برا گەورەیی و شانازییەکانی پارتی..

‌پەروا علی

پارتی یەکێک لەو حیزبانەی کوردستان کە میژوەکەی چەند دەیەیەکە، خۆی بە خاوەنی هەموو شانازییەکان دەزانێ، ئەوە باسی خەباتی پێشتر ناکەین تەنها لە دوای ڕاپەڕینەوە بگرە تا ئێستا، ئەوەندەی لە پیناو بەرژەوەندی بنەماڵەی بەرزانیدا خەباتی کردوە، مشتێکی بۆ کوردستان و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە نەکردوە.  لە کەرەجەوە هاتنە سەر حازری بۆ خواردنی بەرهەمی ڕاپەڕین، لەسەردەمی بەرەی کوردستانیدا وەک برا گەوەرە خۆیان سەپان و بە تاک و کۆ لە ئیرانەوە گەرانەوە بۆ سود وەرگرتن لە سەروەت و سامانی باشور، ئەوکاتەی بەرژەوەندییەکانیان کەوتە لێژی سوجدەیان بۆ گەورەترین دوژمنی کورد برد کە ڕژێمی بەعس بو، بە دەبابەی بەعس لە  ٣١ ی ئاب دا هەولێریان داگیر کرد، بەڵام سەد مەخابن ئێستاش شانازیشی پێوە دەکەن. 

پارتی و سەرۆکی پارتی، کوردستان بە ماڵی خۆیان دەزانن و خەڵکیش بە کۆیلەی بەردەستی خۆیان،  بۆیە بەڕەوای دەبینن کە دەبێت هەر ئەو سەرۆکی هەرێم بێت، لەگەڵ ئەوەی لە ٣٠ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ لەماوەی یەک ڕۆژدا بۆ دوو ساڵ ماوەکەی درێژکرایەوە و لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ وە ماوەکەی بەسەرچوە، کەچی هەر ئەو کورسییە جیناهێڵێت و ئامادە نیە قسەشی لەبارەوە بکات. هەمو ئەندامانی بنەمالەوحیزبەکەشی توتی ئاسا تەنها ئەشهەدوبیلایان لەسەرە! لەگەل ئەوەی دڵنیان کە بە نایاسایی ماوەتەوە.. شانازیش دەکەن بەو هەڵوێستەیان.

پارتی لە پیناوبردنی  سامانی سەر زەوی و بن زەوی وبێدەنگ کردنی پەرلەمان، لە ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ دا گەورەترین هێزی لەبازگەی پردێ دانا تا نەهێڵن سەرۆکی پەرلەمان بچێتەوە سەر کارەکەی، ئەو کودەتا گەورەیەی کرد بەسەر پەرلەماندا لەپیناو بەرژەوەندی بنەماڵە و کورسی سەرۆکایەتی، ترس لە شەفاف کردنی پارەی نەوت و هەوڵدان بۆ بە موئەسەسات کردنی کوردستان و سەروەری یاسا، کەچی هەر شانازی بە خۆیەوە دەکات.
پارتی دۆستایەتی هەمو نەیار و دوژمنانی باشور دەکات لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم، ئامادەیە سازشی دنیا بکات بۆ مانەوەی خۆی چاوی دەنوقێنی لە راستییەکان و سەربەکۆشی نامەردیشدا دەکات لە تورک و عەرەب و..و.. بەلام ئامادە نیە هاوکاری کوردانی پارچەکانی تری کوردستان بکات نەبا خەونی یەکبونی کوردستانی گەورە بێتە دی، خوازیاری دروست کردنی دەوڵەتی کوردیشە،هەفتانە دەیان ڕۆلەی کورد و شار وشارۆچکەکانی کوردستان بەتایبەت لە باکور و ڕۆژاوا دەکوژرێن و وێران و خاپور دەکرێت لەسەر دەستی دوژمنانی کورد، کەچی هەر شانازی بە خۆیەوە دەکات..

شەڕ لەگەڵ داعش گەورەترین تیرۆرستی دنیا دەکرێت، لەلایەن پێشمەرگەو شەرڤانان و گەریللا بەدرێژایی زیاد لە هەزار و پەنجا کیلۆمەتر گیان فیدا دەکرێت، دایک جەرگ سوتاوو مناڵ بێ ناز دەبێت، بونەتە شانازی و سەرمایە بۆ هاوکاری ماددی و مەعنەوی ومیدیای دنیای لێ ئاگادار دەکەین، بەڵام موچەکەیان زەوت کراوەو ئاساییە بە ناوی قەیرانەوە گوێی لێ کەڕ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شانازی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکەن، ئەو هێزەی وەزیرەکەی بە بڕیاری پارتی دوور خراوەتەوە لەبەرئەوەی بە ئاراستەی بای ئەوان شەن ناکات، سەد مەخابن هەر شانازی بە حیزبەوە دەکەن..

غەرق بونی هەرێم لە ئەم هەموو قەیرانە لە هەموو ڕوویەکەوە کە پشکی شێری هۆکارەکان بەرپارتی دەکەوێت، عەقدی پەنجا ساڵەی نیوان سەرۆکی حکومەتە شکستخواردوەکەی هەرێم لەگەڵ تورکیای برا، کەڵەکە بونی قەرزی زیاد لە ٤٠ ملیار دۆلار بۆ هەرێم کە دەیان ساڵی دەوێت تا دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، ئەگەر پارەی نەوت بگەڕێتەوە و یاسا سەروەر بێت، نەخۆی هەوڵی جاکسازی جدی هەیە و نە ڕیگەش ئەدا حیزبەکانی تری کوردستان شەریک بن بۆ گۆڕانکارییەکان و چیترپارتی واز لە وەهمی برا گەورەیی بهێنێت،  کەچی هەر شانازیش دەکات.

وەک سامان بەش کردنەکەی قانع ی شاعیر لەدەرگاوە تا سەربان بۆ خۆی، لە سەربانەوە بۆ ئاسمان بۆ ئێمە هاوڵاتیانی کوردستان جگە لە بنەماڵەی بەرزانی، سەرۆکایەتی هەرێم کە ماوەکەی بەسەر چووە، سەرۆکی حکومەت، پەیوەندییەکانی دەرەوە کە باشترە بڵێین پەیوەندییەکانی پارتی، ئاسایشی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەری، و ، و... هەموی لەدەست تاکە حیزبی موقەدەسە ولە میراتی هەرێم بەرخۆی کەوتوە لای ئاساییە و کەچی هەر شانازیش دەکات..

تەنها داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٥  بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار بوە، جگە لە کۆی داهاتەکانی تری هەرێم لە هەموو کەرتەکانی تر، ئاشکراشە هەموو ئەو پارانە دەخرێنە بانکی کوردستانەوە کە سەر بە نێچیرەڤان بەرزانییە، بەڵام ئێستا هیچ بانکێکی حکومی پارەی تیا نیە! ئەو حیزبە کۆنترۆڵی ئەو داهاتانەی کردووە و هێشتاش شانازی دەکات..

زۆرترین وگەورەترین کەناڵی میدیایی لە دەڤەری زەردە کە زۆرینەیان  زمانحاڵی  ئەو حیزبەیە و مانگانە ملیۆنەهادۆلاری بۆ سەرف دەکرێت، زۆرینەی قونسوڵ ی وڵاتان و ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان لەخزمەتی خۆیان بەکار دەهێنن.  کپ کردنی دەنگە ئازادەکان و ئازاردان و سەرکوتکردن و سنورداشکردنی میدیاکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، دانانی سنورە دستکردەکان لە هەولێر و ناوجەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەردەوامە. ئەمانە و چەندین نمونەی زیندوو رەفتاری خۆپەرستیانەی ئەو حیزبەیە و هێشتاش شانازی بە دیموکراسیەتی خۆیانەوە دەکەن. لەبری ئەوەی شانازی بە چەند کەسێکی دڵسۆزی خاوەن هەڵوێستەوە بکەن کە لەناو پارتیدان و خوازیاری گۆڕانکارین.

 هەرچەندە حیزبەکانی تری کوردستانیش بێ خەوش و گەندڵی نین، چەندین ساڵە شەریکە بەشی سامان و داهات و گەدەڵیەکانن، بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بێبەری نین لەم نەهامەتییە توشی هەرێم هاتووە، وەلێ ئارەزوی گۆڕانکاری دەکەن و بە نیەتی چاکسازی هەنگاو دەنێن.

ئەوەی نەنگی و ئەستەمە لەدوای ئەم هەموو خوارو خێچییەی ئەو حیزبە،  خزمەت بەم دەستکەوتانەی پارتی و شانازییەکانی پارتی بکەیت...

*کچەزای شەهید مەلا ڕەسوڵ


PM:02:58:03/08/2016

ئه‌م بابه‌ته 4876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی