‌حه‌وت تۆمه‌تباری دۆسیه‌ی تیرۆر له‌ عیراق له‌سێداره‌دران

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی دادی عیراق جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 7 به‌ندكراو به‌ تۆمه‌تی تیرۆر راگه‌یاند.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ی ئه‌یلولی 2018 ده‌ریكردوه‌، وه‌زاره‌تی داد-ی عیراق ده‌ڵێت كه‌ له‌سێداره‌دانی ئه‌و تۆمه‌تباران دوای ته‌واوكردنی رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان و گه‌یشتنی مه‌رسومی كۆماری بووه‌ كه‌ یاسای لێبوردنی گشتی نایانگرێته‌وه‌.

ده‌شڵێت كه‌ پرۆسه‌ی لێداره‌دانی ئه‌و 7 تۆمه‌تباره‌ به‌ ره‌زامه‌ندیی داواكاری گشتی بووه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌.

هاوكات حه‌یده‌ر زاملی، وه‌زیری دادی عیراق راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌و 7 تۆمه‌تباره‌ سه‌ربه‌ رێكخراوی داعش بوون.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دادی عیراق جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ جێبه‌جێكردنی یاسا و سه‌پاندنی سزای دادپه‌روه‌رانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ تۆمه‌ته‌كه‌یان به‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه‌.

وەزارەت جەختیشی کردوەتەوە لەسەر به‌سزاگه‌یاندنی گه‌نده‌ڵكاران و به‌رده‌وامبون له‌سه‌ر پلانی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵێنی داوه‌ كه‌ "ده‌ستی هه‌موو گه‌نده‌ڵێك ببڕێت".


PM:09:41:10/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 829 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌