سبه‌ینێ رێگای كه‌ركوك-هه‌ولێر به‌ فه‌رمی ده‌كرێته‌وه‌

‌رێگای پردێ

وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2018، رێگەی (پردی پردێ) لە نێوان هەولێر و کەرکوک بە فەرمی بکرێتەوە، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی 306 رۆژه‌  ئه‌و رێگایه‌ به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئابی 2017ه‌وه‌ داخرابوو.

پردی نێوان ئه‌و دوو شاره‌ سبەینێ کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی بە ئامادەبونی ژمارەیەک بەرپرسی حکومی لە حکومەتی هەرێم و بەغدا بەڕوی هاوڵاتیاندا ده‌كرێته‌وه‌، هەر ئەمڕۆش وەفدێک لە وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەردانی پردەکەی پردێ-یان کردووە و دواتر لەگەڵ ڕاکان سەعید  جبوری پارێزگاری کەرکوکدا کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە بە دانانی دوو خاڵی گومرگی.

خاڵە گومرگییەکان لە نێوان ڕێگای هەولێر- کەرکوک و کەرکوک-سلێمانی دەبێت بۆ هەر کاڵایەکی هاتوو و ڕۆیشتوو به‌ بڕی 5% گومرگ دەکرێت، لەو بڕەش 1% بۆ پارێزگای کەرکوکە و 4% بۆ حکومەتی بەغدایە.

هونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانی هەولێر رایگه‌یاندوه‌: "تێچووی کردنەوەی رێگەکە 220 ملیۆن دینار بووە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عیراق و سندوقی قەرزی نێودەوڵەتی لەو پرسەدا هاوکاربوون".

بۆ چاککردنەوەی تەواوی پردەکەوە و کۆنکرێتکردنی وەک پێشووتر، پرده‌كه‌ 750 ملیۆن دیناری پێویستە و حکومەتی عیراق  و سندوقی قەرزی نێودەوڵەتی هه‌ماهه‌نگ دەبن و هەرێمی کوردستانیش هاوکاردەبێت تا له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ هه‌شت مانگدا چاك بكرێته‌وه‌.

هاوکات بازگە هاوبەشەكەی نێوان هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی عیراق كە لە نزیك پردێ‌ دانراوە و كارەكانی تەواوبووە، بەجۆرێکە بازگەی چوون بۆ کەرکوک بەدەست پۆلیسی فیدراڵی و بازگەی  هاتن بۆ هەولێریش لەدەست پۆلیس و ئاسیشی هەرێمی کوردستان دەبێت. 

‌لەدوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە و بەهۆی تەقاندنەوەی لایەکی پردەکەی ناحیەی پردێ، هاتوچۆکردن بەسەر ڕێگای کەرکوک-هەولێردا ناکرێت، شۆفێرانیش ناچارن رێگایەکی دوورتر ببڕن تا بگەن بە هەولێر کە بەهۆی خراپی ئەو ڕێگایانەوه ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆ ڕوودەدەن.

لە ماوەی ڕابردووشدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاری کردنەوەی ڕێگاکەی دەرکرد و بۆ لابردنی ئەو ساترە گڵە و کردنەوەی ڕێگای گشتی کەرکوک–هەولێر.


PM:06:38:18/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت