مه‌ترسییه‌كانی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عیراق ده‌خاته‌ڕوو


وێستگه‌ ـ ژینۆ ئه‌حمه‌د

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان باس له‌ زیانه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2016 ی عیراق ده‌كات له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌نده‌ خه‌رجی عیراق كه‌م ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ش رێژه‌ی سه‌دا 17ی هه‌رێم كه‌مده‌بێته‌وه‌.

د. عیزه‌ت سابیر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ی راگه‌یاند: چه‌ند ماده‌و بڕگه‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عیراقدا هه‌ن مه‌ترسی گه‌وره‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌.

وتیشی: "ماده‌ی نۆ بڕگه‌ی چواری بودجه‌ی عیراق زیانی زۆره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌ڵێت چه‌ند خه‌رجی عیراق كه‌مبێته‌وه‌ به‌هه‌مان رێژه‌ش به‌شه‌ بودجه‌ی 17% ی هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م بڕگه‌یه‌ لابه‌رن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "هه‌ر له‌ ماده‌ی نۆ بڕگه‌ی پێنج ده‌ڵێت، بڕێك پاره‌ له‌ بودجه‌ی سوپا بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان ده‌كرێت، گرنگه‌ له‌ كاتی گفتوگۆدا له‌ په‌رله‌مان بڕه‌كه‌ی دیاری بكرێت كه‌ مانگانه‌ چه‌نده‌ و گرنگه‌ له‌ 100 ملیۆن دۆلار كه‌متر نه‌بێت، چونكه‌ هه‌مان بڕه‌ پاره‌ مانگانه‌ ده‌درێته‌ حه‌شدی شه‌عبی".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی شیكردنه‌وه‌كه‌یدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی وتی: "وه‌زاره‌تی نه‌وت 17 ملیار دۆلار و وه‌زاره‌تی دارایی 15 ملیار دۆلار و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چوار ملیار دۆلار ئه‌م بڕه‌ پاره‌ زۆرانه‌ گرنگه‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا داوای روونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م بڕه‌ پاره‌ زۆرانه‌ بكه‌ن، له‌ كاتێكدا له‌ ماده‌ی 26 ی بودجه‌ هاتووه‌ كه‌ وه‌زیری نه‌وت ده‌توانێت داوا له‌ وه‌زیری دارایی بكات سه‌نه‌داتی خه‌زێنه‌ تا بڕی 12 ملیار دۆلار ده‌ربكات بۆ مسته‌حه‌قاتی كۆمپانیاكانی نه‌وت له‌ عیراق".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ده‌شپرسێت: "بۆچی مووچه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ خه‌رجی سیادی بێت، له‌ كاتێكدا پێشمه‌رگه‌ كوردستان و كه‌ركویش ده‌پارێزێت به‌ڵام مووچه‌ی له‌و خه‌رجیه‌ نه‌بێت".

روونیشیكرده‌وه‌: "چۆن یه‌ك ملیار دۆلار له‌ ساڵێكدا ده‌درێته‌ حه‌شدی شه‌عبی ئاواش پێویسته‌ یه‌ك ملیار دۆلار بدرێته‌ پێشمه‌رگه‌، چونكه‌ ئه‌و رووبه‌ره‌ جوگرافیه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌یپارێزێت ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت هیچ كه‌متر نیه‌ له‌و رووبه‌ره‌ی كه‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌یپارێزێت".

د. عیزه‌ت سابیر وتی: "بۆچی خه‌رجی چاودێری عیراق سیادیه‌ و له‌ كاتێكدا له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چاودێری دارایی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سیادیه‌ با مووچه‌ و خه‌رجی چاودێری دارایی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ بینێرن".

ئه‌وه‌شی باسكرد: ئه‌گه‌ر به‌رگری و حه‌شدی شه‌عبی سیادی بێت ده‌بێت به‌ هه‌موو پێوه‌رێك خه‌رجی پێشمه‌رگه‌ش سیادی بێت، چۆن خه‌رجی خاڵه‌ سنووریه‌كان سیادیه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م خه‌رجی خاڵه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ خه‌رج بكرێت نه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم بیدات. ده‌یان خه‌رجی تر هه‌یه‌ له‌ بودجه‌ی عیراق سیادیه‌ و پێویسته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانیش خه‌رج بكرێت و كه‌سیش قسه‌ ناكات.

له‌ ئێستادا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2016 ی عیراق له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌و بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، هه‌روه‌ك تا ئێستا پشكی هه‌رێم له‌و بودجه‌یه‌ یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت وه‌فدێكی هه‌رێم بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات.

هــ. ر


PM:10:37:05/11/2015


ئه‌م بابه‌ته 8311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو