چیرۆكی رەشەو موچەی خەڵك

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌


برادەرێكی زۆر ئازیزم لەئەوروپا هاتبۆوە، داوایكرد سەفەرێكی سلێمانیی لەگەڵ بكەم و چەند رۆژێك بمێنینەوە، ئێوارەكەی مەوعیدێكی دانا لەگەڵ هاوڕێیەكی كە پێشتر لەئەوروپا بەشەریكی بۆتیكێكیان(كوشك) بەیەكەوە هەبوو كاریان بەیەكەوە كردبو،من نەمدەزانی برادەرەكەی بووە بە فیرعەون و چوار لاندكرۆزەری بەدواوەیە! هەرچۆنێك بێت دوای بێنەو بەردەو ناونیشانی زۆر گەیشتینە ماڵی ئەو برادەرە.

خانوەكەی لەسەر شەش حەوت هەزار مەتر زەوی دروستكردبوو، كۆریتی سەگ و پەرژینی ئاژەڵی كێوی و قەفەسی مریشكی رەنگاو رەنگ و ..تد هەموی تێدابو! لەدەرگای پاشا چوینە ژورەوە دوای بەخێرهێنانێكی گەرم لەلایەنی شاژنەوە یەكەو قاوەیەكی نایابیان بۆ هێناین، شاژن بۆخۆی پێشتر لەئەوروپا لەسەر ئەو دوكانۆچكە شەراكەتە كاری كردبو، بۆیە لەگەڵ ئەو برادەرەی من نێوانیان زۆرخۆش بوو.

كە چوینە ژورەوە دوو ژن لنگیان لێ‌ راكێشابوو كولیچەیان دەكرد، گەنجێكی باڵا بەرزیش بەروانكەیەكی بەخۆیەوە كردبوو لەمەتبەخە كراوەكەیان خەریكی ئیشكردن بوو نەمدەزانی چی ئامادە دەكات، بەڵام كە قاوەی بۆ هێناین بەروانكەكەی دانابو!

شاژن دەهات و دەچوو كولیچەیەكی بەدەستەوەبوو دەیگوت با شیرنی نەبيت، شیرینی خراپە، كەمێكیش زیاد سوری بكەنەوە، چونكە حەمە حەزی لێیە! كەم ناكەمێك تلفۆنی بۆ پیاوەكەی دەكرد بۆئەوەی بزانێت كەی دەگاتەوە سلێمانی بەوپێیەی ئێمە میوانی ئەوین، لەقسەكردنەكەیدا ووتی حەمە گیان ئەمڕۆ رەشە هەر هاواری دەكرد، ئەمڕۆ زۆر عەجول بوو، كە هاتیەوە خۆت بیبین
كەمێكی پێچوو تلفۆنیكردەوە جارێكی دیكە ووتی حەمە گیان بیرم چوو ئەمڕۆ رەشە ئەوەندە عەجول بوو چووبوە دەرەوەو وون ببو "جا بزانە، سبەی دووسبەی شتی تریش دەكات هههههههه".

دوای چاوەڕوانیی خاوەن ماڵ هاتەوە، دوای بەخێر هێنان لەگەڵمان دانیشت، بەڵام هەستمدەكرد هۆشی لای ئێمە نەبوو، لەلایەك تلفۆنێكی زۆری بۆ دەهات، لەلایەكی دیكەی ژنەكەی زۆری قسەدەكرد! جارێكی دیكە باسی رەشەی هێنایەوە گۆڕێ، زۆری لەسەر رۆیشت، من وامدەزانی رەشە كوڕەكەیانە یان كەسێكی دیكەیە، بەڵام دواتر تێگەیشتم رەشە توتكە سەگێكە لەلەماڵەكەیان.

دەمویست زوو بڕۆین، بەڕاستی بەهەڵسوكەوتی ژنەكەو دیمەنی ماڵەكە بیتاقەت بووم، زۆری نەبرد ووتیان ئەوە كاك فلان و فلان هاتوون، ئیدی لەگەڵ پاسەوانێك هاتنە ژورەوە، یەكەو دوو كۆپەی بچوك گەورەی نیگار لەسەر چنراوی ئێرانیان پێبو، یەكێكیان سمێلێكی زل و چاو برۆیەكی بۆڕی هەبوو، 100 جار خۆیان كردە خولامی ساحێب ماڵ و شاژن! دیارە ئەوان خۆیان سروشتی شێوەزارو قسەكردنیان وایە، بەڵام بەو خەستییە نییە كە من بینیم.

كوپەكانیان دایەدەست گەنجە باڵابەرزەكەی ناندین و دانیشتن، بەكورتی دوای كەمێك دیاربوو حەزیاندەكرد لەبەرامبەر ئەو كوپانە پارەیەك وەرگرن، كابرای خاوەن ماڵیش ئەوەندە خۆیان كردبو بەقوربانی یەكەو دووسەد دۆلارێكی پێدان!

بەكورتی زیاترە بیگێڕمەوە، بەو هاوڕێیەی خۆم ووتم حەزدەكەم زوو بڕۆین، سەرباری داوای مانەوە بۆ خواردنی ئێوارە، بەڵام ئێمە رۆیشتین، كە چوینە دەرەوە ووتم تەماشا لێرە چۆن دەژین و لەدەرەوەش چۆن؟ لەسەر شاشەش چی پێشانی خەڵك دەدەن! ئەوانە لەچ ژیانێك و خەڵك لەچ ژیانێكی دیكە دەژیێت، لای ئەوان نەبایەو نەباران، خۆیان لە كۆشك و تەلارو خۆشترین باس خواسیان رەشەی تولە سەگە، كاتێكیش دێنە سەرشاشە حاتەمی تائیین و خۆیان بەعەررابی چاكسازیی پيشاندةدةن، بەرگێكی دیكە لەبەردەكەن و رەنگێكی دیكە دەپۆشن و دەنگێكی دیكەیان هەیە! نواندنێك دەكەن مەگەر خۆیان بزانن چەندە درۆزنن، چەندە دوو روون.

ئەمەم بۆ ئەوە هێنایەوە ئەمڕۆ ئێوارە مامۆستایەكی زانكۆ لەكوردسات نیوز لەگەڵم بەشداربوو، ئەویش وەكو من دەزانێت بەشێك لەشڕەخۆرەكانی ئەم كۆمەڵگایە بەمشێوەیە دەژین كەچی بەجۆرێك داكۆكی لێدەكردن ئینسان تەریق دەبویەوە، من دڵنیام ئەگەر لێپرسراوانی ئەم حوكمڕانییە بێنە سەر شاشە ناتوانن بەمشێوەیە بەرگریی لەخۆیان بكەن، خەمی ئەوەم نەبوو، خەمی ئەوەم بوو كە پێشتر نەك مامۆستا بەڵكو خوێندكارانی زانكۆ رێبەری شۆڕش و جولانەوە سیاسییەكان بوون، كەچی ئێستا نەك خوێندكار بەڵكو مامۆستا بۆتە پینەدۆزی گەندەڵكاران.


AM:10:20:13/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 4799 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی