ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بە پارتی کرد

‌پەروا علی


لە مێژووی خەباتی پارتیدا، کەس وەک دکتۆر یوسفی سەرۆکی شەرعی پەرلەمانی کوردستان، بە پارتی دیموکراتی کوردستانی نەکردووە، تاکە سیاسی کوردە کە لە ماوەی دوو ساڵی بەرپرسییارێتیدا، توانی ڕاچڵەکاندنێک بۆ پارتی و سەرکردایەتی ئەو حیزبە بکات، بە هەڵوێست و بریارەکانی و بە پێی ئەو دەسەلاتەی کە لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دا هەیە و لەلایەن ئەندامانی هەڵبژیردراوی پەرلەمانەوە پێیدراوە. توانی خاڵ بخاتە سەر ئەو پیتانەی  کە لەماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردودا پەرتەوازە و لێکهەڵوەشاو بوون.
 
پەیامی حیزبەکان وخێڵ و عەشرەت، هەمیشە کاریان پیاهەڵدان و فوکردنە سەرکردەکانی حیزبەکان بووە، بێ گویدانە ئایندەی نەوەکانی ئەم هەرێمە. لەگەڵ ئەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبەکانیان پڕن لە مانشێت  و بەهای جوان . تا ئێستا کە ماوەی سەرۆکی هەرێم دە ساڵە بەردەوامە بە شەرعی و نا شەرعی و خوازیاری بەردەوامی زیاترە لە لایەن پارتییەوە، نەیانویستوە باوەڕ بەوە بهێنن کە ئیرادەیەک هەیە بۆ گۆڕانکاری لە بڕیارە پێشوەختەکانی ئەو حیزبە و، وەهمی برا گەورەییان بەسەر هەمو حیزبەکانی کوردستاندا.

ئەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان کاریان بۆ کرد، سەبارەت بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم،  لە خولەکانی پێشوی پەرلەمان ڕوینەداو قسە لەسەر ماوەی حوکمڕانی و دەسەڵاتەکانی نەکراوە، بەڵام لەم خولەدا چەند فراکسیۆنێک بە بڕوای تەواوەوە  ڕاستەوخۆ کاریان لەسەر ئەو پرسە کرد. ئەم هەوڵەش لەکاتی خۆیدا بێڕێزی نەبوو بە خودی  بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەوڵدان بوو بەرەو قۆناغێکی نوێی دەسەڵات، هەنگاونان بەرەو دیموکراسییەتی ڕاستەقینە لەم هەرێمە، ڕێزگرتن بوو لە کاری  پێکەوەیی حیزبەکان وئیرادەی پەرلەمانتاران، نەک دەستەمۆ کردنیان.

بابەتێک کە  پارتی و زۆرێک لە بەناو سیاسییەکانی زۆر قەڵس کردوە، ئەوەیە کە سەرۆکێکی پەرلەمان لە میژوی سیاسی ئەم ناوچەیەدا توانی ئیرادە و بەرپرسیارێتییەکەی لە کات و شوینی خۆیدا، وەک پێویست بوو، بەکار بهێنێ و خیانەت لە دەنگدەرانی کوردستان نەکات، بۆ بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسی.
 تا ئیستا کەس دەستی بۆ شکاندنی شکۆی پۆستی سەرۆکی هەرێم نەبردوە، بۆیە کێشەی سەرەکی پارتی، بووە بە دکتۆر یوسف کە پێشتر هیچ یوسفێک خۆی لە قەرەی نەداوە.   

ئەوی لە باشوری کوردستان ڕویداوە لە چارەکە سەدەی رابردودا، هەمیشە کورتبینانەو ئەمرۆ بۆ سبەی بووە، هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە و بەتایبەت پاش پێکهینانی بەرەی کوردستانی خەمی گەورەیان دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ و سەقامگیری و خۆبەڕێوەبردن بوو لەپیناو ئازادی دا، ئەمە  لە خیتابی سیاسی حیزبەکاندا هەبوە و هەیە،  بەلام سیخناخیش بووە بە  موجامەلەی سیاسی و بەش بەشێنەی حیزبی و بەرژەوەندیخوازی. هیچ کاتێک حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێمە نەیانتوانیوە پلانێکی ستراتیژی دریژخایەن بۆ ئایندەی کوردستان دابنێن، کە هەلومەرجی سیاسی دەرەکی و ناوخۆییەکان لەبەرچاو بگرن، ژێرخانی ئابوری و پەروەردەیی و کۆمەلایەتی گەشەی پێبدرێت، هەمیشە ناکۆکیەکان گەورتر بون لە تەباییەکان، پاشکۆیەتی هێزی دەرەکی بەهێز تر بوە لە ڕێکەوتنە سیاسییە ناوخۆییەکان، ململانێی سیاسی بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەر و بچوککردنەوەی لایەنگران و هاوڵاتیانی دەرەوەی حیزب بووە. گەورەکردنی قەیرانەکانیش بۆ تۆڵەکردنەوەیە لە هاوڵاتیانی کورستان چونکە خەڵک باجەکەی ئەدات.

 سەرکردایەتی پارتی و ئەندامەکانی باش ئەزانن کە مانەوەی سەرۆکی هەرێم نایاساییە و پەکخستی پەرلەمان لەوە نایاساییترە و کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەریان لە دەرەوەو ناوەوەی هەرێم، بەلام ئەوانە هەموی بەلایەک و سەرۆکی پەرلەمان بەلایەک، ئەم سەرۆکە لای پارتی بۆتە هەورێکی بەرز و ئاسمانی گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکانی  بۆخاتری دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەلاتە، بەلام لای پارتی نەنگییەکی گەورەیە، چونکە بەڕاستی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بە پارتی کردوە کەس نەیکردوە..


PM:10:54:29/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 6551 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی