كوردستان‌ و كەتالۆنیا دوو مۆدێلی جیاواز

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

تاكە شت كەهەرێمی كوردستان‌ و هەرێمی كەتالۆنیا كۆدەكاتەوە ئەوەیە كەهەردووكیان بیر لەجیابونەوە دەكەنەوە.
جموجوڵی جیابوونەوە لە كەتالۆنیا زۆر گەرم‌ و گوڕە و شەقام بەوپەڕی تواناوە پشتگیریی دەكات. 

ئەم جموجوڵە گەرم ‌و گوڕە لەناوەڕۆكدا پشت ئەستورە بەئابوورییەكی بەهێز.

حكومەتی كەتالۆنیا بە بەراورد لەگەڵ حكومەتی كوردستاندا حكومەتێكی قەرزار نییە و كێشەی دابینكردنی مووچەی كارمەندەكانی نییە و تائێستا باشترین خزمەتگوزاریی پێشكەش بەهاووڵاتییەكانی كردووە.

لەڕاستیدا كەتالۆنیا پێویستیی بەئیسپانیا نییە، بگرە بەپێچەوانەوە، ئیسپانیا پێویستی بەكەتالۆنیایە.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ئابووری، كەتالۆنیا ساڵانە دەوروبەری ٤٩ ملیار یۆرۆ بۆ بودجەی گشتیی ئیسپانیا دابین دەكات كەدەكاتە دەوروبەری %١٩ی سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی ئیسپانیا، لەوە ٣٥.٥ ملیار یۆرۆ لەناو هەرێمەكە ساغ دەكرێتەوە و ئەوەی تر كە ١٣.٥ ملیار یۆرۆیە بەهەرێمەكانی تر دەدرێت.

ئەگەر كەتالۆنیا لەئیسپانیا جیا ببێتەوە ١٣,٥ ملیار یۆرۆكەشی بۆ دەگەڕێتەوە. 
نیوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی كەتالۆنیا لەگەڵ جیهانە و نیوەكەی تریشی لەگەڵ هەرێمەكانی تری ئیسپانیایە.
بەكردەوە، كەتالۆنیا هیچ قەیرانێكی ئابووریی نییە‌ و چ لەئیسپانیا جیا ببێتەوە و چ جیا نەبێتەوە، سەربەخۆییەكی ئابووریی مسۆگەری هەیە.
لەڕووی سیاسیشەوە، كەتالۆنیا لەناوخۆدا، كێشەی سیاسیی نییە، هەموو حزبەكان پشتگیریی سیستمی پەرلەمانی دەكەن ‌و هەرێمەكە خاوەنی سەركردەیەكی هەڵبژێردراوە كە كۆدەنگیی شەقام‌ و حزبەكانی لەسەر هەیە و هیچ لێكدانەوەیەكی جیاواز بۆ شەرعیەتەكەی نییە.
بەڵام كوردستان ‌و كەتالۆنیا كێشەی یاساییان لەمەسەلەی جیابونەوەدا هەیە. 

لەم ڕووەوە كەتالۆنیا هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە ئەگەر بتوانێ‌ بەئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا وەربگیرێ‌.
چانسی ئەوەی دەبێ‌ كە ڕێگەچارەیەك بۆ كێشە یاساییەكە بدۆزێتەوە.

پەیوەند بەم مەسەلەیە. وەرگرتنی كەتالۆنیا بەئەندام لەیەكێتیی ئەوروپا زۆرتر دەوەستێتە سەر شێوازی جیابوونەوەی كەتالۆنیا و لەم ڕووەوە ئەستەمە یەكێتی ئەوروپا بەڕاگەیاندنێكی تاكلایەنەی سەربەخۆیی ڕازی بێ‌.

ئەو پەندەی كەهەرێمە سەربەخۆخوازەكان دەبێ‌ لەكەتالۆنیای فێر بن ئەوەیە كەجیابوونەوە تەنها ناوەستێتە سەر ئارەزووی ڕووت ‌و خەون بینینی فڵان ‌و فیسار سەركردە بەتۆماركردنی سەروەری بۆ خۆی‌ و گروپەكەی، بەڵكو زۆرتر دەوەستێتە سەر ڕۆشنیی ئایندەی ئابووریی هەرێمە سەربەخۆكە.

ئەمە بەم مانایە دێت كەتەنانەت ئەوروپاش پێشوازی لەسەربەخۆیی كەتالۆنیایەكی قەرزار و پڕ كێشمەكێش‌ و بێ‌ دامودەزگای شەرعی ناكات، بەڵام ئامادەیە نەرمییەكی گونجاو بەرامبەر بەسەربەخۆییەكی شایستە بنوێنێ‌.

ئەو پەندەی كەدەبێ‌ هەرێمە سەربەخۆخوازەكان لەكەتالۆنیا فێری ببن ئەوەیە كەئابوریی گەشەسەندو و دەرگاكان لەبەردەم سەربەخۆییدا واڵا دەكات و قەیرانە ئابورییەكان دەرگاكان بەڕووی سەربەخۆیی ‌و پەرەپێدان ‌و سەقامگیریدا دادەخەن.


PM:04:34:13/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 3319 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی