‌وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق داوای‌ لێبووردن له‌ ئێران ده‌كات
‌ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌

وێستگه‌ نیوز –
له‌ كاتێكدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی‌ سوپای‌ پاسداران بۆسه‌ر شاری‌ كۆیه‌ ناكات، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق داوای‌ لێبووردن له‌ ئێران ده‌كات له‌سه‌ر سووتاندنی‌ كونسوڵخانه‌كه‌یان.

ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق له‌ لێدوانێكدا بۆ شه‌رقیه‌ نیوز، ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئێرانیان له‌ شاری‌ به‌سره‌ سووتاندا به‌ "شاز" وه‌سف كرد و وتی‌: "پێویسته‌ ئێرانییه‌كان باوه‌ڕ به‌و دروشمانه‌ نه‌كه‌ن كه‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ناڕازی‌ ده‌ێڵێن".

وتیشی‌: "هه‌ندێك كه‌سی‌ ئاژاوه‌گێڕ كه‌ ژماره‌یان كه‌مه‌، ده‌یانه‌وێت خۆپیشاندانه‌ شارستانییه‌كانی‌ عیراق تێكبده‌ن".

له‌ په‌یامێكیشدا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ "هاوڕێیانی‌ دڵسۆز و نزیك له‌ ئێران" وه‌سفی‌ كردن، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ ته‌نها بۆسه‌ر ئێوه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆسه‌ر ئێمه‌شه‌، ئه‌وه‌ كاری‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ شازه‌ كه‌ ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆیان ده‌كه‌ن".

راشیگه‌یاند كه‌ "پێمانوایه‌ ده‌ستی‌ دادگا ده‌گاته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ و ئاشكرا ده‌بێت كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ ده‌ستپاك و دڵسۆز نین، هاندراون".

دوای‌ ئه‌و لێدوانه‌ش، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق گیرا كه‌ له‌سه‌ر سووتاندنی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئێران له‌ به‌سره‌ داوای‌ لێبووردن ده‌كات، به‌ڵام  به‌رگری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكات كه‌ به‌پێی‌ ده‌ستوور به‌شێكه‌ له‌ خاكی‌ عیراق كه‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوودا له‌لایه‌ن سوپای‌ پاسدارانه‌وه‌ مووشه‌كباران كرا.

هه‌ینی رابردوو خۆپیشانده‌رانی‌ ناڕازی‌ به‌سره‌ هێرشیان كرده‌سه‌ر باره‌گا حزبی‌ و حكومییه‌كان و سووتاندیان، هاوكات كونسوڵخانه‌ی ئێرانیان سوتاند.

دواتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی كرد و رایگه‌یاند هه‌ندێك خۆپیشانده‌ر ئه‌و كاره‌یانكردوه‌ و ئه‌وه‌ش زیان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و وڵاتانی جیهان ده‌گه‌یه‌نێت.

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 2018/9/11 له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ چاودێری‌ ئیره‌ج مه‌سجدی‌ باڵیۆزی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ عیراق و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ باڵا و رۆژنامه‌نووس، بینای‌ نوێی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ شاری‌ به‌سره‌ كرایه‌وه‌.

ئیره‌ج مه‌سجدی‌ باڵیۆزی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ عیراق له‌ وته‌یه‌كدا له‌وباره‌وه‌ وتی‌: "هێرشه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردوو بۆسه‌ر بینای‌ كونسوڵخانه‌كه‌مان هه‌وڵێكی‌ دوژمنانی‌ هه‌ردوو وڵات بوو بۆ تێكدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئێران و عیراق".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و كۆماری‌ عیراق پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

ئیره‌ج مه‌سجدی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و هه‌وڵه‌ تێكده‌رانه‌ی‌ دوژمنانی‌ هه‌ردوو وڵات ده‌یده‌ن هه‌رگیز كار له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی‌ هه‌ردوو وڵات ناكات".

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌سعه‌د ئه‌لعیدانی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌ له‌ وته‌یه‌كدا وتی‌: "كردنه‌وه‌ی‌ بینانی‌ نوێی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ گشتی‌ ئێران له‌ به‌سره‌ له‌و ماوه‌ كورته‌دا ئاماژه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هێز و هاوبه‌شی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاته‌".


PM:01:30:12/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2541 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو