‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: به‌غدادی جڵه‌وی له‌ده‌ستداوه‌ و ده‌ستگیركردنی په‌یوه‌سته‌ به‌كاته‌وه‌
‌ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، خه‌لیفه‌ی رێكخراوی داعش

وێستگه‌ نیوزـ

وته‌بێژی فه‌رمیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا پێی وایه‌كه‌ خه‌لیفه‌كه‌ی داعش جڵه‌وی به‌سه‌ر رێكخراوه‌كه‌یدا نه‌ماوه‌ و پرسی ده‌ستگیركردنی په‌یوه‌سته‌ به‌كاته‌وه‌.

كۆلۆنێڵ شۆن رایان، وته‌بێژی فه‌رمیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ لیدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی شروق-ی چاپی میسر كه‌ له‌رێی ئیمه‌یڵه‌وه‌ كردویه‌تی، وه‌ڵامی پرسیارێكی سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نوسی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، خه‌لیفه‌ی رێكخراوی داعش داوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌: خه‌لیفه‌كه‌ی داعش تائێستا هه‌ر خۆی ده‌شارێته‌وه‌و هاوپه‌یمانیش راوه‌دوی ده‌نێن.

شۆن رایان ده‌شڵێت كه‌ سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی داعش ده‌ستبه‌رداری چه‌كداره‌كانیان بوون، به‌ڵام هێشتا شه‌ڕ له‌دژیان له‌ عیراق و سوریا كۆتایی نه‌هاتووه‌، وتیشی له‌نێوان هه‌زار و بۆ هه‌زار و 500 چه‌كداری توندڕه‌و له‌و شوێنانه‌دا ماون كه‌ هێشتا له‌ دۆڵی فورات و سوریا له‌ژێر ده‌ستی داعشدان.

وته‌بێژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانیی دژی داعش راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ بیر له‌ دانانی واده‌یه‌ك بۆ كۆتایی هاتن به‌ ئه‌ركه‌كانیان ناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو پابه‌ند ده‌بن به‌ شكستهێنان به‌ داعش، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بن كاری خۆیان بكه‌ن و بتوانن بیری توندڕه‌ویی خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌ گیانییه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌سه‌ره‌تا هه‌ڵمه‌تی دژبه‌ داعش له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌، شۆن رایان ئاشكرایكرد كه‌ له‌وكاته‌وه‌ تائێستا 17 سه‌ربازی هێزه‌كانی هاپه‌یمانان كوژراوه‌.


PM:04:25:11/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌