‌ئێران و روسیا و توركیا به‌یاننامه‌ی كۆتایی لوتكه‌ی تارانیان بڵاوكرده‌وه‌
‌پوتن و روحانی و ئەردۆغان

وێستگه‌ نیوزـ

دوای كۆبونه‌وه‌یان له‌ تاران، حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەكۆتایی كۆبوونەوەی لوتكەی ئاشتی سوریا لە تاران به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا جەختیان له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ "تیرۆر" كرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی دوای كۆبونه‌وه‌ی سێقۆڵیی سه‌رۆكی وڵاتانی ئێران و روسیا و توركیا ده‌ركرا، سه‌ركرده‌كانی ئه‌و سێ وڵاته‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی گروپه‌ "تیرۆرستییه‌كان"ی وه‌ك داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ له‌ پێكهاته‌ و ده‌سته‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌ژمار ده‌كرێن.

به‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌ی كۆتایی لوتكه‌ی تاراندا هاتووه‌ كه‌ قه‌یرانی سوریا به‌ رێگه‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت و هه‌ر سێ وڵات گفتوگۆیان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیدا به‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كۆتایی هێنان به‌و قه‌یرانه‌ زانی.

روحانی و پوتن و ئه‌ردۆغان به‌ پێویستیان زانیوه‌ پرۆسه‌ی سیاسیی سوریا به‌ره‌و پێش به‌ره‌ن به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی له‌ سوچی و بریاری 2254ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا یه‌ك بگرێته‌وه‌.

سه‌رۆكانی هه‌ر سێ وڵات هه‌وڵه‌كانیان بۆ دابه‌شكردنی سوریا به‌بیانوی شه‌ڕی تیرۆر ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ و وتویانه‌ هه‌ر هه‌وڵێك بۆ هێنانه‌كایه‌ی روداوی نوێ به‌ بیانوی شه‌ڕی تیرۆر و ده‌ستبردن بۆ یه‌كپارچه‌یی و سه‌روه‌ریی سوریا مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یاندا، هه‌ر سێ وڵات داواشیان له‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان كردوه‌، قه‌باره‌ی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانیان بۆ سوریا زیاد بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ بواری هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری و پاراستنی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی سوریا.


PM:06:51:07/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 7397 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌