نەوەی نوێ به‌ 50 كاندیده‌وه‌ داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، هیچ هێزێك ناتوانێت (56+1) واتە نیوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بباتەوە و پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەدەست بێنێت، بەڵام ئەگەر بوونە هێزی یەكەم ئەو پۆستە بۆ ئەوان دەبێت.

دوای راگەیاندنی ناوی كاندیدانی لیستی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان كە 50 كاندیدن و دواتریش ئەو جوڵانەوەیە رایانگەیاند كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەیان كاندیدە بۆ سەرۆك وەزیران، لەنێو سۆشیاڵ میدیا ئەو پرسیارە دەكرێت لە كاتێكدا ئەوان 55 كاندیدیان هەیە و ئەو پۆستەش پێویستی بە 57 كورسییە، چۆن داوای ئەو پۆستە دەكەن؟

ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئەو جوڵانەوەیە لە لێدوانێكدا بۆ وێستگە نیوز رایگەیاند، ئەگەر ئەوان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان ببنە هێزی یەكەم ئەوا پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوان دەبێت.

ناوبراو وتی "بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ژمارەی كورسییەكان نابنە كێشە، چونكە هێزی یەكەم ناتوانێت (56+1) بێنێت، بۆ نموونە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئێستا ئەو پۆستەی لایە لە هەڵبژاردنی 2013دا 38 كورسی هێناوە".

ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ وتیشی "ئەگەر لە هەڵبژاردندا هێزی یەكەم بین ئەوكاتە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش دەكەین بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێ، بەڵام نابینە شاگردی هیچ لایەنێك".

كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان 111 كورسییە و بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیش، دەبێت لەنێو هۆڵی پەرلەماندا ئەو كەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت (نیوە+1) واتە 57 كورسی بۆ خۆی مسۆگەر بكات.


PM:05:41:18/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت