كوردێكی دیكه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق كاندید كرد

‌ د.کەمال عەزیز قەیتولی‌، کاندید بۆ سەرۆک کۆماری عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

کوردێكی فەیلی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق كاندید كردوه‌ و ده‌شڵێت جگه‌له‌ كوردانی فه‌یلی، لەلایەن هیچ پارتێکی کوردستانی و عیراقییەوە پشتیوانی ناکرێت.

پڕۆفیسۆر د.کەمال عەزیز قەیتولی‌، مامۆستای‌ کۆلێژی‌ پزیشکیی‌ زانکۆی‌ دهۆک رۆژی پێنجشەممە 20ی ئه‌یلولی 2018، لە بەغدا خۆی‌ بە پۆستی‌ سەرۆک کۆماری‌ عیراق كاندید کرد و سیڤی خۆی پێشکەشی لیژنەی یاسایی کردووە. 

کەمال عەزیز قەیتولی‌ بە لەلاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک کاندیدبونی بۆ ئەو پۆستە راگەیاندوە و دواتریش میدیاكانی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگه‌یاندوه‌: بەو پێیەی پەیوەندی لەگەڵ پارت و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق باشە، خۆی بە شایستەی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دەزانێت و وتی:" دەبێت سەرۆک کۆمار کەسێکی سەربەخۆ و شارەزابێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی، ئەوەش لە مندا هەیە".

کەمال عەزیز قەیتولی‌ وتیشی: "بەر لەوەی سیڤی خۆم پێشکێش بکەم، هەوڵمدا هاوئاهەنگی لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان بکەم و نامەم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکە نارد، بەڵام وەڵامی نامەکەیان نەدامەوە، ئێستاش تەنها کوردانی فەیلی پشتیوانیم دەکەن".

د. کەمال عەزیز لە ساڵی‌ 1954 لە شاری‌ بەغدا لەدایکبووە، ماستەر و دکتۆرای‌ لە کیمیای پزیشکی‌ لە بەریتانیا بەدەستهێناوە. پێش ساڵی‌ 2009 بۆ ماوەی‌ 4 ساڵ نوێنەری‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بووە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا.

دەربارەی‌ ئامانجەکانی، د. کەمال عەزیز دەڵێت "من هەمیشە هەوڵمداوە خزمەتی‌ گەلی‌ خۆم بکەم، لە ساڵی‌ 1991 ئەو نەهامەتییە بەسەری‌ کورددا هات، من ئەو کەسە بووم هەوڵمدا ناوچەی‌ دژەفڕین و ناوچەی‌ ئارام بۆ باشوری‌ کوردستان دروستبکرێت، ئەوەش کارێکی‌ باش بوو. ئێستاش دەمەوێت لەڕێگەی‌ ئەو پوستەوه‌ خزمەتی‌ هەموو گەلی‌ عیراق بە کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی‌ دیکەیەوە بکەم".


AM:10:03:21/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 13921 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو