‌قوباد تاڵه‌بانی: یەكێتی تەنها حزبە بتوانێت ئارامی بۆ سلێمانی و كوردستان بگەڕێنێتەوە
‌قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی لیستی یەكێتی-فۆتۆ-ئەژی عومەر

وێستگه‌ نیوزـ

له‌میانی بانگه‌شه‌ی لیستی یەكێتی له‌ شاری سلێمانی، قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی لیستکە رایگه‌یاند كه‌ "یەكێتی تەنها حزبە بتوانێت ئارامی بۆ سلێمانی و كوردستان بگەڕێنێتەوە"، لە پەیامێکی تایبەتیشدا بۆ خەڵکی سلێمانی وتی: "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە، شارێك كە مام بەڕۆح و دڵ خۆشی دەویست، شارێك كەجەستەی مامی بۆ هەتا هەتایە لەباوەش گرتبێت، هەرگیز رێگە نادەین بچێتە دەست كەسانێكەوە كەحورمەتی نەگرن. "

ئەمڕۆ 13ی ئەیلولی 2018، لە هۆڵی پێشمەرگە لەشاری سلێمانی، بانگەشەی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان به‌ڕیوه‌چوو، كاندیدەكانی بازنەی سلێمانی لیستەكە ناسێنران و دواترە قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی لیستی یەكێتی وتارێکی بەیادەوەرییەكی مام جەلال دەستپێكرد كە لەساڵی 2010دا بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتیی كرد و "وتەیەكی مێژویی پێشكەشكرد كە گوزارشت بوو لەپتەویی یەكێتی"، وتیشی: "مام رون و ئاشكرا راستییەكی وت كە بەهیچ هێزو گروپ و لایەنێك ناگۆڕدرێت: مام وتی سەفین لەبن دێ، یەكێتی لەبن نایەت."

لەدرێژەی وتارەكەییدا لەمیانی رێورەسمەكەدا لەسلێمانی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دەبێت هەموومان، هەموو كوردستان، هەر چوار پارچەكە، شانازی بكەین كەشارێكی وەك سلێمانیمان هەیە كەشارێكی فرەڕەنگ و فرەدەنگە، شارێكە ملی بۆ هیچ دوژمنێك كەچ ناكات، شارێكە ئازادی دەوێت و بەردەوام لەپێناویدا دەنگ هەڵدەبڕێ و خەباتی بۆ دەكات.
 
وتیشی: یەكێتی تەنها حزبە كەبتوانێت ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی و كوردستان، یەكێتی و سلێمانی لەناویەكدا ئاوێتەبوون، یەكێتی لەناو ئەم شارەدا رەگی داكوتاوەو شەڕی گەورەی بۆ كردوە، تاكە هێزێك لەناو دڵی ئەم شارەدابێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

لەبارەی راگرتنی پرۆژەكانی ئاوەدانییەوە لەسلێمانی، قوباد تاڵەبانی وتی: سلێمانی بۆتە قوربانی ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەش زەرەری بەئاوەدانكردنەوەو بەرەوپێشخستنی گەیاندووەو لەدەرئەنجامدا خەڵكی ئەم شارە زەرەرمەندبون، بەشێوەیەك وەبەرهێنەرانی دورخستوه‌تەوە، كاریشی كردووتە سەر رەخساندنی هەلی كار، ئەم نا ئارامییە بەهەمان شێوە كاریگەری هەیە لەسەر توانای حكومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان، كاریگەری دەروونی هەبووە لەسەر یەكە بەیەكەی فەرمانبەرە ئازیزەكانمان كەدوا جار دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانمانی لاواز كردوە.

راشیگەیاند: وەك یەكێتی بڕوامان بەلامەركەزییەتی ئیداری هەیە لە هەرێمی كوردستان. هەموو لایەكتان بینیتان كاتێك سلێمانی بەشێوەیەك لەشێوەكان و لە قۆناغێكدا، چانسی بە ‌هێزێكی تردا. ئەو ‌هێزە دەسەڵاتەكانی پارێزگاكەی بردەوە بۆ هەولێر. یەكێتی دەیەوێت ئەو دەسەڵاتانە بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی. بۆیە دەڵێین: خۆشەویستی بۆ سلێمانی بە بەڵێنی بێ كردار بەدەست نایەت، ئێوە دڵنیا بن كەیەكێتی بەڵێنەكانی دەباتە سەرو ئەو دەسەڵاتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی.

هەر لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئەم هەڵبژاردنەی بەدەرفەتێك بۆ خەڵكی سلێمانی وەسفكرد بۆ دەستنیشانكردنی ئەو بابەتانەی بەلایانەوە گرنگەو جەختیشی كردەوە كەپرۆسەكە بۆ دابیینكردنی ئارامییە بۆ خۆمان و نەوەكانمان. بۆ  هەلی كار و خۆشگوزەرانییە، وتیشی: ئێمە بەئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان هەلی كاری نوێ دابین دەكەین بۆ بێكارەكانمان، لەسەر بەڵێنەكانمانین بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوە ئابورییەكان. 

سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی پەیامێكی تایبەتیشی ئاراستەی هاوڵاتیانی سلێمانی كرد و وتی: "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە، شارێك كە مام بەڕۆح و دڵ خۆشی دەویست، شارێك كەجەستەی مامی بۆ هەتا هەتایە لەباوەش گرتبێت، هەرگیز رێگە نادەین بچێتە دەست كەسانێكەوە كە حورمەتی نەگرن. "

لەكۆتایی وتارەكەیدا، قوباد تاڵەبانی یەكێتی وتی: رۆژی دەنگدان هەموو پێكەوە دەبێت پاڵپشتی یەكتر بین، بۆ خزمەتی ئەم شارە و بۆ پێشخستنی. بۆ ئارامی، هەلی كار، خزمەت. رۆژی 30 مانگ هەموومان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان یەك دەبینینەوە و دەنگ دەدەین بە لیستی 105.




PM:10:29:13/09/2018
























ئه‌م بابه‌ته 2000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو