سەرەتای باهۆزەكە

‌کەمال رەئوف


گۆرانكارییە خێراكانی ناوچەكە، لەپێش روودان‌و هەڵكردنی باهۆزێكی گەورە دەچێت، كە گۆرانكاری هاوسەنگی هێز لەسوریاو یەمەن و عێراق، بووەتە هۆی زیاتر توند بوونەوەی جەمسەرەكان. 

ئاراستەكردنی موشەكی بالستی بۆ ناو جەرگەی سعودییە، توندبوونەوەی هێزی پەلاماردانەكانی ناو سوریاو ماراسۆن بۆ گرتنەوەی ناوچەكانی بن دەستی داعش، دەستكێشانەوەی كتوپری سەعد حەریری لەلوبنان، گۆرینی هاوسەنگی هێز لەنێوان هەولێرو بەغداو وەدەرنانی تەواوەتی داعش لەعێراق، تەمێكردنی قەتەرو دەستگیركردن‌و سزادانی شازادەكانی سعودییەو دەستگرتن بەسەر پارەو سەرمایەكانیان، كە مەزەندە دەكرێت بەنزیكەی 88 ملیار دۆلار، هەموو ئەوانە نیشانەی هەڵكردنی باهۆزێكی بەهێزن لەناوچەكە. 

بانگەشەی ئەمریكا بۆ كۆمەڵەی جیهان بۆ قبوڵنەكردنی تەحەدییەكانی ئێران و بەرگرتن بەسیاسەتی پاونخوازانەی لەناوچەكە، مانەوەو دەستكراوەیی هێزەكانی روسیا لەسوریا، پێدەچێت گردبوونەوەی هێزی جیهانی و بەرەی ئەمریكی لەناوچەكە دروست بێت، هەرچەندە لەم گۆرانكارییانە هێشتا بەروونی دیار نییە توركیا دەكەوێتە كوێی هاوكێشەكە، بەڵام بەدڵنیاییەوە تەكلیفی توركیا دورخستنەوەو پەراوێزخستنی كوردی هاوپەیمانی ئەمریكایە، بۆیە رەنگە هەڵوێستی توركیا هەمان هەڵوێستی شەڕی داعشی هەبێت‌و دواجار گۆرانكارییەكان ئەو وڵاتەش بگرێتەوە. 

وادەردەكەوێت سەرەتای باهۆزەكە لەلوبنانەوە دەستپێبكات، بەوەش رۆخی دەریا بۆ هێنان‌و مانەوەی هێزەكە دابینبركرێت، هەروەها ئەمجارە بۆ پاراستنی هێزە هێنراوەكەی خۆیان‌و ئیسرائیل، زۆربەی هێزەكان لەدەریای سوری سنووری سعودییەو دەریای ناوەراستی نزیك لوبنان موڵ دەدرێن. 

پێدەچێت ئێرانیش چاودێری ئەو جموجوڵە بكات، بۆیە پەلەیەتی لەناوچەی نفوزی، عێراق، هەرێم، یەمەن، لوبنان‌و سوریا، هێزەكانی نزیك لەخۆی رێكبخاتەوە.



PM:02:11:09/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 4103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی