توركیا و بژاردە سەختەكانی ‌

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

سەردانەكەی سەرەك وەزیرانی توركیا ئەحمەد داوود ئۆغلو بۆ تاران، لە هیچەوە نەهاتووە. سەردانەكە لە ناوەڕۆكدا پاشەكشەیە لە چەردەیەك سیاسەت كە لەم دواییەدا ئەنكەرە لە ناوچەكەدا پیادە كردووە.بەشێوەیەكی تایبەت، سەردانە كتوپڕەكە لە ڕوداوێكی كتوپڕی ساڵی 1990 دەچێ، كاتێك سەرۆكی عیراق سەدام حسێن لە ساڵی 1990دا، پاش سەپاندنی سزا ئابورییەكان بەسەر عیراقدا لە سۆنگەی هێرشكردنە سەر كوێتەوە و دروستبونی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لە دژی عیراق، تینی بۆ هات و بەشێوەیەكی كتوپڕ دانی بەو پەیمانەی جەزائیردا نا كە لە ساڵی 1980 دا تاكلایەنە هەڵی وەشاندبۆوە. لەو كاتەدا سەددام حسێن پێی وابوو كلیلی دەربازبوون لە گێچەڵەكە، بە ئاشت كردنەوەی ئێران دەست پێ دەكا.

داوود ئۆغلو شوێن پێی سەددام هەڵدەگرێ. هەرچەند سەردانەكەی بۆ تاران روخسارێكی ئابوریی پێوە دیارە، بەڵام گومانی تێدا نیە كە زۆربەی جار ئابوری دەروازەی سیاسەت پێكدێنێ. بیر بۆ ئەوە دەچێ كە ئەنكەرە پێی وایە ئێران كلیلی چارەسەركردنی گرفتەكانی توركیایە و هیچ شتێك قەرەبوی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا ناكاتەوە.

ئێرانییەكان زۆر بە گەرم و گوڕییەوە پێشوازییان لە داوود ئۆغڵو كرد، هەرچەند ناكۆكییەكانیان لەگەڵ سیاسەتی ئەنكەرە سەبارەت بە عیراق و سوریا و لوبنان و ناوچەكە سنوری نیە. ئێرانییەكان هیچیان لە سەردانەكەی داوود ئۆغڵو نەدۆڕاندووە، لەكاتێكدا توركیا بەم سەردانە وا دەركەوت كە دەوڵەتێكە بەڕادەیەك تینی بۆ هاتووە كە ناچارە لەهەموو دەرگایەك بدا.

لە چوارچێوەی بۆچونە هەرە گەشبینەكاندا، سەردانەكەی داوود ئۆغلو دەشێ سەرەتای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی توركیا-سعودیە بێ. ئەم بۆچونە بێ بناغە نیە، بەتایبەتی كە سعودیە لە سایەی سیاسەتی شا سەلماندا مەسەلەی بەرپەرچدانەوەی ئێرانی كردۆتە گرنگترین ئامانجی سیاسەتی دەرەوەی. سەردانەكە لە ناوەڕۆكدا بەم مانایە دێ كە پرۆژەی دەستێوەردانی هاوبەشی سعودیە-توركیا لە سوریا كۆتایی هاتووە، هەروەك بەم مانایەش دێ كە ئەنكەرە بۆ یەكلایی كردنەوەی قەیرانی سوریا بە قازانجی خۆی هەم لە سعودیە بێومێد بووە هەم لە كۆنفرەنسی ژنێڤ و هەم لە توانای ئۆپۆزیسیۆنی سوریا.

مایەی سەرنجە كە سەردانەكە چەند رۆژێك پاش ئەوە دێت كە ڕوسیا پێشنیازی بە فیدرالی كردنی سوریای راگەیاند. ئەمەش بۆ توركیا مایەی نیگەرانییەكی زۆرە چونكە بەم واتایە دێت كە كوردی سوریا هەرێمێك یان ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمیان چنگ دەكەوێ. ئەنكەرە لەو بڕوایە دایە كە تارانیش ئەم پێشهاتە تازەیەی پێ باش نیە، بۆیە ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە بەرەیەك لە دژی پرۆژەكە دروست بكەن. بەڵام جیاوازیی نێوان ئێران و توركیا لەم روەوە لەوە دایە كە ئێران، سەرەڕای ئەوەی كە پێشوازی لەم پرۆژەیە ناكا، كەم هەستیارترە بەرامبەر بە پەیدابونی هەرێمێكی كوردی لە سوریا چونكە لە ئەگەری بە فیدراسیۆن كردنی سوریادا، ئێران لانی كەم ئەو دەرفەتەی بۆ دەمێنێتەوە كە پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ هەرێمە كوردی و عەلەوییەكاندا دروست بكات، سەرباری ئەوەی كە ئێران بە پێچەوانەی توركیاوە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كوردی سوریادا نیە. 

بەشێوەیەكی تایبەت، سەردانەكەی داوود ئۆغلو نیشانەی ئەوەیە كە توركیا لە ژێر فشاری روداوەكان دایە و لە هەوڵی ئەوە دایە كە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتە شێواوەكانیدا بكات. بەڵام درەنگ هەست كردنی توركیا بە پێویستیی پێداچونەوە، ئەستەمە چانسێكی زۆر بۆ راست كردنەوەی هەڵە خراپه‌ كەڵەكە بووە قورسە زۆرو زەبەندەكان پێك بێنێ.


AM:11:57:14/03/2016

ئه‌م بابه‌ته 3058 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی