‌نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌بادی‌ له‌سه‌ر هه‌واڵی‌ ئابڵوقه‌دانی‌ له‌ به‌سره‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

وێستگه‌نیوز –
نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق هه‌واڵی‌ ئابڵووقه‌دانی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ هۆتێلێكی‌ به‌سره‌ به‌درۆده‌خاته‌وه‌ و داوا له‌ كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كاندا راستگۆ بن.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق راگه‌یه‌ندراوێكی‌ به‌ناوی‌ "به‌درۆخستنه‌وه‌" بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "هه‌ندێك كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ و پێگه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌واڵێكی‌ درۆ و ڤیدیۆیی دروستكراو یان كۆنیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌فدی‌ وه‌زاری‌ یاوه‌ری‌ له‌ یه‌كێك له‌ هۆتێله‌كانی‌ به‌سره‌ ئابڵوقه‌ دراون".

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌بادی‌ ده‌ڵێت: "به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌نگۆ درۆزنانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و داوا له‌ كه‌ناڵی‌ راگه‌یاندنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و شێوازه‌ سووك و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌ بن كه‌ شایسته‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن نییه‌ و راستگۆ بن له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵه‌كاندا".

ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدێكی‌ وه‌زاری‌ سه‌ردانی‌ شاری‌ به‌سره‌ی‌ كرد و ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ شاره‌كه‌ ئه‌نجامدا.

له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا دانیشتوانی‌ شاری‌ به‌سره‌ ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرد له‌ دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاریی‌ سه‌ره‌تایی، دواتر خۆپیشاندانه‌كان ته‌شه‌نه‌ی‌ سه‌ند و چه‌ندین باره‌گای‌ حزبی‌ و حكومی‌ و باره‌گانی‌ كونسوڵخانه‌ی‌ ئێران سووتێنران.


AM:12:01:11/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1677 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو