به‌وێنه‌.. به‌خاكسپاردنی ته‌رمی زه‌كی شه‌نگالی له‌ ناوچه‌ی سه‌رده‌شتی شه‌نگال

‌مەراسیمی بەخاکسپاردنی زەکی شەنگالی

وێستگه‌ نیوزـ

درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 18ی ئابی 2018،  تەرمی زەکی شەنگالی، ئەندامی کوردۆناسیۆنی کۆمەڵگای ئێزدی، کە لە هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا له‌ 15ی ئاب بۆ سەر شەنگال شەهیدببوو، لە مەزارگەی دلبەش و شەهید بەرخۆدان-ی ناوچەی سەردەشتی شەنگال بەخاکسپێردرا.

به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی رۆژنیوز، کەسوکار و خانەوادەی زەکی شەنگال و سەدان کەس لە کامپی پەنابەرانی مەخمور و باشوری کوردستان و هەزاران کەسی ئێزدیی بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردوه‌.

لە مەراسیمەکەدا، چەندین پۆستەر و وێنەی مام زەکی و ئاڵای یەبەشە و یەژەشە هەڵکرابوون، دروشمەکانی "شەهید نامرێ"، "ئەی شەهید خوێنی تۆ لە زەوی نامێنێ" و "زەکی نامرێ" بەرزکرایەوە.

هاوكات مانۆڕێكی سەربازییش لەلایەن شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشەوە ئەنجامدرا و دواتر زەردەشت شەنگالی، یەکێک لە فەرماندەکانی ‌هێزەکانی یەبەشە وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕاوی سەرەخۆشیکردن لە گەلی کورد و خانەوادەی زەکی شەنگالی، وتی: مام زەکی لە ئەنجامی هێرشێکی ترسنۆکانەدا شەهیدبوو، مانگی ئاب بۆ ئێمە مانگی کۆمەڵکوژییەکانە، لەبەر ئەوەش لەمانگێکی وەهادا مام زەکییان کردە ئامانج، مام زەکی کۆڵەکە و سیمبولی کۆمەڵگای ئێزدی بوو، دوژمنان ویستیان لە کەسایەتیی مام زەکیدا هەموو کۆمەڵگای ئێزدی لەناوببەن.

ئەو فەرماندەیەی یەبەشە بەڵێنێشی دووپاتکردەوە، کە هەتا خەونەکانی مام زەکی پێکنەهێنن، دەست لە تێکۆشان بەرنەدەن، وتیشی: بست بە بست و کۆڵان بۆ کۆڵان شەڕ بۆ پاراستنی کۆمەڵگای ئێزدی دەکەین، ئەمڕۆ تاکە ڕێگای ئێمە بەرخۆدانە، جگە لە بەرخۆدان هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە.

پاشان هاوسەری زەکی شەنگالی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: با دەوڵەتی تورک باش بزانێت، ئێمە هیچ کاتێک هەنگاو بۆ دواوە نانێین، هیچکاتێک دەست لە خاک و پرسی خۆمان بەرنادەین، بە شەهیدکردن ناتوانن چاوترسێنمان بکەن.

لەکۆتاییشدا، فارد حەربۆ، هاوسەرۆکی گشتیی بەڕێوبەریی شەنگال وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ئێمە وەک گەلی شەنگال خوێنی مام زەکی لە زەوی ناهێڵین، با دوژمن باش بزانێت کە بە شەهیدکردنی ئەو ناتوانێت ئێمە لەیەکتر دابڕێنێت، ئێمە خەونەکانی زەکی شەنگالی لە شەنگالی خۆبەڕێوەبەردا پێکدەهێنین.

بڕیاریشه‌ سبەینێ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2018، لە ناوچەی سەردەشتی چیای شەنگال، پرسە بۆ زەکی شەنگالی دابنرێت.

رۆژی 15ی ئابی 2018، ئیسماعیل ئوزده‌ن، ناسراو به‌ مام زه‌كی شنگالی، ئه‌ندامی كۆردیناسیۆنی جڤاكی ئێزدی، كاتژمێر 4ی پاشنیوه‌ڕۆ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ رێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژیی گوندی كۆچۆ، كرایه‌ ئامانجی هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا و له‌ ئه‌نجامدا شه‌هید بوو.

زه‌كی‌ شنگالی‌ له‌دایكبووی‌ 1952ی‌ شاری‌ باتمانی‌ باكوری‌ كوردستانه‌ و له‌ ریزه‌كانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستاندا چه‌ندین به‌رپرسیارێتی‌ هه‌بووه‌.

ساتی گەیشتنی خانەوادەی زەکی شەنگالی


PM:10:20:18/08/2018






























ئه‌م بابه‌ته 6584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو