(سەفڕا) سفر كەن!

‌شوان بەرزنجی

ماوەی چەند ساڵێكە دەسەڵاتدارانی بەغدا خاڵێكی گومرگیان لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان داناوە،هەموو ئەو كاڵایانە دووبارە گومرگ دەكەنەوە كە دەهێندرێنە هەرێمی كوردستان،یان لە كوردستانەوە دەبرێنە ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئەوەش كارێكی نایاساییە و زیانی زۆری لە بواری ئابووی و بازرگانی داوە.

لەگەڵ زۆرێك لە بازرگانان و كاسبكارانی خۆمان قسەم كردووە سكاڵای ئەو بابەتیان هەیە و جەختیان كردۆتەوە، بە دانانی گومرگی (سەفڕا) لە نێوان هەرێم و عێراقدا زیانی زۆر لە بازرگانانی كوردستان و بازاڕ دراوە و وای كردووە تێچووی كاڵاو كەلوپەلەكان زیاتر بكەوێتە سەر كۆمپانیا و  بازرگانان  هاوڵاتیان.

 ئەگەرچی چەندین  هەوهەوڵ هەبووە و هەیە گومرگەكان لەگەڵ عێراق یەك بخرێت و ئەو خاڵە گومرگیە لابدرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بێ سود بووە و هیچی لێ شین نەبووە.

ساڵانە  لە ئێرانەوە و توركیاوە بایی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار كاڵاو كەلول بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دێت، 25%ی ئەو كاڵایانەی دێت بۆ بۆ هەرێمی كوردستانە، 75%كەی تریش بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەچێت، كەواتە هەرێمی كوردستان خزمەتی زۆری بازاڕەكانی عێراقی كردوو بەڵام لەبەرامبەردا بەغدا دووبارە كاڵاكانی بازرگانانی ئێمە گومرگ دەكاتەوە وەكو ئەوەی لە نێوان دوو دەوڵەت مامەڵەی بازرگانی هەبێت.

دەبێت  بەرپرسانی  بەغدا ئەوەیان لە یاد بێت هەرێمی كوردستان بۆتە ناوەندێكی گرنگی  بازرگانی بۆ گواستنەوەی كاڵا و كەلوپەل بۆ بازاڕەكانی  عێراق، تاكە دەروازەی هاتنی كاڵا لە هەموو دونیاوە بۆ عێراق دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە لێرەوەش دەچێتە بازاڕەكانی عێراق،تەنانەت هەرێمی كوردستان چیمەنتۆ و شیشی ناوەڕاست و باشووری عێراق دابین دەكات بۆیە حەقە ئەو (سەفڕایە) سفر بكرێت و هەڵبگیرێت.

لە كامە وڵاتی فیدڕالی بووە، هەرێمێك میوە و سەوزی یان هەر بەرهەمێكی تری نیشتمانی بۆ ناوچەیەكی تری دەوڵەتەكە بنێرێت گومرگ لەسەر بەرهەمەكانی هەبێت؟!!، بە كامە دەستوور و یاسا ئەو سەرانەیە وەردەگیرێت؟!، بۆیە دەبێت لە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەولێر ئەو پرسە بە هەند وەربگیرێت و ئەو خاڵە گومرگیە نایاساییە هەڵبگیرێت، كە خزمەت بە كەس ناكات.


PM:04:12:11/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 2352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی