‌رِوخساری نیوە‌ ناچڵ لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا ‌
PM:12:11:06/06/2016
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

رِوخساری پێداچونەوەیەكی تەمومژاوی‌و نیوە‌ ناچڵ لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا ‌

دروستكەرانی بڕیار لە ئەنكەرە خەریكە دەچنە سەر ئەو باوەڕەی كە كاتی ئەوە هاتووە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتی دەرەوەی توركیادا بكەن‌و هەروەها خەریكن ئەو بۆچونەیان لەلا بەهێز دەبێ كە پێشهاتەكانی ئایندە ئومیدێكی زۆریان لەسەر هەڵناچنرێ. ئەنكەرە هەست بە گۆشەگیری دەكا‌و بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە ئایندە‌و بەشێكی زۆری نیگەرانییەكانی پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، توركیا لانی كەم لە شەش ویلایەت لە دۆخێكی وادا دەژی كە نزیكە لە دۆخی جەنگ‌و تێیدا سوپا سەرقاڵە بە شەڕكردن لە دژی گەریلاكانی پەكەكە. ئەم شەڕە كاریگەریی خراپی لەسەر پەكپارچەیی نیشتمانی بەجێ هێشتووەو كورد‌و توركی زۆرتر لێك دورخستۆتەوە.

لە سوریاش، تێكڕای سیاسەتی ئەنكەرە شكستی هێناوە ‌و ئێستا ئەم سیاسەتە لە سایەی فۆبیای كورد بەڕێوە دەچێ. هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاویش ئۆغلۆ ئەو پێشنیازەی خستە بەردەم واشنتن كە پێكەوە، بەبێ پەیەدە، بەرنامەیەك بۆ گرتنەوەی شاری رەقە دابنێن، ئامادەیی ئەوەشی دەربڕی كە هێز بۆ گرتنەوەی شارۆچكەی مەنبەج‌و دەركردنی داعش بنێرێ.

واشنتن بەشێوەیەكی فەرمی هیچ وەڵامێكی نەبوو بەڵام بە كردەوە پەیەدەی هاندا هێرش بكاتە سەر مەنبەج‌و بەڵێنی دا كە چەك‌و پشتیوانی ئاسمانیی بۆ دەستبەر بكا. پەیامەكەی واشنتۆن بۆ ئەنكەرە روونە: پێویستمان بە ئێوە نییە. پێشتریش وەزیری دەرەوەی توركیا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی لەگەڵ ئەمركیادا كردبوو بۆ گرتنەوەی جەرابلس. جێگری سەرەك وەزیرانی توركیا نوعمان كورتولموش پاش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مەنبەج، ئەمریكای سەرپشك كرد لە هاوپەیمانی لەگەڵ پەیەدە یان لەگەڵ توركیا‌و لەم رووەوە پەیەدەی بە «دوژمنی توركیا» ناو برد.

واشنتۆن لە نیگەرانییەكانی توركیا بەرامبەر بە پەیەدە بێئاگا نییە‌و لە چوارچێوەی سیاسەتی لە سوریا، نایەوێ هیچ دەرفەتێك بۆ بەهێزبونی پێگەی توركیا لە سوریا برەخسێنێ. كێشەی توركیا لە سوریا ئەوەیە كە وای لێ هاتووە كە دەبێ لە یەك كاتدا روبەڕوی دوو زلهێزی جیهانی وەك ئەمریكا‌و روسیا ببێتەوە. ئەمەش دژواریی ئەو قەیرانە نیشان دەدا كە ئەمڕۆ ئەنكەرە لە سیاسەتی لە سوریا توشی هاتووە.

كورتولموش لە لێدوانەكانیدا «زۆر بەپێویستی» زانی پێداچوونەوەیەك بە سیاسەتی وڵاتەكەی لە سوریا‌و عیراق بكرێ. ئەوەندەی كە مەسەلەكە پەیوەندی بە كوردی عیراقەوە هەیە، كورتولموش بیرۆكەیەكی تازەی نمایش كرد ئەنكەرە لەمەوپێش نمایشی نەكردووە، ئەویش ئەوەیە كە ئەنكەرە پشتگیریی چاكبونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. لە لێدوانەكەدا بەناو ناوی حكومەتی هەرێمی نەهێنا، بەڵكو دەستەواژەی» ئیدارەی باكوری عیراق» بەكار هێنا. پەیامە ناڕاگەیەنراوەكەی كورتولموش لەم بارەیەوە ئەوەیە كە ئەنكەرە دژی هەر بیركردنەوەیەك كوردی عیراقە لە هێنانە كایەی دۆخێك كە تێیدا كورد دوور لە بەغدا بڕیار بدا.بەشێوەیەكی گشتی، سیاسەتی ئەنكەرە بەرامبەر بە كورد لە تەنگانە دایە، ئەنكەرە لە بەرەنجامی كۆتاییدا سودی لە ئامادەیی پەكەكە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن وەرنەگرتوە‌و مەسەلەكەی گەیاندۆتە هەڵگیرسانەوەی شەڕ. ئەمەش دۆخێكە ئەنكەرە ئاكامەكانی پێ مسۆگەر ناكرێ. بەرامبەر بە كوردی سوریاش، ئەنكەرە لە ڕۆڵی پەرەسەندوی كورد لە شەڕی دژی داعش‌و پێكهێنانی سوریایەكی نوێ تۆقیوە. بەرامبەر بە كوردی عیراقیش،جگه‌ له‌ هه‌ندێ ده‌ستکه‌وتی نه‌وتی که‌به‌رده‌وامبونی مسۆگه‌ر نییه‌،  پێگەیەكی بەهێزی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمدا دروست نەكردووە. پەیوەندییە ستراتیجییەكەی، هەر پێنج لایەنە سەرەكییەكەی پرۆسەی سیاسەتی هەرێم ناگرێتەوە، بەڵكو تەنها یەك لایەن دەگرێتەوە.

ئەنكەرە پەی بە پێویستیی پێداچوونەوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەبا بەڵام هێشتا تێڕوانینێكی رۆشنی بۆ پێداچونەوەكە نیە‌و هیچ میكانیزمێكیش بۆ جێبەجێ كردنی پێداچونەوەكە شك نابا، سەرباری ئەوەی كە ئەنكەرە زۆر درەنگ‌و لە هەلومەرجێكی ئاڵۆز‌و پڕ كێشمەكێش بیری لێ كردۆتەوە. لە هەموشی خراپتر ئەوەیە كە ئەنكەرە مەسەلەی بیركردنەوەی لە پێداچونەوەی سیاسەتی دەرەوەی بە مەسەلەی هێنانەدیی سیستمی سەرۆكایەتییەوە بەستۆتەوە‌و ئامانجە سەرەكییەكەی لە پێداچونەوەكەدا ئەوەیە كە ژینگەیەكی لەبارتر بۆ تێپەڕاندنی سیستمی سەرۆكایەتی برەخسێنێ، مەسەلەیەك كە دواجار لە جیاتی ئەوەی رەوشەكەی پێ هیۆر بكرێتەوە، ئاڵۆزتر‌و ئاڵۆزتری دەكات.

ئه‌م بابه‌ته 1498 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.