كێ‌ هەڵبژاردنەكان دوابخات؟

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

هێدی هێدی دەنگوباسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەبێتە باسی میدیاو ناوەندەكانی بڕیار لە كوردستان، لەوەدەچێت زۆربەی لایەنەكان بێنەسەر ئەو بڕوایەی بۆماوەیەكی دیاریكراو دوای بخەن، بەڵام خۆكردنە خاوەنی بڕیاری دواخستنەكە، كەمێك زەحمەتە، بەتایبەت خودی پرسەكە پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە هەیە، بەشێك لە لایەنەكان دەیانەوێ‌ وەك موزایەدە لەدژی بەرامبەرەكانیان بەكاریبێنن.

هۆكارگەلێكی زۆر هەن بۆ خواستی دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە، بەشێكیان پەیوەندی بەبەرژەوەندی حزبەكانەوە هەیەو بەشێكیشی پێدەچێت زۆربەی لایەنەكان لەسەری كۆك بن. ئەوەی پەیوەندی بەبەرژەوەندی حزبەكانەوە هەیە، ئەوەیە بەشێك لەحزبەكان بارودۆخی ناوخۆیان لەبار نییە بۆ چونە نێو هەڵبژاردن، دامەزراوەی بڕیاردانی حزبیان لەم كاتەدا كۆك نییەو پەیامی هەڵبژاردنیشیان روون نییە، رەنگە هەڵبژاردن ببێتە قوڵكردنەوەی زیاتری ململانێكانی ناو حزب و سەرەنجام جیابونەوەو پەرتبونی لێبكەوێتەوە، بۆیە دەخوازن بۆماوەیەك دوابخرێت بەئومێدی چارەسەركردنی بەشێك لەو گرفتانە.

هۆكاری دیكەش هەن كە بەشێك حزبەكان لەسەری كۆكن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەیان پەیوەندی بەو دۆخەوە هەیە كە لەعیراق و ناوچەكە هەستی پێدەكرێت و ئەگەری ئاڵۆزیی زۆری لێدەكرێت.
ئەوەی پەیوەندی بەعیراقەوە هەیە، پێدەچێت پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق زۆر ئاڵۆز بوبێت، جارێ‌ ئەوە سێ‌ مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردن هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن بەڕەسمیی رانەگەیەنراوە، لەلایەكی دیكە ئاڵۆزیی و ناكۆكیی جددی بۆ دیاركردنی سەرۆك وەزیران نوێ و شێوەی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی عیراق. ئەمریكا دەیەوێت حكومەتێك پێكبهێنرێت دوربێت لەدەستوەردانی ئیقلیمی و هەندێ‌ گروپ دوربخاتەوە، كەچی دەبینین ئەو گروپانەی لەژێر كاریگەری ئیقلیمیدان، بەهۆی بونی هێزی چەكداریان (حەشدی شەعبی) كەبەشێكن لەئەجێندای ئیقلیمی، هەژمونیان زیاتربووەو ئاسان نییە دورخستنەوەیان لەبڕیاردان و شێوەی حكومەتی نوێی عیراق (ئەگەر پێكهێنرا).

ناوماڵی كوردیش باشتر نییە لەناو ماڵی شیعە یان سوننە، تائێستا نەتوانراوە وەفدێكی هاوبەش، یان تەنانەت كۆبونەوەیەكی حزبەكانی كوردستان لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بكرێت، بۆیە بەم پەرتەوازەییەی ئێستا بچینە هەڵبژاردنی كوردستان، بەدڵنیاییەوە زۆر ئەستەم دەبێت بەیەك وەفد چونە بەغدا، چونكە هەڵبژاردنی كوردستان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر یەك هەڵوێستی كورد دەبێت.

ئەوەی پەیوەندی بەناوچەكەیشیەوە هەیە، دەبینین لیرەی توركی و تومەنی ئێرانی بەتەواوی روو لەلێژییەو ئەگەرێكی بەهێز هەیە ئابوری هەردوو وڵات ئێران و توركیا، لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئەگەر (ئەگەر بەردەوام بوو) روبەڕوی داڕمانێكی لەناكاوی ئابوری ببن و راستەوخوا كاریگەری لەسەر گۆڕانی ناوخۆی هەردوو وڵات دروستبكات، ئەمەش بێگومان رەنگدانەوەو كاریگەری راستەوخۆی بەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت!

لەپاڵ ئەو هۆكارانەی سەرەوە رەنگە خواستێكی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا هەبێت، ئەمەش ئەوەندەی دیكە ئەو ئەگەرانە بەهێزتر دەكات كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. ئەوەی گرنگە لەم دۆخەدا كە لیست و قەوارە سیاسییەكان ئەندامانیان بۆ كۆمسیۆن دەستنیشانكردووەو بەشێوەیەكی شاراوە لەڕێی بەربژێرەكانیان دەستیان بەبانگەشە كردووە، دەتوانن بەئاشكرا یان رەسمیی باس لەدواخستنی هەڵبژاردن بكەن؟ بێگومان زەحمەتە!

لێرەدا پرسی دواخستن پێویستی بەكۆدەنگی لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە، پێویستە ئەو پرسە بەجددی وەرگیرێت و بڕیاری لێبدرێت، ئەگەر لایەنەكان ناتوانن لەدەرەوەی پەرلەمان كۆببنەوە، ئەوا دەتوانن بەكڕی لەناو پەرلەمان ئەو پرسە چارەسەر بكەن.


PM:12:07:07/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1473 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی