گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

ئەزمونی چەند ساڵی رابردووی كوردستان و جیابونەوەو پەرتبونی یەكێتی زیانی زۆری بەبارودۆخی كوردستان گەیاند، بووە هۆی لاسەنگیی هێز، هەروەك كاریگەری نەرێنی كردە سەر بارودۆخی بەرەو پێشچونی دیموكراسی و فراوانتربونی پانتایی ئازادیی لەكوردستان، ئەمە سەرباری خراپبونی باری ئابوریی..

ئێستا دوای نزیكەی 10 ساڵ لە جیابونەوەی گۆڕان و دواتر چەند گروپێكی دیكە، نەتوانرا واقع بگۆڕدرێت، بگرە خراپتر بوو، جیابونەوەیان بەبێ‌ پرۆژە بوو، بەبێ‌ بونی هیچ ناكۆكییەكی سیاسی و ئیدۆلۆژیی بوو، بەڵكو یەكێك لەهاندەرە سەرەكییەكانی جیابونەوە، بریتی بوو لەخواستی شەخسیی، ئەمەش رەنگە خواستێكی شەرعیی بێت و ئاساییە.

كۆبونەوەی جەماوەر بەدەوری ئەوانەی لەیەكێتی جیادەبونەوە، بەرەنجامی توڕەیی خەڵك بوو لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەدوای بەدیلێكی باشتر دەگەڕان بەهیوای جێبونەوەی بەشێك لەداواو خواستەكانیان لەئەجێنداو كاری ئەو حزبانەی جیابونەتەوە، بەڵام دوای جیابونەوەو ئەزمونی چەند ساڵێك دەردەكەوت نە ئەجێندایەكی سیاسی روون و نەجیاوازییەك بەدیدەكەن راپەڕاندن و شێوەی كاركردنی حزبیی!

زۆربەی ئەوانەی جیابونەوە، لەوەگەیشتن كەبەبێ‌ یەكێتی ناتوانن نە گەشە بكەن، نە خواستە شەخسییەكانیشیان بهێننەدی، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە دیسان لەدەوری یەكێتی كۆببنەوەو بەتێگەیشتنی (ئەگەر یەكێتی بەهێز بێت ئەوانیش بەهێز دەبن) هەوڵی گەڕانەوەیان دا.

ئێستا زەمینەیەكی زۆر لەبار هەیە دوبارە ناوماڵی یەكێتی كۆبكرێتەوەو ئەوانەی تۆراون و گلەییان هەیە بهێنرێنەوەو جێبكرێنەوە، كۆكردنەوەیەك وەك ئەندامێكی تۆراوی خێزان بگەڕێتەوە ماڵەباوانی، من پێموایە ئەو هەست و بارە كۆمەڵایەتییە لەناو یەكێتی بونی هەیە، بۆیە كاتێك یەكێك رۆیشتوەو دێتەوە، لایەنگرانی یەكێتی لەبری مۆڕەكردن، دەستخۆشی دەكەن (والاعتراف بالخطئ فضيلة).

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كاربەدەست و لایەنگری گۆڕان پەیوەندیان بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە كردووە، بەدڵنیاییەوە كاریگەریی راستەوخۆو زۆر گەورە لەسەر كورسییەكانی یەكێتی دەكات بۆ ئەمجارە، بەڵام جیاواز لەهەموو جارانی پێشوو، رانەگەیەنراوە! كە من پێموایە كارێكی زۆرباشە! هاتنەوەی د. بەرهەمیش بەشێكە لەو بارودۆخەی دروستبووە، كە پێویستە هەموو دوبارە بگەڕێنەوە لەو شوێنەوە دەستپێبكەنەوە كە جێیانهێشتوە، چونكە بەبێ‌ یەكێتی كە خاوەنی هێزێكی گەورەیە ناتوانن نە گەشە بكەن و نەپارێزراویش دەبن. خۆ ئەگەر پرۆەیەكیشیان هەبێت بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك، بەدڵنیاییەوە لەڕێی یەكێتییەوە باشتر مەیسەر دەبێت، چونكە یەكێتی حزبێكی كاریگەرەو دەشێت بیكاتە بەشێك لەكارنامەی خۆی.

زەمینەدروستبون بۆ یەكێتی چانسێكی باش دەداتەوە یەكێتی ببوژێتەوە، بەربگرێت لەهەژمونی پارتی بەسەر حەكمڕانی كوردستان، بەڵام ئەو زەمینەیە بەبێ‌ چاوخشاندنەوەو نوێكردنەوەی پەیكەربەندی یەكێتی و شێوازی بڕیاردان و رەنگوبۆی یەكێتی، مومكین نییە درێژە بكێشێت، بۆیە ئەوانەی پێیانوایە یەكێتی لەخۆوە دەبوژێتەوە هەڵەیەكی گەورە دەكەن، بەڵكو پێویستە چی زوو كۆنگرە بكرێت و كۆتایی بەو بارودۆخە نەخوازراوەی ناوخۆی یەكێتی بهێنرێت و جەستەو ژیانی حزبیی یەكێتی نوێبكرێتەوە.

دەبێ‌ هەموو بزانین نە پارتی بەبێ‌ یەكێتی و نە یەكێتی بەبێ‌ پارتی ناتوانن حوكمڕانی كوردستان بكەن، بۆیە دەبێ‌ بزانین بۆ ئەم قۆناغە رێككەوتنێكی سیاسی روون و رەوان پێویستە، بەڵام رێككەوتنێك بێت كۆتایی بەهەژمونی تاك حزبیی و میزاجی شەخسی بەسەر بڕیاردان بێنێت، بەجۆرێك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ببێتە شەریكی حەقیقی لەبڕیاردان لە كوردستان و هاوكات شەریكی حەقیقی لە حوكمڕانیی. ئەگینا كوردستان بەردەوام دەبێت لەو گێژاوەی تێیدا دەژییت و ئارام نابێتەوە.


PM:11:20:19/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 2704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی