قۆناغی دووەمی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی!

‌کەمال رەئوف


هیچكات نێوماڵی كورد، هێندەی ئێستا پشێو و شپرزە نەبووە، بێ متمانەیی وەك خۆركە گیانی لایەنە سیاسییەكانی دارزاندوە. بۆیە سەرباری بوونی هەر یاساو رێسایەك، سەرباری بوونی حكومەت و پەرلەمان، لایەنە سیاسییەكان پێویستیان بەرێككەوتنی چەند قۆڵی و ژێربەژێر هەیە. بەپێچەوانەی ئەو واقیعەی كە هەیە دەبوو رێككەوتنی لایەنەكان ببوایەتە مایەیی دڵخۆشی خەڵك، بەڵام بەداخەوە وانییە، چونكە لەرابردوودا ئەم رێككەوتنە سیاسیانە جەمسەرێكی بەرژەوەندی حیزبەو جەمسەرەكەی تری نەهامەتی خەڵك، ئەم رێككەوتن و نزیك بوونەوانە نەك باری شانی خەڵكی سوك نەكردوە، بەڵكو لەرابردوو ئێستاشدا هۆكارێك بوون بۆ دابرانێكی گەورەتر و رۆڵیان هەبووە لە قوڵكردنەوەی گرفتەكان.

ئێستا كەناوچەكە لەسەر لێواری گۆرانكارییەو كورد چاوی دنیای لەسەرە، و شەرێكی نەخوازراو بەردەرگەی پێگرتووین، ئێستا كە قسە لەسەر ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكرێت، تازە بەتازە پارتی و یەكێتی خەریكی دەمەزەرد كردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژین بۆ پیاچوونەوە بەپشك و دەستكەوتە حیزبییەكانیان، یەكێتی پارتی لەباتی ئەوەی لەهەوڵی رێخستنەوەی نێو ماڵی كورد بونایە، لەباتی ئامادەسازی نیشتیمانی و هەوڵدان بۆئاشكردنەوەی شەقام و لایەنەكانی تر، خەریكی رێككەوتنی دووقۆڵین لەسەر پێست و ئێسكی خەڵك و لایەنەكانی تر، ئەوان لەم جەنجاڵییە سیاسیی و ئابورییەدا، لەم نەهامەتییە قەیراناویەدا، خەریكی درێژكردنەوەی رێككەوتنێكن كە رابردوویەكی ناشرین وخراپی هەبوە و بەشێكی زۆر لەونەهامەتیی و قەیرانانەی كەئێستا خەڵك گیریان خواردوە بەدەستییەوە، بەرئەنجاوی ئەو رێككەوتنە تەموومژاوییەی چەند ساڵی رابردوویان بوو كە كوردستانیان لەرووی ئیدارەو ئابورییەوە پێكرد بەدوو لەتەوە و بەسەر خۆیاندا دابەشیان كرد. بەكوردی و كوتی ئێستا ئەوان سەرقاڵی رێككەوتنێكن كە مژدانەی ناوێت، چونكە نەك نێوماڵی كوردی پێ رێكناخرێت، ئەگەری لەتبوونی تریشی لێدەكرێت، بۆیە بەم رێككەوتنەیان نەك خەڵك رازی ناكەن، تەنانەت ناتوانن ئەندامە دڵسۆزەكانی خۆشیانی پێ دڵخۆش بكەن.


PM:02:52:30/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی