‌وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌ب داوا دەکەن سوپای توركیا له‌ عیراق بچێتە دەرەوە
‌مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی عیراق و تورکیا- ئەرشیف

وێستگه‌ نیوزـ

لە بڕیارێكدا سەبارەت بە وەرگرتنی هەڵوێستێكی عەرەبی یەكگرتوو لەبەرامبەر پێشێلكاریی هێزەكانی توركیا لەدژی سەروەریی عیراق، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی داوای چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیایان له‌ خاكی عیراق كرد.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2018، وه‌زیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە خولی ئاسایی كۆبونه‌وه‌ی 150ی ئەنجومەنی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە كه‌ بە سەرۆكایەتی سودان به‌ڕێوه‌چوو، بڕیارێكیان ده‌ركرد و داوایان لە حكومەتی توركیا كرد دەستبەجێ‌و بەبێ مەرجێك هێزەكانی لەناو خاكی عیراق بكێشێتەوە.

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب پێیان وابووه‌ كه‌ بونی هێزه‌كانی توركیا له‌ خاكی عیراقدا، دەستدرێژییە بۆسەر سەروەریی عیراق و هەڕەشەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب لە بڕیاره‌كه‌یاندا داوایان لە لایەنی توركی كرد بەپێی (پەیوەندی دووقۆڵی) هێزەكانی لە خاكی عیراق بكێشێتەوە، ئه‌وه‌ش لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبی ژمارە 7987 كە لە 24ی سێپتەمبەری 2015دا دەرچووە.

ئەنجومەنی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەب داواشیان لە حكومەتی توركیا كرد "دەست لە كاروباری ناوخۆی عیراق وەرنەدات‌و كۆتایی بەو كارە ئیستیفزازیانە بهێنێت كە لەوانەیە بنیاتنانی متمانە لاواز بكەن‌و هەڕەشەش لە ئاسایش‌و ئارامی ناوچەكە بكەن"، جەختیشیان لەسەر پشتیوانیكردنی حكومەتی عیراقكرده‌وه‌  لەو رێوشوێنانەی كە بەگوێرەی بنەماكانی یاسایی نێودەوڵەتی دەیانگرێتبەر بەمەبەستی كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە خاكی عیراق، ئه‌وه‌ش بۆ چەسپاندنی سەروەریی حكومەتی عیراق بەسەر هەموو ناوچەكانیدا".


PM:08:37:12/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌