رێگای كه‌ركوك – هه‌ولێر كرایه‌وه
وێستگه نیوز -
دوای زیاتر له 300 رۆژ داخستنی به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئابی 2017ه‌وه، ئه‌مڕۆ رێگای كه‌ركوك- هه‌ولێر به‌رووی هاوڵاتیاندا كرایه‌وه و هاوڵاتیان ده‌توانن له هه‌ولێره‌وه بۆ كه‌ركوك و سلێمانی و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌و دوو پارێزگایه‌وه و له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عیراقیشه‌وه به‌و رێگایه‌دا بچنه هه‌ولێر.
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌سه‌ر پردی پردێ كردنه‌وه‌ی رێگاكه‌ی راگه‌یاند.
عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت وتی: "تاوه‌كو 25ـی مانگ ته‌نها ئۆتۆمبێلی بچووك ده‌توانێت له رێگاكه‌وه هاتووچۆ بكات".
وتیشی: "له دوای ئه‌و به‌رواره‌وه ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگریش ده‌توانێت له رێگاكه‌وه هاتووچۆ بكات".
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "به‌پێی رێكه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عیراق، ته‌نیا ئاسایش و پۆلیس له هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی فیدراڵی عیراق له بازگه‌كان ده‌بن و هیچ هێزێكی سه‌ربازیی دیكه بۆی نییه ده‌ست وه‌ربداته كاری بازگه‌كان".
روونیشیكرده‌وه كه "لای حكومه‌تی ئیتیحادی پۆلیسی ئیتیحادی سه‌رپه‌رشتیی بازگه‌كان ده‌كات و له سنووری پارێزگای هه‌ولێریشه‌وه ته‌نیا پۆلیس و ئاسایشی هه‌ولێر سه‌رپه‌رشتی بازگه‌كان ده‌كه‌ن".
پێشتر هونه‌ر نوری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێگه‌وبانی هه‌ولێر رایگه‌یاند كه "تێچووی كردنه‌وه‌ی رێگه‌كه 220 ملیۆن دینار بووه و وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و سندوقی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی له‌و پرسه‌دا هاوكاربوون".
بۆ چاككردنه‌وه‌ی ته‌واوی پرده‌كه‌وه و كۆنكرێتكردنی وه‌ك پێشووتر، پرده‌كه 750 ملیۆن دیناری پێویسته و حكومه‌تی عیراق و سندوقی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و هه‌رێمی كوردستانیش هاوكارده‌بێت تا له ماوه‌ی كه‌متر له هه‌شت مانگدا چاك بكرێته‌وه.
AM:09:43:19/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 1676
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت