گۆران دوایی مەرگی سەركردەكەیان

‌کەمال رەئوف



لەسەفەری پێشوویی بۆ لەندەن، چەندجارێك بەتەلەفۆن گفتوگۆم لەگەڵ كاك نەوشیروان كرد، بەردەوام قەلەقی ئەو پیاوە كەلەپرسیارەكانیدا دەردەكەوت، ئەوە بوو تابزانێت بزووتنەوەی گۆران بەبێ‌ ئەو چی بەسەر دێت.

لەگەرانەوەشیدا چەند جارێك سەردانم كرد، ئەو دەیویست بەكەسانی وەك ئێمە بسەلمێنێت كە چیتر بزووتنەوەی گۆران خاوەن دامەزراوەیەو بەسەردان و دوركەوتنەوە چەند مانگییەكەی دەركەوت كە هەڤاڵەكانی دەتوانن بەبێ‌ ئەویش لەبزووتنەوەی گۆراندا درێژە بەخەبات بدەن و كاروانی خەباتیان نەوەستێت.

لەسەروبەندی كۆنفرانسی گۆران لەسلێمانی، كە بۆ چاوپێكەوتنێكی كورت لەگەڵی دانیشتبووم، لێمپرسی خەونی ئێوە بۆ ئایندە چییە، ئەو پێكەنی وتی" ئێمە خەونمان نییە، چونكە ئێمە لایەنێكی سیاسین و لایەنی سیاسیش ئامانجی هەیە نەك خەون".

ئێستا دوای مەرگی ئەو چیتر بۆ هەڤاڵەكانی لەگۆران تەنها كاتی هەڵرشتنی فرمێسك و دەربرینی سۆزداری نییە، كاتی باسكردنی خەونەكان نییە، بەڵكو كاتی ئەوەیە شانبخەنە بەرئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە سەرشانیان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانیان، ئەركی ئەوان بەرپرسیارێتیەكی قورسە چونكە دەستبردن بۆ ئاشتی ئەركی قورسترە لە راگەیاندنی شەر. نەوشیروان مستەفا بەتەنها بۆ خۆیی شۆرشێك بوو، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی پەیوەندی ونزیكمان هەبوو، بۆیەكجاریش لێم نەبیست هەرەشەی شەربكات، بەردەوام ئەو بیری لای ئەوەبوو بەخەباتی مەدەنی نەرم و خەباتی پەرلەمانی لەئامانجەكانی نزیك ببێتەوە.

ئێستا بزووتنەوەی گۆران پێویستە مەرگی سەركردەكەیان توشی سەرەخوڵیان نەكات و بەپێچەوانەوە هەقوایە گروتینێكی تازەیان پێببەخشێت بۆ تازەبوونەوە بە پەیامەكەیان و پیاچوونەوە بەهەڵەكانیاندا، هەق وایە مەرگی ئەو بكەنە بۆنەیەك بۆ نوێ بوونەوەی بزووتنەوەكەیان و دروستكردنەوە و ژیانەوەی ئۆمید لای خەڵك بەهەنگاوەكانی. دیارە لایەنەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی چاوەروانیان لەسەر گۆرانی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە، بزانن هەڤاڵەكانی چی دەكەن و چۆن ئەو بۆشاییە پردەكەنەوە، هەردوو لایان دوایی غیابی نەوشیروان مستەفا تارادەیەك هەوڵی نزیك بوونەوە دروست دەكەن، نزیك بوونەوەیەك كە مەرگی نەوشیروان مستەفا بگۆرن بۆ مەرگی بزووتنەوەی گۆران و چیدی خاڵی لەكچونیان لەهەژمارد نەیەت، بەڵام ئەركی سەركردەكانی گۆران بەپێچەوانەوە ئەوەیە گاپی نێوانیان لەرووی چۆنایەتیەوە فراوانتر بكەن و ریگەنەدەن خاڵی لەیەكچوونیان زیاد بكات، بەچێچەوانەشەوە لەرووی عەمەلی و كاری هاوبەشەوە ئەركی ئەوانە بەردەوام نەخشەرێگاو بەرنامەی تایبەت بەخۆیان بخەنە روو. ئەركی هەڤاڵەكانی نەوشیروان مستەفاو وەفاداری بۆیی، ئەوەیە بەزوویی جیگەكەی پربكەنەوە و نەهێڵن یەكێتی و پارتی لە دوو حزبی لەیەكچووە ببێتە سێ‌.


AM:08:52:20/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 26436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی