ئاماژەكانی پشت سەردانی شاندی كوردەكانی سوریا بۆ دیمەشق

‌فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد

چونی شاندێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ دیمەشق ‌و دەستپێكردن یان رێخۆش كردن بۆ دەستپێكردنی وتووێژ لەنێوان هەردولا بۆ گەیشتن بە سازان سەبارەت بە رێكخستنی پەیوەندیی یاسایی نێوان كورد و حكومەتی ناوەندی، روداوێكی سەرپێیی نیەو ‌و چەند مانایەكی لە خۆ گرتووە، گرنگترینیان نیگەرانیی كوردە لە ناڕۆشنیی سیاسەتی ئەمریكا لە سوریاو هەروەها لە ناوچەكە و بەگومان كەوتن لە ئاراستەكانی ئەو سیاسەتە، بەتایبەتی سەبارەت بە عەفرین ‌و لەم دواییەشدا سەبارەت بە منبج. سەرەتای بەگومان كەوتنەكە لە عەفرین دەست پێدەكا. ئەگەر لە كاتی قەیرانی عەفرین دا، كورد رازی بوایە سوپای سوریا بچێتە عەفرین، زیانەكە كەمتر دەبوو و بناغەیەكی پتەویش بۆ دەستپێكی پەیوەندییەكی سەقامگیرتر لە نێوان كوردو دیمەشق دادەنرا. ئەم هەڵەیە زۆر گران لەسەر كورد كەوت. بۆیە دەشێ‌ پەیامی یەكەمی سەردانەكە ئەوە بێ‌ كە كورد پەندی لە هەڵەكانی پێشوی وەرگرتووەو خوازیارە واقیعبینانەتر هەڵسوكەوت بكات.

بەدڵنیاییەوە، ئەم سەردانە بەبێ‌ ئاگاداریی روسەكان ئەنجام نەدراوە، دیارە روسەكانیش خوازیارن هاوپەیمانێكی تاقیكراوەو بەهێزی وەك كورد بەلای خۆیاندا راكێشن، بەتایبەتی كە ئەمە هەم ئەمریكا بەبێ‌ هاوپەیمان لە سوریا دەهێڵێتەوە هەم بەرەی ئەسەدی هاوپەیمانیان بەهێز دەكا.

دەشێ‌ بەمجۆرە سەیری دیمەنەكە بكەین كە دیمەشق ‌و روسەكان نایانەوێ‌ پاش گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ئیدلب، توشی بەریەككەوتن بن لەگەڵ كورد. هەروەها روسەكان دەیانەوێ‌ ئەزمونی چارەسەركردنی كێشەی نەتەوەكان لە روسیا، بگوێزنەوە بۆ سوریاو مەبەستیانە كورد دەستكەوتێكی وای لە چوارچێوەی سوریا چنگ كەوێ‌ كە ببێ‌ بە مایەی تێكهەڵكێشبونی لەگەڵ سیستمی سیاسی ‌و دروست نەكردنی گێچەڵ بۆ سەقامگیریی سوریا.
ئەو دەستكەوتانەی كە پوتین لە سوریا بۆ روسیای بەدەست هێناوە، لەمەوبەر روسیا نە لە سەردەمی تزارەكاندا بە دەستی هێناوە نە لە سەردەمی كۆمۆنیستەكاندا. پوتین خەونی مێژینەی تزارەكان ‌و كۆمۆنیستەكانی هێنایە دی ‌و سنوری روسیای تا سەر دەریای ناوەڕاست درێژ كردەوە.

ئەدگاری سوریای ئایندە نە لە ئەنكەرە دیاری دەكرێ‌ نە لە پاریس ‌و نە لە واشنتن ‌و هەروەها نە لە دیمەشق، بەڵكو لە مۆسكۆ دیاری دەكرێ‌. روسەكان دەزانن سوریا بەو ئابورییە داهێزراوەی، بە تەنها دەرەقەتی پێداویستییەكانی قۆناغی بنیاتنانەوە نایەت. ئەمە بەم مانایە دێت كە روسەكان تا دەیان ساڵی تر سێكتەرەكانی ئابوری ‌و سیاسەتی دەرەوەو سیاسەتی ناوەوە لە سوریا كۆنترۆڵ دەكەن ‌و سوریای ئایندە لە دەوڵەتێكی ماندێتەكراوی ژێر دەسەڵاتی روسیا هیچی تر نابێ‌. ئەمەش سیناریۆی عیراقی 1921-1958مان بەبیر دێنێتەوە كە تێیدا بریتانیا ئەكتەری سەرەكی ‌و داڕێژەری سیاسەتە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكانی عیراق بوو. لەنێو پێكهاتەكانی سوریادا هیچ پێكهاتەیەك بەقەد كورد لەم دۆخە سودمەند نابێ‌. ئەمەش دەبێ‌ كوردی سوریا بەو ئاراستەیە هان بدا كە ستراتیجی كاركردنیان لەم قۆناغەدا لەگەڵ ستراتیجی روسیا بگونجێنن.

لەسەر ئاستی تاكتیكی، روسیا خواستیارە نیگەرانییەكانی ئیسرائیل ‌و ئەمریكا لە نزیكبونەوەی هێزەكانی ئێران لە سنوری جولان بڕەوێنێتەوە. مۆسكۆ ‌و دیمەشق پەی بەوە دەبەن كە تێكشكاندنی تیرۆر لە سوریا، بەبێ‌ بەشداریی هێزەكانی ئێران ‌و حزبوڵڵای لوبنان بەدی نەدەهات. بەڵام لە هەمان كاتدا پەی بەوەش دەبەن كە بەردەوامبونی نیگەرانییەكانی ئیسرائیل ‌و ئەمریكا لەم بارەیەوە، دەشێ‌ رەوشی سوریا ئاڵۆزتر بكاو ببێ‌ بە مایەی سەرهەڵدانی گێچەڵی تر. هەر ئەمەشە كە هانیان دەدا بیر لە میتۆدێك بكەنەوە كە هەم نیگەرانییەكانی ئیسرائیل ‌و ئەمریكای پێ‌ بڕەوێتەوە هەم نەبێ‌ بە مایەی لە دەستدانی ئێران وەك هاوپەیمانێكی كاریگەرو تاقیكراوە لە شەڕی دژی داعشدا. خودی ئێرانییەكان پەی بە گرنگیی سەقامگیریی سوریا دەبەن و پشتگیریی گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە دەكەن. بۆیە پێناچێ‌ هیچ لێك تێگەیشتنێكی هاوسەنگ لەم بارەیەوە رەت بكەنەوە.

 لەسەر ئاستی ستراتیجی، روسەكان پاش ئاسایی بونەوەی دۆخی سوریا، كار بۆ دابین كردنی ئاشتی لە نێوان سوریاو ئیسرائیل دەكەن ‌و رێ‌ بە بەردەوامبونی كێشەی جۆلان نادەن، بەتایبەتی كە لە دۆخی ئێستادا روسیا نەك ئەمریكا، لە ململانێی عەرەب- ئیسرائیلدا بە ئەكتەری سەرەكی دەژمێردرێ‌. ئەوەی ئەمە دەسەلمێنێ‌ ئەوەیە كە ژمارەی سەردانەكانی بنیامین ناتانیاهۆی سەرەك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ مۆسكۆ، دوو ئەوەندەی ژمارەی سەردانەكانێتی بۆ واشنتن.
دیارە كوردی سوریا لەم رەوشەی ئێستادا پەی بە هەموو ئەم پێشهاتانە دەبەن ‌و بەدڵنیاییەوە دەتوانن بڕیارێكی راست لەم بارەیەوە بدەن.


PM:02:20:09/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1481 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی