روونكردنەوەی بەرپرسێكی زانایان سەبارەت بەپێدانی پارە بە كۆمپانیاكان بۆ قوربانیكردن


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی یەكێتی زانایان هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان كە لە جەژنی قورباندا پارە نەدەنە كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی قوربانییان بۆ بكەن، چونكە بەو شێوەیە قوربانییەكە گونجاو نییە.

مەلا عەتا پێنجوێنی، جێگری سكرتێری لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، داوا لەو موسڵمانانە دەكەن كە خوای گەورە سەروەتی پێبەخشیون سامانەكانیان ببەخشن و قوربانی بكەن، بەڵام لە قوربانیكردندا رەچاوی چەند خاڵێك بكەن، یەكەم لەڕووی ژینگەییەوە ئاگایان لە كۆڵان و شوێنی گشتی بێت و ئاژەڵی تێدا سەری نەبڕن كە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، دووەمیش، لەدابەشكردنی قوربانیدا زیاتر رەچاوی ماڵە هەژارەكان بكەن.

ئەو بەرپرسەی زانایان ئاشكرایكرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین هاوڵاتیان پارەكە بدەنە كۆمپانیا بۆ ئەوەی قوربانییەكەیان بۆ بكەن، چونكە سوننەتی ئیسلام ئەوەیە ئەو كەسەی قوربانی دەكات خۆی ئاژەڵەكە سەر ببڕێت یان ئاگای لە سەربڕینەكەی بێت، راستە ئەو پارەیەی دەدرێتە كۆمپانیاكە بۆیان دەكەنە قوربانی، بەڵام لە ئاینی ئیسلامدا گونجاو نییە.

رۆژی سێشەممە 21ی ئاب یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە و وەكو نەریتێكی ئاینیش، هاوڵاتیانیش ئاژەڵ سەردەبڕن و بەكەسانی هەژار و ناسراوەكانیان دەیبەخشنەوە.

دوێنێش محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە وێستگە نیوزی راگەیاند، جەژنی قوربان بۆنەیەكی ئاینی و كۆمەڵایەتی گەورەیە بۆ نزیكبوونەوەی هاوڵاتیان و لابردنی رق و كینە كە سەرەتای ناخۆشییە، داواكاریشن لە هاوڵاتیان ئەوەی پەیوەستە بە قوربانیكردنەوە، پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن و بە بەرچاوی منداڵانەوە ئاژەڵ سەرنەدەبڕدرێن، چونكە كاریگەری دەروونی دروست دەكات.

دەستەی مافی هیواداریشە جەژنی قوربان ببێتە مایەی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە، هەروەها لایەنە سیاسییەكان بەیەكگوتاری و یەكخستنی توانایانەوە و بەیەك پاكێجەوە لە حكومەتی نوێی عیراقدا بەرگری لە مافەكانی خەڵك بكەن.



PM:01:05:19/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت