بۆ ؛ هێرشی وەڵامدانەوەی ئیسڕائیل لە ئانو ساتدایە

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا



  هێرشی (ئێران) بۆ سەر خاکی (ئیسرائیل) لە  (14-4-2024), لە دوو ڕوو شایەنی نرخاندنە، لەلایەک ئێران بەچەشنێکی ستراتیژیک چەکەکانی بێ کاریگەر بوون٫ ئەمەش سەرکەوتنێکی درێژ مەودایە بۆ بەرگری ئیسرائیل، لەلای دیکەوە، لە تەمەنی (دەوڵەتی ئیسرائیل)دا بۆیەکەمین جارە بەم هەموو چەکە زیرەکانە هێرشی بۆ دەکرێت و (تابۆ)ی پەلامارنەدانی ئیسرائیل دەشکێندرێت. ئەبێت دان بەوەشدا بنێین ئێران جورئەتی خۆی بۆ هەموان سەلماندو هەنگاوەکەی نا.

ئەمەش جەخت لەسەر (قورس)ایی دۆخەکە دەکاتەوە و ئیسرائیل هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە جگە لە وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە.

بۆ تێگەیشتن لە گرنگی پرسی (ئەمنی ئیسرائیل)، دەبێت لەو واقیعە بوونگەراییانە تێبگەین کە ڕووبەڕووی (جولەکە) دەبێتەوە. ئیسرائیل تەنیا دەوڵەتێکی (نەتەوەیی) نییە؛ بەڵکوو دەوڵەتێکی (ئاینی)شە بۆ گەلی جوولەکە.

 واقعە (بونگەرا)کەیان واکەوتۆتەوە هەر جۆرە شکستهێنانێک لە وەڵامدانەوەی  هێرشدا بۆسەریان چ جای هێرشی گەورەی (ئێران) ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە بۆ خاکی (ئیسرائیل)، نەک هەر (ئاسایش)ی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو هۆکارەکانی وەک نیشتمانێک بۆ گەلی جولەکەکان تێکدەدات.

وەزیری دەرەوەی (بریتانیا)٫  (ئێران)ی بەشکست خواردوو زانی و هانی (ئیسرائیلی)دا کە وشیارانە بڕیاربدەن و سەرنجیان لەسەر غەزەبێت.
 وەزیری دەرەوەی ئەڵمان پێی وایە ئیسرائیل سەرکەوتنێکی ستراتیژی بەدەست هێناوە لە پاراستنی ئاسمانەکەی و هانی دا بەوریای بجوڵێتەوە.
 ماکڕۆن لەلایەک بەمافی ئیسرائیلی دەزانی وەڵامی سنورداری بداتەوە لەگەڵ ئەوەش پێی وایە  دان بەخۆیا بگرێت باشترە.

 بانگەوازەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دانبەخۆداگرتن لە بێهەڵوێستییەوە نییە بەڵکو دانپێدانانە بە هاوسەنگی ناسکی هێز لە ناوچەکەدا، کە هەرگیز ئیسڕائیل دانی پێدا نانێت. 

ناوچەکە ناسکە یان پتەوە هیچ لە بڕیاری ئیسڕائیل ناگۆڕێت بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران، تەنانەت داواکردن لە ئیسرائیل بۆ ئەوەی خۆی لە وەڵامدانەوە بەدوور بگرێت  بەلای ئەوانەوە هاوشێوەی داواکردنێکە  کە  جولەکە سازش لەسەر بوونی خۆی بکات.
  لە دیدی ئیسرائیلییەکانەوە بە ئوپۆزسێۆن و دەسەڵاتەوە هەڕەشەی بوونگەرایی کە ئێران و نەیارانی دیکەی جولەکە دەیخەنە ڕوو، وەڵامدانەوەیەکی بەهێز و بێ چەواشەکاریی  پێویستە.

وێنای واقعی ئیسرائیل بریتیە لە  دەوڵەتێکی ئەمنی  ئامادە.  ئەمەش واقیعێکی توند و تیژە کە هەموو لایەنەکانی بوونی ئیسرائیل دەگرێتەوە.
ئیسرائیل پێش ئەوەی دەوڵەتی سیاسەت و دیپلۆماسییەت بێت، پێش ئەوەی دەوڵەتی ئابوری و هاوکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی بێت دەوڵەتی جەنگە. 

 لەم دیدەوە بیر لە وەڵامدانەوەیەکی کوشندە بۆ  هێرشی ئێران دەکەنەوەو ئەنجامدانیشی لە ئان و ساتدایە،  بەمەش پەیامێکی ڕوونی دووسەرە  بۆ جیهان دەنێرێت، پەیامێک کە  زیاتر  لە سەرکەوتنەکەی شەوی 14 ی نیسان نهێنی ئاسایشەکەیانە ، پەیامەکە ئەمەیە (ئیسرائیل هیچ هێرشێک بێ وڵام ناهێڵێتەوە).

   لە کۆتاییدا، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هەڕەشەکان، بە تایبەتی لە لایەن ئێرانەوە، تەنیا بابەتی سیاسەت نییە بەڵکو بابەتی گرنگی وجودییە. بۆ تێگەیشتن لە قورسایی دۆخەکە، پێویستە مرۆڤ لە جیۆپۆلەتیکەوە بڕوانێت و گرنگی قووڵی ئاسایش لە چوارچێوەی ئیسرائیلدا  هەڵسەنگێنێت.


AM:09:29:16/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی