‌سوپای‌ پاسداران: ده‌زانین كێ‌ پلانی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌مانی‌ له‌ به‌سره‌ دانا
‌محه‌مه‌د ره‌زا یه‌زدی‌

وێستگه‌ نیوز –
سوپای‌ پاسدارانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران رایگه‌یاند كه‌ ده‌زانن كێ‌ پلانی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر كونسوڵخانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یانی‌ له‌ به‌سره‌ داناوه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ نزیكدا ورده‌كارییه‌كه‌ی‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن.

له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ‌ ئاژانسی‌ ته‌سنیم، عه‌مید محه‌مه‌د ره‌زا یه‌زدی‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ محه‌مه‌د ره‌سوله‌ڵای‌ سه‌ر به‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران وتی‌: "ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌سره‌ روویدا بێگومان هیچ كاریگه‌رییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی‌ مێژوویی و هه‌رێمی‌ هه‌ردوو گه‌لی‌ عیراق و ئێران نه‌بووه‌".

وتیشی‌: "ده‌زانین له‌ كوێ‌ پلانی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر كونسوڵخانه‌كه‌مان له‌ به‌سره‌ دانراوه‌".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی‌ سوپای‌ پاسداران ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆر نزیكدا گه‌لانی‌ ئێران و عیراق ورده‌كاری‌ رووداوه‌كه‌ ده‌زانن".

هه‌ینی رابردوو خۆپیشانده‌رانی‌ ناڕازی‌ به‌سره‌ هێرشیان كرده‌سه‌ر باره‌گا حزبی‌ و حكومییه‌كان و سووتاندیان، هاوكات كونسوڵخانه‌ی ئێرانیان سوتاند.

دواتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی كرد و رایگه‌یاند هه‌ندێك خۆپیشانده‌ر ئه‌و كاره‌یانكردوه‌ و ئه‌وه‌ش زیان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و وڵاتانی جیهان ده‌گه‌یه‌نێت.

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 2018/9/11 له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ چاودێری‌ ئیره‌ج مه‌سجدی‌ باڵیۆزی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ عیراق و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی‌ باڵا و رۆژنامه‌نووس، بینای‌ نوێی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ شاری‌ به‌سره‌ كرایه‌وه‌.

ئیره‌ج مه‌سجدی‌ باڵیۆزی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ عیراق له‌ وته‌یه‌كدا له‌وباره‌وه‌ وتی‌: "هێرشه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ رابردوو بۆسه‌ر بینای‌ كونسوڵخانه‌كه‌مان هه‌وڵێكی‌ دوژمنانی‌ هه‌ردوو وڵات بوو بۆ تێكدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئێران و عیراق".
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و كۆماری‌ عیراق پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

ئیره‌ج مه‌سجدی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و هه‌وڵه‌ تێكده‌رانه‌ی‌ دوژمنانی‌ هه‌ردوو وڵات ده‌یده‌ن هه‌رگیز كار له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی‌ هه‌ردوو وڵات ناكات".

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌سعه‌د ئه‌لعیدانی‌ پارێزگاری‌ به‌سره‌ له‌ وته‌یه‌كدا وتی‌: "كردنه‌وه‌ی‌ بینانی‌ نوێی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ گشتی‌ ئێران له‌ به‌سره‌ له‌و ماوه‌ كورته‌دا ئاماژه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هێز و هاوبه‌شی‌ نێوان هه‌ردوو وڵاته‌".


AM:11:37:12/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو