شیعەو كورد دوو حوكمڕانی ناجێگیر

‌کەمال رەئوف

لەپانزە ساڵی رابردوودا لەعێراقی دوای سەددام، شیعەكان نموونەیەكی ناشرینی دەسەڵاتیان نیشانی دنیادا، نموونەیەك كە نەك بەكەڵكی سوننەو كەمایەتیەكانی تر نەهات، تەنانەت بەبەری خەڵكی شیعەشی نەكرد. تینوێتی شیعەكانی عێراق بۆ دەسەڵات هاوشێوەی خواستی شیعەكانی ئێران نەبوو، ئێرانیەكان بۆیە توانیان بەرگەی ئەو هەموو گوشارە نێودەوڵەتی و جەنگانە بگرن، چونكە پێگەی خۆیان لەنێوان خواستی مەزهەبگەرایی و نیشتمانییەوە تێكەڵ كرد و ئەزمونی ئیسرائیلییەكانیان بەهەند وەرگرت و بەو شێوەیە بەكاریانهێنا كە لەگەڵ خۆیان بگونجێت. 

ئێستا لەعێراق دوو ئەزمونی حوكمرانی هەیە، كوردو شیعە، كە هەردووكیان لەدەوڵەتی پێشووی عێراق كە حوكمرانی بەدەست سوننەوە بووە، مەنكوب و غەدر لێكراو بوون.

بەڵام بەحوكمی ئەوەی كوردو شیعە پایەكانی دەسەڵاتی خۆیان لەسەر نیشتمانسازی و لەسەر چەمكی پێكەوە ژیان دانەنابوو، ئێستا هەردوو دەسەڵاتی حوكمڕانی هەرێم و بەغداد، سەرباری ئەوەی پێكەوە ناتەبان و ناتوانن هاوكاری یەكتربن، لەهەمانكاتیشدا هەردوولایان توشی قەیرانی گەورەی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بوون.

حزبە سەرەكییەكانی شیعە و سوننەو كورد، بەبەرپرسیاری دۆخی ئێستای عێراق دادەنرێن، نەبوونی پێداویستە سەرەتاییەكان، فەنابوونی سیستەمی خزمەتگوزاری و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات، دروستبوونی كەراهیەت و تێكدانی سیستەمی پەروەردەو تەندروستی، هەموو ئەوانە بەرئەنجامی ئەو سیاسەت و هەڵسوكەوتانەن كە لەماوەی بیست ساڵی رابردوو لەسەر دەستی ئەوان لەكاتی ئۆپۆزیسۆن بوون و دەسەڵاتدارێتیان روویداوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو راستیانەشدا هەڵەدەكرێت گەر خوێندنەوەی نوێ بۆ دۆخەكە ئەوە بێـت چارەسەری ئەو گرفتانە ببەسترێتەوە بە فەنابوونی ئەو حیزبانە لەگۆرەپانی سیاسی، پێشتر ئەوە ئەزموون كرا چارەسەری هەموو كێشەو گرفتەكان بەسترایەوە بە كۆتایهاتنی دەسەڵاتی بەعس، بەڵام زۆری نەبرد دەركەوت لاچوونی دەسەڵات بەبێ بوونی بەرنامەیەكی دیاریكراوی پێشوەخت مەرج نییە یەكسان بێت بەئارامی و ئاوەدانی، بەپێچەوانەوە رەنگە ببێتە هۆی روودانی كارەسات و پاشەكشەی گەورە، وەك ئەوەی لەم دواییانە لەهەندێ لەوڵاتانی عەرەبی بینیمان. 

عێراقی ئەمڕۆ، ئەو وڵاتەیە كە بەشێكی زۆری ئیرادەی بەرێوەبردنی لەدەست خۆیدا نەماوە، سوپایەكی ماندوو، حزب گەلێكی بێ متمانە و دابڕاو لەویست و خۆشەویستی خەڵك، ئابورییەكی داتەپیوو، وڵاتێكی وێرانە لەغیابی خزمەتگوزاری سەرەتایی، لێواو لێو لەگەندەڵی و نائارامی. ئاخۆ ئەبێت چ پرۆژەیەك هەبێت بتوانێت ئەم وڵاتە لەو نەهامەتیانە قوتار بكات، گەمەی هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات شكستی هێناوە، سەروەری یاسا و جێبەجێكردنی دەستور بووە بەحیكایەتی مێش، بۆیە ئەگەری خراپبوون لەئەگەرە هەرە بەهێزەكانە، بەتایبەت ئەگەر ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو ئاستی پەیوەندییەكانیان لەم دۆخە خراپەدا بمێنێتەوە، بۆیە ئێستا عێراق لەدۆخێكدایە نەدابەشبوون دەبێتە رێگاچارەیەكی باش، نە پێكەوە ژیان و مانەوەیان بەم دۆخەی ئێستاوە پڕۆژەیەكی گونجاوی سەركەوتووە. ئەوەی بۆ كورد گونجاوە خۆ بەدورگرتنە تا باهۆزەكە دەنیشێتەوە ئەوكاتە نەخشەی سیاسی تازەی عێراق باشتر دەردەكەوێت و كورد دەتوانێت دواین بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات، ئەمەش بەشێوەیەك ئەكرێت كە كورد لەلایەن ئەنجومەنێكی شارەزای بەئاگاوە بەڕێوەببرێت نەك تەنها سەركردەكانی ئەم حیزبانە كە رابردوو دەیان هەڵەی ستراتیژیان بەسیاسەتی مەزاج، تۆمار كردوە.


PM:05:01:09/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی