‌بۆ سێیه‌م رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك به‌سره‌ به‌ گه‌رمترین ناوچه‌ی جیهان هه‌ژمار كرا

وێستگه‌ نیوزـ

له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا چەند ناوچه‌یەک له‌ عیراق له‌ ریزبه‌ندی گه‌رمترین ناوچه‌ی جیهان هه‌ژمار كران و ناوچەیەکی شاری به‌سره‌ش له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌.

وێستگه‌ی بلاسیرفیلی له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا-ی ئه‌مریكا خشته‌یه‌كی بۆ گه‌رمترین ناوچه‌كانی جیهان له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوو بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ناوی 15 ناوچه‌ و ده‌وڵه‌تی تێدایه‌.

به‌گوێره‌ی خشته‌كه گه‌ڕه‌كی حسێن له‌ پارێزگای به‌سره‌ی‌ باشوری عیراق له‌ پله‌ی یه‌كه‌می خشته‌كه‌دایه‌ و پله‌ی گه‌رمی تیایدا گه‌یشتوه‌ته‌ 48 پله‌ی سه‌دی، هه‌ر له‌ خشته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌سره‌ یانزه‌یه‌م گه‌رمترین ناوچه‌ی جیهانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ تۆماركردنی 47.5  پله‌ی سه‌دی.

هه‌ر له‌ خشته‌كه‌دا ناوچه‌ی فاو له‌ به‌سره‌ پله‌ی سیانزه‌یه‌مدا هاتوه‌ و 47  پله‌ی سه‌دیی گه‌رمای تێدا تۆماركراوه‌،.

له‌ خشته‌كه‌دا دووه‌م گه‌رمترین ناوچه‌ی جیهان فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كوه‌یت بووه‌ كه‌ پله‌ی گه‌رمای 47.9 پلەی سه‌دیی تێدا تۆمار كراوه و سێیه‌م ناوچه‌ش ناوچه‌ی سوله‌یبیه‌ی كوه‌یته‌ كه‌ پله‌ی گه‌رما تیایدا گه‌یشتوه‌ته‌ 47.9 پله‌ی سه‌دی.


PM:03:35:10/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 1161 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌