ئه‌مڕۆ به‌ ره‌سمی رێگای كه‌ركوك- هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌

‌ ‌رێگای پردێ

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای 306 رۆژ داخستنی‌ به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2018، رێگه‌ی (پردی پردێ) له‌ نێوان هه‌ولێر و كه‌ركوك به‌ ره‌سمی بكرێته‌وه‌.

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ كاتژمێر 10ی سه‌ر له‌به‌یانی پردی نێوان ئه‌و دوو شاره‌ به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومی هه‌رێم و به‌غدا به‌ڕوی هاوڵاتیاندا ده‌كرێته‌وه‌.

دوێنێش وه‌فدێك له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق سه‌ردانی پرده‌كه‌ی پردێ-یان كردووه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ راكان سه‌عید  جبوری پارێزگاری كه‌ركوكدا كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریاندا به‌ دانانی دوو خاڵی گومرگی.

خاڵه‌ گومرگییه‌كان له‌ نێوان رێگای هه‌ولێر- كه‌ركوك و كه‌ركوك-سلێمانی ده‌بێت هه‌ر كاڵایه‌كی هاتوو و رۆیشتوو به‌ بڕی سه‌دا 5 گومرگ ده‌كرێت، له‌و بڕه‌ش سه‌دا 1ی‌ بۆ پارێزگای كه‌ركوكه‌ و سه‌دا 4ی‌ بۆ حكومه‌تی به‌غدایه‌.

هونه‌ر نووری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێگه‌وبانی هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ "تێچووی كردنه‌وه‌ی رێگه‌كه‌ 220 ملیۆن دینار بووه‌ و وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و سندوقی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی له‌و پرسه‌دا هاوكاربوون".

بۆ چاككردنه‌وه‌ی ته‌واوی پرده‌كه‌وه‌ و كۆنكرێتكردنی وه‌ك پێشووتر، پرده‌كه‌ 750 ملیۆن دیناری پێویسته‌ و حكومه‌تی عیراق  و سندوقی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و هه‌رێمی كوردستانیش هاوكارده‌بێت تا له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ هه‌شت مانگدا چاك بكرێته‌وه‌.

هاوكات بازگه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و حكومه‌تی عیراق كه‌ له‌ نزیك پردێ‌ دانراوه‌ و كاره‌كانی ته‌واوبووه‌، به‌جۆرێكه‌ بازگه‌ی چوون بۆ كه‌ركوك به‌ده‌ست پۆلیسی فیدراڵی و بازگه‌ی  هاتن بۆ هه‌ولێریش له‌ده‌ست پۆلیس و ئاسیشی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

‌له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ و به‌هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی لایه‌كی پرده‌كه‌ی ناحیه‌ی پردێ، هاتوچۆكردن به‌سه‌ر ڕێگای كه‌ركوك-هه‌ولێردا ناكرێت، شۆفێرانیش ناچارن رێگایه‌كی دوورتر ببڕن تا بگه‌ن به‌ هه‌ولێر كه‌ به‌هۆی خراپی ئه‌و رێگایانه‌وه رۆژانه‌ رووداوی هاتوچۆ رووده‌ده‌ن.


AM:08:30:19/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت