی داعش نواندیان و توانیان سەرنجی وڵاتانی دەرەوە بۆلای خۆیان ڕابکێشن و بونە جێگای شانازی میللەتی کورد، دەکرێت ئەو ئەزمونەی ئەوێ بۆ پارچەکانی تری کوردستان بگوزاینەوە.

*سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان


PM:01:51:08/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 2661 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی